ڕەخنەگرتن لە وەرگێڕان





وەرگێڕانی: بنار باقی

لە ڕاستیدا هەڵەیە ئەگەر ڕەخنەی وەرگێڕان، لە دۆزینەوەی یەک-دوو وشە، کە بە حەرفی وەرگێڕدراون، کورت بکەینەوە و پێمان وا بێت شتێکی گرینگمان کەشف کردووە. ڕەخنەی وەرگێڕان دەبێت زۆر لەمە زیاتر بێت. فریدریش شلاییرماخەر، کە لە یەکەمین تیۆرزانەکانی بواری شێوازەکانی وەرگێڕانە، لە سەدەی نۆزدەیەمدا پێی وا بوو کە وەرگێڕانی ״دەقیق״ بوونی نییە. (چونکە تەنانەت یەک وشە لە زمانێکدا، لەگەڵ وشەیەک لە زمانێکی تردا، هاوتا نییە.) پاشانیش گوتە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت: (وەرگێڕ یان دەبێت نووسەرەکە ببات بۆ لای خوێنەر، یان خوێنەرەکە ببات بۆ لای نووسەر.) ویلهێلم فەن هۆبۆڵتیش- وەک زۆرێکی تر- پێی وایە کە وەرگێڕانی کامڵی ئەدەبی، مومکین نییە.

لە نێوان تازەکانیشدا، لە مەڕ ״ڕەخنەی وەرگێڕان״ و کارێک کە ڕەخنەگر دەبێت بیکات، خراپ نییە ئاماژە بە پێوەرەکانی پیتەر نیۆمارک بکەین.

یەک: هەڵسەنگاندن و ئەنالیزەکردنێکی کورت لە تێکستی ئەسڵییەوە، هاوپێچی ئاماژەدان بە ئامانجی نووسەر و جۆر و گرووپی بەردەنگی تێکست.

دوو: خوێندنەوەی دەقی وەرگێڕدراو لە دیدی وەرگێڕەوە. (مەبەستی نیۆمارک درکی سیاسەتی وەرگێڕە لە وەرگێڕاندا.)

سێ: نیۆمارک ئاماژە بە ״ڕۆحی شێوازی وەرگێڕان״دەکات. واتا ڕەخنەگر دەبێت بە پۆلێنبەندیی ئەو توخمانەی کە دەبێت لە دەقێکی وەرگێڕدراودا هەبن، وشە، دەستەواژە، پێکهاتە، ڕستەبەندی و هیتر- هەڵیبسەنگێنێت کە وەرگێڕ بۆچی ئەم شێوازەی لەبەر چاو گرتووە.

چوار: داوەریکردن لەو بارەیەوە کە ئایا ئامانجی تێکست لە دەقی وەرگێڕدراودا پارێزراوە؟ دەقی وەرگێڕدراو تا چەندێک لە ڕەسەنێتیی تێکستە ئەسڵییەکەوە نزیکە؟

پێنج: نیۆمارک دەیەوێت وەرگێڕ بڵێت، تێکستی وەرگێڕدراو تا چ ئەندازەیەک بۆ ڕووبەری ئەدەبیاتی زمانی مەبەست (ئەو زمانەی کە تێکستەکەی بۆ وەرگێڕدراوە) سوودبەخش و کاریگەرە؟ ئایا هەر بۆ نموونە، کتێبێک کە خەریکین وەری دەگێڕین، تا چەندێک بۆ ئەدەبیاتی خۆمان کەڵکی دەبێت؟

کەواتە هەڵەیە ئەگەر ڕەخنەی وەرگێڕان تەنیا پشت بە دۆزینەوەی هەڵەی وشەیی ببەستێت. ئەگەرچییش دووبارەکردنەوەی هەڵەکان و وەلکردنی وشە و هاوواتانەدۆزینەوەی دروست و گونجاو، نیشاندەری بێ‌سەرنجی و نەخوێندەواریی وەرگێڕە.


ئاژانس 



PM:03:52:19/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌