نزیكەی هەزار رۆژنامەنووسی یەكێتی مووچەی 14 مانگیان وەرنەگرتووە
PM:04:27:09/08/2017
میترۆ، سلێمانی‌ 
كادیرێكی پێشكەوتووی ڕاگەیاندنی یەكێتی ئاشكرایدەكات نزیكەی هەزار ڕۆژنامەنوسی یەكێتی موچەی 14 مانگیان وەرنەگرتووە.

كادیرێكی پێشكەوتووی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "سپی" ڕاگەیاند "رۆژنامەنووسانی سێ كەناڵی ئاسمانی و ١٦ رادیۆ و ١١ تەلەفزیۆنی لۆكاڵ و ماڵپەڕی ناوەندی یەكێتی و كوردستانی نوێ و ژمارەیەكی میدیای تری ئەو حیزبە كە لەژێر سەرپەرشتی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندندان مووچەی 14 مانگیان وەرنەگرتووە، دوا مووچەشیان كە مووچەی مانگی سێ بووە لە مانگی شەش وەرگیراوە."

ئەو كادیرە زیاتر ڕوونی كردەوە و وتی " ساڵی 2014 مووچەی دوو مانگیان نەدا، لە ساڵی 2015 مووچەی سێ مانگیان نەدا، لە ساڵی 2016 مووچەی پێنج مانگیان نەدا، لە 2017 یەكێتی لە ماوەی ئەم هەشت مانگەدا تەنیا سێ مووچەی داوە، واتە بە كۆی گشتی لە ماوەی  سێ ساڵ و هەشت مانگدا، مووچەی چواردە مانگ فەوتاوە".

بەپێی زانیارییەكانی سپی مووچەی ئەو رۆژنامەنووسانەی سەر بە راگەیاندنی ناوەندین، كە مووچە وەردەگرن، مووچەی تەواو وەردەگرن و هیچی لێ پاشەكەوت ناكرێت.

لەلایەكی ترەوە هەردوو كەناڵی كوردسات و رادیۆی كوردسات و ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ١٠% مووچەشیان لێدەبڕدرێت، بەڵام مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن.