سه‌نته‌ری‌ میترۆ داوای‌ رونكردنه‌وه‌ له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كات



میترۆ، سلێمانی‌ 
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان رایده‌گه‌یه‌نێت، شەوی رابردوو رۆژنامەنووس سەرتیپ جەوھەر  ئەندامی دەستەی نوسەرانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ ئاگاداریكردوون بە هۆی بڵاوكردنەوەی بابەتێكی بیروڕا، هێزێك بەناوی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵیان و برایەكیان بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كردوە.


شەوی رابردوو رۆژنامەنوس سەرتیپ جەوھەر ئەندامی دەستەی نوسەرانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ ئاگاداریكردین بە هۆی بڵاوكردنەوەی بابەتێكی بیروڕا، هێزێك بە بەناوی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵیان و برایەكیان بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كردوە.

سەرتیپ بە سەنتەری میترۆی راگەیاند لەسەر بابەتێك كە لە سایتی لڤین بڵاوكراوەتە چەند كەسێك هەم لە رێگەی دیداری راستەوخۆ هەم بە پەیوەندی تەلەفونی داوایان لێكردوە، سەبارەت بەو نوسینە سەردانی نوسینگەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات وتی" من ئامادەنەبوم رونكردنەوە بدەم لەسەر ئەو نوسینە بەڵام ئەوەندەی نەبرد مەفرەزەیەكیان هەڵیانكوتایە ماڵی خۆم و دایكم كە ماڵەكانمان لە گەڕەكی نەورۆز نزیكن لە یەكتر من لەوێ نەبوم رێناسی برامیان لەگەڵ خۆیان برد". جەختیشكردەوە " بە داخەوە دكتۆرێكی بەشی راگەیاندنی زانكۆی صلاح الدین چاوساغیان بوو" ( ناوی لە سەنتەری میترۆ پارێزراوە)

رێناس جەوھەر برای سەرتیپ بۆ سەنتەری میترۆ باسی لە هەڵسوكەوتی ئەو هێزە كرد كە كەسانی ناسراوی نوسینگەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی تیابوەو لە سێ لاندكرۆزی مۆدێل بەرزی جام رەش پێكهاتوون، وتی" بەشەق دەرگای ژوریان دەكردەوە منیشیان بە زەبری هێز بردە ناو سەیارەكیان و تا شەقامی سی مەتری ماڵی جێگری یەكەمی یەكێتی نەوەستان".

میترۆ پێی وایە كەیسی سەرتیپ جەوھەر و هەڵكوتانە سەر ماڵی و هەرەشەلێكردنی تا بیروڕای بگۆڕێت كەیسێكی ناوخۆی یەكێتی نییە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی و میدیاكان بڵاوكرانەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، لەكاتێكدا بە توندی سەركۆنەی هەموو زەبروزەنگێك دەكات لە بەرامبەر كەیسەكانی بڵاوكردنەوەو بیروڕای جیاواز ئەنجامدەدەرێت، داواش لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات رونكردنەوە بۆ رای گشتی بدەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

میترۆ لە ساڵەكانی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015، 2016 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە
سەنتەری میترۆ
23ی حوزەیرانی 2017



AM:09:59:24/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌