میترۆ، سلێمانی
بهڕێوهبهری گشتی كهناڵێ ئێن ئاڕتی نامهیهك ئاڕاستهی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرهكهی و داواكاری گشتی دهكات رایدهگهیهنێت: ئەمڕۆش دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار جارێکی تر یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی پێشێلکردەوەو ماوەی دەستبەسەرکردنی پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تی درێژکردەوە.
ئاوات علی بهڕێوهبهری گشتی كهناڵی ئێن ئاڕتی له نامهیهكیدا كه ئاڕاستهی لایهنه پهیوهندیدارهكان و رای گشتی كردووه دهڵێت: ماوەی سێ ڕۆژە ئارام بەختیار پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و فەرمانەکانی حکومەتی هەرێم دەستگیرکراوەو فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئێمە وەک بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی دەرچووە لەسەر ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەسەر کەیسی ئەو هاوڵاتییەی شیر و دایبی دزیبوو و دواتر سزادرابوو.
له بهشێكی دیكهی نامهكهدا ئاماژه بهوهدهكات كه، ئەوەی کە لە ئێستا دا من ناتوانم بچم بۆ گەرمیان لەبەر ئەم هۆکارەیە، دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر هەمان کەیسی شیر و دایبییەکە بەتەلەفۆن لە لایەن بنەماڵەیەکی چەکداری گەرمیانەوە هەڕەشەی مل پەڕاندنم لێکرا لەسەر ئەوەی لە راپۆرتێکدا ناویان هاتبوو، ئایا گەر من بچمە گەرمیان کێ گیانم دەپارێزێت لەکاتێکدا ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێکردووم ئازادانە دەسوڕێنەوەو دەسەڵاتدار و چەکدارن لەو ناوچەیە.
دهقی نامهكه
بۆ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ
بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بۆ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بۆ داواکاری گشتی
ماوەی سێ ڕۆژە ئارام بەختیار پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و فەرمانەکانی حکومەتی هەرێم دەستگیرکراوەو فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئێمە وەک بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی دەرچووە لەسەر ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەسەر کەیسی ئەو هاوڵاتییەی شیر و دایبی دزیبوو و دواتر سزادرابوو، ئەمڕۆش (٢٤-٠٥-٢٠١٧) دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار جارێکی تر یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی پێشێلکردەوەو ماوەی دەستبەسەرکردنی پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تی درێژکردەوە و داوای ئامادەکردنی ئێمەش دەکات لەبەردەم دادگا و دەستگیرکردنمان وەک مەرجی ئازادکردنی پەیامنێرەکە.
من هەمیشە ئامادەم بچمە بەردەم دادگا و لەسەر چەندین کەیسی تر کە زۆربەشیان لە بەرژەوەندی ئێمە کۆتایی هاتووە چوومەتە بەردەم دادوەر. بەڕێوەبەر و کارمەندانی بنکەکانی پۆلیس لە سلێمانی شاهیدی ئەوەن کە لە بری ناردنی وەرەقەی بانگێشتکردنی دادگا و فەرمانی دەستگیرکردن بە تەلەفۆنێک لەبەردەم ئەفسەری لێکۆڵینەوەو دادوەر ئامادەبوون.
بەڵام ئەوەی کە لە ئێستا دا من ناتوانم بچم بۆ گەرمیان لەبەر ئەم هۆکارەیە، دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر هەمان کەیسی شیر و دایبییەکە بەتەلەفۆن لە لایەن بنەماڵەیەکی چەکداری گەرمیانەوە هەڕەشەی مل پەڕاندنم لێکرا لەسەر ئەوەی لە راپۆرتێکدا ناویان هاتبوو، ئایا گەر من بچمە گەرمیان کێ گیانم دەپارێزێت لەکاتێکدا ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێکردووم ئازادانە دەسوڕێنەوەو دەسەڵاتدار و چەکدارن لەو ناوچەیە.
ئایا دادوەرەکە گەرەنتی پاراستنی گیانی من دەکات؟ ئایا کێ بەرپرسیار دەبێت گەر شتێک ڕوویدا؟
شکاتکاری کەیسەکە دادوەر ئەکرەم جەلیلە، کە دادگا و دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت و دەیەوێت گرفت و کێشە بۆ ئێن ئاڕ تی و کارمەندانی دروستبکات، چونکە چەندین کەناڵی تر کاری لەسەر کەیسی شیر و دایبییەکە کردبوو بەڵام لەبەرئەوەی ئێن ئاڕ تی تەنها کەناڵی بێ لایەنە بۆیە تەنها بە ئێن ئاڕ تی یەوە گرتویەتی و شکاتی لە کەسی تر نەکردووە.
داواکارین سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسان لە ئاست ئەم پێشێلکارییە زەق و ئاشکرایانە بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی پەیامنێرەکەمان و ڕێگەگرتن لە بەلاڕێدا بردنی کەیسەکە.
ئاوات عەلی
بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی
٢٤-٥-٢٠١٧