میترۆ: بە ئەركی خۆمانی‌ دەزانین چاودێری ئازادی رۆژنامەنوسی و ئازادی رادەبڕین بكەین




میترۆ، سلێمانی‌ 

سه‌نته‌ری‌ متیرۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان رایده‌گه‌یه‌نێت"بە ئەركی سەرشانی خۆمانی‌ دەزانین چاودێری ئازادی رۆژنامەنوسی و ئازادی رادەبڕین بكەین".  


پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مرۆ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌مه‌به‌ستی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕین لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە رای جیاواز  سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بە هاوكاری رێكخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی IMS و به‌ئاماده‌بوونی‌ چه‌ند رێكخراوێك و رۆژنامه‌نووسان و په‌رله‌مانتار گردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ناڕه‌زایه‌تیان ئه‌نجامدا. 


دیاری‌ محمه‌د جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌ وتارێكی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌دا رایگه‌یاند، بە ئەركی سەرشانی خۆمانی‌ دەزانین چاودێری ئازادی رۆژنامەنوسی و ئازادی رادەبڕین بكەین بە پاڵپشتی و خەمخۆرانی مافەكانی مرۆڤ، هەڵوێست دەربڕین و راپۆرتی وەرزی و ساڵانەش لەسەر رەوشی ئەو ئازادیانە بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌. 
 

 لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژەشی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌، هێرش و پەلاماری رۆژانی رابردووی هەرێمی كوردستان، وەك هێرشكردنە سەر پەرلەمانتاران لە سلێمانی و شەقڵاوە و هێرشكردنە سەر مەلای ئاینی و چالاكوانان لە چەمچەماڵ و سەید سادق، چەند دیمەنێكی سەردەمی ململانێكانی ریفراندۆمن، كە بەبڕوای سەنتەری میترۆ دەبێت لەهەموو قۆناغەكانیتر پانتاییەكانی گفتوگۆی فراوانتر و پرنسیپەكانی رێزگرتن لەجیاوازی زیاتر فەراهەم بكرێت.

دیاری‌ محمه‌د له‌ كۆتایی‌ راگەیەندراوەكەی‌ میترۆ دا، داوا لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتییەكەی دەكات، پشتیوانیان بن لەكۆتایهێنان بەتوندتیژی لەسەر بیروڕای جیاواز، هاوكات پێكەوە فشاری زیاتر بكەن بۆ قوڵكردنەوەی فرەیی و رێزگرتن لەجیاوازی كە زامنی ئاشتی كۆمەڵایەتین.


دواتر ئەردەلان فاتیح، نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان یاداشتێکی خوێندەوە و تێیدا ڕایگەیاند: تیرۆر و تۆقاندن و لێدان و زیندانیکردن، سەرەڕای ئەوەی کاری ڕژێمە داپلۆسێنەرەکانە، لە هەمان کاتدا هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان و میدیای سەربەخۆ، بەمەبەستی دەستەمۆ کردنیان و بەکارهێنانیان لە بەرژەوەندی تایبەتیدا.


 د.شێرکۆ حەمه‌ ئه‌مین ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش وتارێکی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەم پێشێلکارییانەی ئەم دواییانەش، ئەلقەیەکە لەو زنجیرەیەی کە لە ڕابردوودا هەم لە داخستنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هەروها ڕێگریکردن لە پەرلەمانتاران و ڕێگریکردن لە جولەی سیاسی و چالاکی مەدەنی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە تایبەتی لە هەولێری پایتەخت.


دواتر بەشداربووانی گردبوونەوەکە  له‌لایه‌ن د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی و فه‌خره‌دین قادر سكرتێری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا و یادێشتێکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.




PM:12:45:21/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌