میترۆ ئیدانه‌ی‌ شكاندنی مەزارگەی سەردەشت عوسمان ده‌كات



میترۆ، سلێمانی‌ 
دوای ئەوەی شەوی‌ رابردوو بەشدار عوسمان، برای‌ سەردەشت عوسمان بە وێستگە نیوزی‌ راگەیاند، كەوا ئەمڕۆ زانیویانە كێلی‌ گۆڕی‌ براكەیان شێوێندراوەو پێشبینی‌ دەكەن لەنێوان ئەمڕۆو دوێنێ ئەوكارە روویدا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش وابڕیارە ئەمڕۆ لەدژی‌ شێواندنی‌ كێلی‌ گۆڕی‌ رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، پاشنیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ لەسەر گۆڕەكەی‌، گردبوونەوەیەكی‌ ناڕەزایی‌ بەڕێوەبچێت.

لای خۆیەوە سەنتەری میترۆ لەبەرامبەر روودانی ئەم كارە هاتە دەنگ و رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەرەكە لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا بۆ وێستگە نیوز دواو ئاماژەی بەوەدا " بیستنی ئەو هەواڵە وەك چۆن خانەوادەكەی و هاوڕێكانی برینداركرد،ئەوا هەمووشمانی برینداركرد، ئێمە وەكو سەنتەری میترۆ بەتووندی ئیدانەی ئەو كارە نامرۆڤانەیە دەكەین، لەبەر هەستیاری بابەتەكە داوا لە پارێزگاری هەولێر دەكەین، كە لێكۆڵینەوەی جدی لەو بابەتە بكرێت.

رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ راشیگەیاند، هەرچەندە سەردەشت عوسمان لەكاتی ژیانیدا و لەكاتی تیرۆركردنیشیدا، دەزگا ئەمنییەكان و دادگاكان مافی خۆیان بەتەواوەتی نەدایە لە لێكۆڵینەوەكردن و ئاشكراكردنی تاوانبارانی تیرۆركردنەكەی، هاوكات ئەوانەی سەردەشتیان تیرۆركرد دەربازیان بوو، وەك چۆن بۆ رۆژنامەنووسەكانی تریش كە تیرۆركران دەربازیان بوو، لەبەرئەوە ئێمە سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو كارە داوای لێكۆڵینەوەی وورد و جدی دەكەین، لێكۆڵینەوەیەك بێت كە ئەو كەسانەی دەستدرێژیانكردۆتە سەر مەزارگەی شەهید سەردەشت عوسمان، بدرێنە دادگا و ئاشكرا بكرێن.

رێكخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەنجامدانی ئەو كارە نامرۆڤانەیە لەكاتێكدایە، كە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە بارودخێكی هەستیار و ناسكدا تێدەپەڕێت، لەبەرئەوە رەنگە لەملاولا بیانەوێت هەندێك رووداو دروستبكەن.

رەحمان غەریب جەختیشیكردەوە، ئەوان وەك سنتەری میترۆ هیچ لایەك تۆمەتبار ناكەن، بەڵام دەزگاكانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هەرێمی كوردستان، هەروەها خودی پارێزگای هەولێر، ئەگەر جدی بن لەوەی بیانەوێ‌ ئەو كەسانە بدۆزنەوە، بێگومان هیوادارم كە جدی بن و بیانەوێت ئەو دەستە رەشانە بدۆزنەوە.

پێویستە بوترێت سەردەشت عوسمان لەتەمەنی‌ 23 ساڵیداو لە رۆژی‌ 4ی‌ ئایاری‌ 2010 لەبەردەم كۆلێژەكەی‌ خۆی لەشاری‌ هەولێر لەلایەن چەند كەسێكەوە رفێندراو دوای‌ چەند رۆژێك تەرمەكەی‌ لەشاری‌ موسڵ دۆزرایەوە، سەردەشت خوێندكاری‌ دوا قۆناغی‌ بەشی‌ ئینگلیزی‌ بوو لە كۆلێژی‌ ئەدەبیات لە زانكۆی‌ سەڵاحەدین.



PM:02:58:10/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌