سەرۆکی پەرلەمان: ئازادی ڕۆژنامەنوسی پەیوەستە بەئازادی کۆمەڵگەوە



میترۆ، سلێمانی‌ 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێیوایه‌، ئازادی ڕۆژنامەنوسی پەیوەستە بەئازادی کۆمەڵگەوە، تا لەکۆمەڵگەدا ئازادی فەراهەم نەبێ، مەحاڵە باسی ئازادی لایەنەکانی تر بکرێت. به‌بۆچونی‌ ئه‌و، مەحاڵە ئەم بارودۆخە چاک ببێت، تا گۆڕانکاریی لەکۆی سیستەمی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتیدا نه‌کرێت.
 
ئه‌مرۆ دو شەممە، 43 رێكخراوو چالاكوان‌و رۆژنامەنوس لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان گردبونەوەو یاداشتێكیان لەسەر مافەكانی مرۆڤ‌و ئازادی رادەربڕین پێشكەش بەپەرلەمانی كوردستان كردو دواتر له‌گه‌ڵ د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوە.
 
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا د. یوسف محه‌مه‌د ڕایگه‌یاند، "ڕۆژانە لەهەرێمی کوردستان هەواڵی لێدان‌و فڕاندنی ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکوانی مەدەنی لەسەر ڕەخنەو ناڕەزایی دەبیستین، مەحاڵە ئەم بارودۆخە چاک ببێت، تا گۆڕانکاریی لەکۆی سیستەمی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتیدا نه‌کەین، چونکە ئازادی ڕۆژنامەنوسی، پەیوەستە بەئازادی کۆمەڵگەوە، تا لەکۆمەڵگەدا ئازادی فەراهەم نەبێ، مەحاڵە باسی ئازادی لایەنەکانی تر بکرێت.”
 
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان داوایکرد چالاکوانان‌و ڕۆژنامەنوسان بەچاوێکی تیژەوە چاودێری حیزب‌و دەزگاکانی حکومەت بکەن، لەکوێدا کەموکورتیان بینی فشارەکانی خۆیان بەرێگەی مەدەنی زیاتر بکەن بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە.

ئاوێنه‌ 


PM:07:14:17/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌