سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی سەنتەری میترۆی كرد




میترۆ، سلێمانی
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتەكانی سەنتەری میترۆ سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بە گرنگ وەسفكردو و داوای كرد بەردەوام بن لە چاودێریكردنی هەردوو یاسای مافی دەسكەتنی زانیاری و یاسای كاری رۆژنامەنوسی.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، د. یوسف محمد صادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئۆفیسی سەنتەری میترۆی سەنتەری كردو لە لایەن كۆمەڵێك رۆژنامەنوس پێشوازی گەرمی لێكرا.

لەو دیدارەدا هەر یەك لە ئاسۆس هەردی سەرۆكی دامەزراوەی ئاوێنە، دانا ئەسعد بەڕێوەبەری ئەكادیمیای ئەڵمانی لە عێراق، ئاڵا لەتیف سەرنوسەری گۆڤاری ژن، كاژاو جەمال نوێنەری رێكخراوی IMS ، سیروان غریب سەرنوسەری وێستگە نیوز، و بەڕێوەبەر و ئەندامانی سەنتەری میترۆ، ئامادەی بوون، جەخت لەسەر گرنگی خەبات بۆ فروانكردنی ئازادییەكان بە گشتی و ئازادی رۆژنامەنوسی كرایەووە.

سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ خۆشحاڵی بە سەردانەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و لە كۆبنەوەكەدا رایگەیاند بەڕێز یوسف محمد صادق وەك ئەندامێكی خێزانی رۆژنامەوانی سەربەخۆ تەماشا دەكەین، پشتیوانی ئەو بۆ ئازادی میدیا و پەرۆشی بۆ دەستبەركردنی ژینگەی لەبار بۆ كاری رۆژنامەنوسان جێگەی شانازییە وتی " سەرۆكی پەرلەمان لە هەموو وێستگەكانی كارو چالاكی سه‌نتەرەكەمان پشتیوانی مەعنەویمان بووە و هاندەری هەڵوێستە باشەكانمان بووە بۆ داكۆكی لە ئازادی میدیا".

لەو دیدارەدا د. یوسف محمد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند راپۆرتەكانی سەنتەری میترۆ سەبارەت بە چاودێری رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان گرنگەو هیوای سەركەتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم وتی " چاودێریكردنی هەردوو یاسای مافی دەسكەتنی زانیاری و یاسای كاری رۆژنامەنوسی و خستنە رووی بەربەستەكان گرنگن بۆ دەسبەركردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ كاری رۆژنامەنوسی"، جەختیكردەوە " پشتیوانی لە كارەكانتان دەكەم بە ئامانجی كۆتایی هێنان بە یاساشكێنی و كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەرباز بوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دەكرێت".
 
 
 

 
 
 
 
 
 
 

 
 

 
 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 



PM:02:49:27/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌