‌ئاری هه‌رسین داوای ئازادكردنی په‌یامنێره‌كه‌ی ئێن ئاڕ تی له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كات



میترۆ، سلێمانی‌ 

ئاری هەرسین پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی داوا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم دەکات توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئازادکردنی پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تی كه‌ ماوه‌ی چوار رۆژه‌ له‌ زیندانه‌.

ئاری هەرسین، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی، لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و ستافی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کردووە، ئیدانەی دەستبەسەرکردنی ئارام بەختیار پەیامنیری ئێن ئاڕ تی کردووە.

ئەوەشی وتووە: "یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی دیموکراسی لە کۆمەڵگەکاندا، مسۆگەرکردنی ئازادی راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆیە بە یاسا، خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 ەوە بە دەرکردنی یاسای رۆژنامەگەری لە پەڕلەمانی کوردستان ئەم ئالیاتە رێکخراوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەدا کێشە ھەیە، دوا نموونەی زیندوی ئەم کێشەیەش دەستگیرکردنی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کاک ئارام بەختیارە".

ئاری هەرسین راشیگەیاندووە: "داوا لە بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر دەکەم کە ھەموو توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئازادکردنی ئارام بەختیارو مامەڵە لەگەڵ کردنی بە پێی قانوونی رۆژنامەگەری عورفی موتەبیع".

ماوەی چوار رۆژە ئارام بەختیار، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری بەبێ گوێدانە یاساکانی کاری رۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوە، لەسەر راپۆرتێک لەبارەی هاوڵاتییەکەوە شیر و دایبی دزیوە و دواتر ئەو هاوڵاتییە سزادراوە، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تیش لەسەر هەمان بابەت دەرچووە.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ کاتژمێر 11 سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسانی كوردستان رایگەیاند، لەژێر ناوی "رووماڵكردنی هەواڵی دادگاكان تاوان نییە" گردبوونەوەیەک بۆ پشتگیری پەیامنێرە دەستبەسەرکراوەکەی ئێن ئاڕ تی بەڕێوەدەبات.

 ئاشکرایکردووە، گردبوونەوەکە لەبەردەم کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.


NRT


AM:09:33:25/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌