دەستپاكی هەرێم: لێكۆڵینەوە لە 378 كەیسی گەندەڵی دەكرێت






میترۆ
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت " لێكۆڵینەوە لە 378 كەیسی گەندەڵی دەكرێت". 

ئەمڕۆ (چوارشەممە) لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئامارەكانی داوا هەواڵدەرییەكان‌و داوای سزایی‌و زانیارییەكانی بڵاوكردەوە.

لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم وتی "كۆی گشتی داوا هەواڵدەرییەكان لەساڵانی پێشوەوە هەتا 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ 183 داوایە، كۆی گشتی داوا سزاییەكانیش 195 داوایە، هەروەها زانیارییەكانیش 92 داوایە".

د.ئەحمەد ئەنوەر جەغتی لەسەر ئەوە كردەوە كە لەكۆی ئەو ژمارەیە،لەهەولێر 101 داوای هەواڵدەری و 94 داوای سزایی، هەروەها لەسلێمانی 31 داوای هەواڵدەری و 85 داوای سزایی، هەروەها لەپارێزگای دهۆك 51 داوای هەواڵدەری‌و 16 داوای سزایی بونی هەبوە.

لەبارەی كۆی گشتی كەیسەكانی گەندەڵیش، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم وتی " كۆی گشتی كەیسەكانی گەندەڵی 378 كەیسە و لیكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت".

جەغتیشی كردەوە " لەم شەش مانگەدا لەپارێزگای هەولێر 15 كەیس رەوانەی دادگای تایبەتمەند كراون‌و هەروەها 9 كەیسی تر لەدادگا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".

د.ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوە كرد" ئەمساڵ لەسلێمانی تائێستا سێ كەیس رەوانەی دادگای تایبەتمەند كراوە”.
وتیشی "لەسلێمانی لەئێستادا 15 كەیس لەژێر لێكۆڵینەوەدان".

جەغتیشی كردەوە" لەپارێزگای دهۆكیش یەك كەیس رەوانەی دادگا كراوە‌و لەئێستادا 24 كەیس لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".

ئاوێنە


PM:03:46:19/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌