سەنتەری میترۆ: میدیاكان ئازادبكەن لە ڕووماڵكردنی مەراسیمەكەی بەرەی بەڵێ لە سلێمانی



میترۆ، سلێمانی‌ 

سەنتەر میترۆ داوادەکات لە ئەنجومەنی‌ باڵای ریفراندۆمی هەرێم میدیاكان ئازادبكەن لە ڕووماڵكردنی مەراسیمەكەی بەرەی بەڵێ لە سلێمانی.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "داوا لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكەین، وەك هەر چالاكییەكی گشتی، میدیاكان ئازادبكەن لە ڕوماڵكردنی ئاهەنگەکەی‌ بەرەی‌ بەڵێ لە یاریگای سلێمانی".

سەنتەری میترۆ ڕاشیگەیاندووە "بە پێی یاسای رۆژنامەگەری هەرێم رۆژنامەنوسان ئازادن لە روماڵكردنی چالاكی گشتی، هەر مامەڵەیەكی پێچەوانەی ئەم بڕگەیە بێت، پێشێلكردنی یاسایە".

ئەوەشی تیادا هاتووە "سەنتەری میترۆ داوا لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات، مامەڵەیەكی ئاسایی و یاسایی لەگەڵ میدیاكاندا بكرێت و چالاكی مەلعەبەكەی سلێمانی وەك هەر چالاكییەكی گشتی تەماشابكەن، میدیاكان ئازادبكەن لە روماڵكردنی".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ بارزانی بۆ کەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم سەردانی سلێمانی بکات و لە یاریگای سلێمانی وتارێک پێشکەش بکات، ئەوەش یەکەم سەردانی بارزانییە لە ساڵی ٢٠١١وە بۆ سلێمانی.
هاوکات ئەگەری هەیە پێش وتارەکە لەگەڵ ئەدهەم بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و چەند بەرپرسێکی دیکەی پارتیدا کۆببێتەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆیە لە ناوەراستی ئابی ساڵی ٢٠٠٩  لە شاری سلێمانی لەلایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌ و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.


PM:04:27:20/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌