کۆمیتەی‌ پاراستنی‌ ڕۆژنامەنووسان: پێویستە دەسەڵاتدارانی‌ هەرێم واز لە هەڕەشە و دەستگیرکردنی‌ ڕۆژنامەنوسان بهێنن



میترۆ
کۆمیتەی‌ پاراستنی‌ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە پێویستە دەسەڵاتدارانی‌ کوردستان وازبهێنن لە دەستگیرکردن و هەوڵدان بۆ هەڕەشەکردن لە میدیا لەبەرامبەر ئەو کارانەی‌ ئەنجامی‌ دەدەن.

 لەبارەی‌ دەستگیرکردنی‌ ئارام بەختیار ڕۆژنامەنووسی‌ ئێن ئاڕ تی‌، شەریف مەنسور، ڕێکخەری‌ پڕۆگرامی‌ ڕێکخراوەکە لە ڕۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست داوای‌ ئازادکردنی‌ ئارام بەختیاری‌ کردووە و داوا دەکات کە ئازادی‌ بدرێت بە ئێن ئاڕ تی‌ بۆئەوەی‌ کار لەسەر ئەو قەیرانە بکات کە بەهۆی‌ بڕینی‌ مووچەی‌ هاووڵاتیانەوە دروست بووە.

کۆمیتەی‌ پاراستنی‌ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە، ئێن ئاڕ تی‌ کەناڵێکی‌ سەربەخۆیە لە هەرێمی‌ کوردستان و سەرەڕای‌ دەستگیرکردنی‌ ئارام بەختیار، دادگایەکی‌ هەرێم بڕیاری‌ دەستگیرکردنی‌ بۆ ئاوات عەلی‌، بەڕێوەبەری‌ ئەو کەناڵەش دەرکردووە.

کۆمیتەی‌ پاراستنی‌ ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ڕێکخراوێکی‌ سەربەخۆی‌ ئەمریکییە کە بنکەی‌ سەرەکی‌ لە نیویۆرکە و پشتیوانی‌ لە ئازادی‌ ڕۆژنامەگەری‌ و بەرگری‌ لە مافی‌ ڕۆژنامەنووسان دەکات.

ماوەی چوار ڕۆژە (ئارام بەختیار) پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری بەبێ گوێدانە یاساکانی کاری ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوە، لەسەر ڕاپۆرتێک لەبارەی هاوڵاتییەکەوە شیر و دایبی دزیوە و دواتر ئەو هاوڵاتییە سزادراوە، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تیش لەسەر هەمان بابەت دەرچووە.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسانی كوردستان ڕایگەیاند، لەژێر ناوی "روماڵكردنی هەواڵی دادگاكان تاوان نییە" گردبوونەوەیەک بۆ پشتگیری پەیامنێرە دەستبەسەرکراوەکەی ئێن ئاڕ تی بەڕێوەدەبات.

سەنتەرەکە ئاشکرایکردووە، گردبوونەوەکە لەبەردەم کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

NRT


PM:01:28:25/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌