‌میترۆ: ئەگەر هێرشبەرانی مەلا سامان بۆی دەرباز بن، واتە شەرعییەت بە تاوان دەدەین



میترۆ، سلێمانی‌ 
رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، لە كەیسی هێرشكردنە سەر مەلا سامان ئەگەر لێكۆڵینەوەی جددی لەو رووداوە نەكرێت و بكەرانی بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكرێن، ئەوا دەسەڵات شەرعییەت دەدات بە لێدان و سوكایەتی بەو كەسانەی رای جیاوازیان هەیە.

رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان وایلێهاتووە لە كاتی پێشێلكاری بە كرێكار، پزیشك یان مامۆستا، شوفێری تەكسی یان رۆژنامەنوس تەنها سەندیكا و یەكێتییەكانی ئەو توێژانە دێنە دەنگ.

ناوبراو وتی" ئەو هێرشەی كرایە سەر مامۆستا سامان هێرشە بۆ سەر ئازادی رادەبڕین"، جەختیشی كردەوە "دەبێت هەمووان پشتیوانی یەكتر بین لەكاتێكدا پێشێلكاری بەرامبەر مامۆستایەكی ئاینی، هاوڵاتییەكی ئاسایی بێ یان دكتۆر، یان پارێزەرێك داكۆكیكارێكی مافەكانی مرۆڤ، یا ئەندازیار بێت".

رێكخەری سەنتەری میترۆ وتیشی "ئەو هێرشە هێرشێكی وەحشیگەرانەیە و دەبێت بەری لێبگرین"، ئاشكراشیكرد "ئەگەر لێكۆڵینەوەی جددی لەو روداوە نەكرێت و بكەرانی ئاشكرا نەكرێن بۆ رایگشتی، ئەوا دەسەڵات شەرعییەت دەدات بە لێدان و سوكایەتی بەو كەسانەی رای جیاوازیان هەیە".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 18ی ئابی 2017، مەلا سامان سەنگاوی‌ بە ماڵپەری ئێن ئاڕ تی وت: "لەبەردەم دەرگای‌ مزگەوتدا لە چەمچەماڵ لەلایەن ژمارەیەك كەسەوە هێرشكرایە سەرم و برینداریان كردم."

ناوبراو وتیشی "پێنج گەنجی چەكدار لە ئۆتۆمبێلێكی بی ئێم دەبلیوەوە كە رەنگی رەش بووە، دابەزیون بۆی و لێیان داوە".

مەلا سامان وتیشی "بەردەوام دەبم لە هەڵوێستەكانم و داواش لە مامۆستایانی ئاینی دەكەم كە لە سوكایەتیكردن پێمان بێدەنگ نەبن".

هێرشكردنە مەلا سامان سەنگاوی لە كاتێكدایە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ئەو مامۆستا ئاینییە پشتگیریی‌ خۆی‌ بۆ جوڵانەوەی‌ (نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا) دەربڕی‌.



AM:10:00:19/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌