دایکی بەختیار حەداد: داوام لە کوڕەکەم کرد نەچێتە موسڵ



میترۆ، هه‌ولێر 
لە هەولێر پرسەی بەختیار حەداد، رۆژنامەڤان و وەرگێڕ، کە لە شەڕی موسڵ گیانی لەدەستدا، بەڕێوەچوو. دایکی بەختیار بۆ رووداو دەڵێت، داوای لە کوڕەکەی کردووە نەچێتە موسڵ.

رۆژی دووشەممە 19-6-2017 بەختیار عەبدوڵڵا حەداد لەگەڵ تیمێکی‌ رۆژنامەڤانی‌ فەرەنسی‌ لەکاتی‌ رووماڵی ئۆپەراسیۆنه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی‌ موسڵی‌ كۆن بەهۆی‌ تەقینەوەی‌ بۆمبێکی‌ چێندراو لە تەمەن 41 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

لە هەمان تەقینەوەدا دوو رۆژنامەڤانە فەرەنسییەکە بریندار بوون، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەی ستیڤان ڤیلنۆڤی، یەکێک لە رۆژنامەڤانە فەرەنسییەکان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەش لە بەشی چاودێری چڕە.

کاوە عەبدوڵڵا، برای بەختیار دەڵێت، داعش بەختیار و تیمە فەرەنسییەکەی بە قەناس کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی پەنا ببەنەبەر خانوویەکی نزیکی خۆیان، کە هەر داعش خۆی بۆمبڕێژی کردبوو، بەو هۆیەوە بۆمبەکە پێیاندا تەقیوەتەوە.

بەختیار ماوەی 13 ساڵە کاری وەرگێڕی بۆ ئەو رۆژنامەڤانانە دەکات کە لە فەرەنساوە دێنە هەرێمی کوردستان، بەهۆی پیشەکەیەوە دووجاری دیکە لە شەڕدا بریندار بووە.

دایکی بەختیار باسی ئەو رۆژە دەکات کە کوڕەکەی پێیگوتووە دەچێتە موسڵ، ئەو گوتی "تەلەفۆنی بۆ هات گوتی دەچمە موسڵ، منیش گوتم مەچۆ چونکە ئەمڕۆ دڵم نایەت تۆ بڕۆی، هەتا خوشکەکەشی گوتی خەونم بینیوە و حەزناکەم بچیت".

کونسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بەشداری پرسەی بەختیار حەدادی کرد. ئەو خوێنی شەهید شیفا و هاوپیشەکانی لە "بزوێنەری ئازادی و گەیاندنی زانیاری بۆ جیهان" ناودەبات.

دۆمینیک ماس، کونسوڵی فەرەنسا گوتی "بەناوی کونسوڵخانە، باڵیۆزخانە و خەڵکی فەرەنسا هاوخەمی خۆم بۆ گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووس بەختیار حەداد دەردەبڕم. هەروەها بۆ بنەماڵەی رۆژنامەنووس ستێڤان ڤیلنۆڤی. بەهیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ خاتوو رۆبێرت کە ئێستا لە بەشی چاودێری چڕە. دەمەوێ پێتان بڵێم لە دڵەوە لەگەڵ رۆژنامەنووساندام، بۆ بەختیار و بۆ شیفا گەردی کە لەپێناو گەیاندنی زانیاری گیانی خۆیان سپارد، بەڕاستی رۆژنامەڤانان ئەرکێکی زۆر سەختیان هەیە".

نزیکەی 650 دەزگای راگەیاندن و چوار هەزار رۆژنامەڤان و میدیاکاری نێوخۆیی و جیهانی لە شەڕی موسڵ بەشداربوون ، تاوەکو ئێستا هەشت رۆژنامەڤان گیانیان لەدەستداوە و دەیانیش بریندار بوون.

رووداو 


AM:11:43:21/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌