میترۆ، سلێمانی
بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی ڕایدهگهیهنێت، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەڕێگەی پارێزەرەکانمانەوە داوای ئازادکردنی ئارام بەختیار دەکەین و دواتریش داوای گواستنەوەی کەیسەکەم دەکەین بۆ سلێمانی"
ئەمڕۆ لە بەردەم کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی گردبوونەوەیەک بۆ پشتگیری کەناڵەکە و ئازادکردنی ئارام بەختیار پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری لهلایهن سهنتهری میترۆ بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامهنووسان ئەنجامدرا و تیایدا داوا کرا بە زوویی ئازادبکرێت.
لەو گردبوونهوهیهدا ئاوات عەلی بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی وتی "ناتوانم بچمە گەرمیان چونکە هەڕەشەی ملپەڕاندم لێکراوە و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووش لەڕێگەی پارێزەرەکانمانەوە داوای ئازادکردنی ئارام بەختیار دەکەین، دواتر داوای گواستنەوەی کەیسەکەم دەکەین بۆ سلێمانی".
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک کەیسەکەم گوازرایەوە بۆ سلێمانی ئەوا ئامادەم بچمه هەر بنکەیەکی پۆلیس بێت و لەوێ وتەی خۆم دهدهم.
ڕاشیگەیاند "ئێمە ملکەچی یاساین و ئامادەین بچینە بەردەم دادگا و وتەی خۆمان بدەین".
بهڕێوهبهری كهناڵی ئێن ئاڕتی ئهوهشی خستهڕوو، دەستبەسەرکردنی ئارام بەختیار لەدرێژەی ئەو پێشێلکارییانەیە کە بەرامبەر ئێن ئاڕ تی دەکرێن و ڕاشیگەیاند، ماوەی ساڵێکە ئێن ئاڕ تی ناتوانێت بچێتە بەرەکانی جەنگی پێشمەرگە و دەسەڵاتدارانی حکومەتیش ڕێگەی نادەن بچێتە بۆنەکانی حکومەتەوە و بایکۆتیان کردووە.
ماوەی چوار ڕۆژە (ئارام بەختیار) پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری بەبێ گوێدانە یاساکانی کاری ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوە، لەسەر ڕاپۆرتێک لەبارەی هاوڵاتییەکەوە شیر و دایبی دزیوە و دواتر ئەو هاوڵاتییە سزادراوە، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تیش لەسەر هەمان بابەت دەرچووە.