سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان سوپاسی‌ میدیاكارانی كوردستانی گەورە و ئەدمینەكانیان ده‌كات
PM:12:49:09/10/2017

 میترۆ، سلێمانی‌ 
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان سوپاس و پێزانینی‌ میدیاكارانی‌ كوردستان ده‌كات و راگه‌یده‌گه‌یه‌نێت: میدیاكاران كارێكیان ئەنجامدا كە میدیای كوردیان بە نیشتمانی نواندو دیاردەیەكیان خوڵقاند كە بەیەك دەنگ و یەك رەنگ بۆ یەكەم جار لە باشوورو پارچەكانی تری كوردستاندا هەموو كوردو میدیای بینراو بیستراو خوێنراو ئەلەكترۆنی و پەیج و ئەكاونتەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانمان بە حوزن و ماتەمێكی لەدڵەوە هەڵقوڵاوەوە مەرگی گەورەیی سەرۆكێكی كاریزمایان بە گوێی جیهاندا گەیاند.

كاروان ئه‌نوه‌ر سكرتێری‌ لقی‌ سلێمانی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان له‌ سوپاس نامه‌كه‌شدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌، بەو رووماڵەی كە ئێوە بە ویقارو ئیحترامو گەورەییەوە نواندتان توانیمان كەمێك پاداشتی چاكەی تیۆرەكانی بواری رۆژنامەنووسی بدەینەوە. 

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ سوپاس نامه‌كه‌یه‌كه‌: 


سڵاوی رۆژنامەنووسیتان لێ بێت

میدیاكارانی كوردستانی گەورە.. ماندوو نەبن و شەونخوونیتان وەفادار بوو

بەناوی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە، ئەو لقەی شەرەفی ئەوەمان پێبەخشرا كە مام جەلالی هەمیشە زیندوو ئەندامی كاراو فەخری مان بێت، لە قووڵایی دڵمانەوە ماندوو بوونو شەونخوونی و ئازایەتی و نیشتمانیتان لەگلێنەی چاوماندا هەڵدەگرین و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو رووماڵە یەكگیرو نیشتمانییەی كە ئەنجامتان دا لە روماڵكردنی گەڕاندنەوەو مەراسیمی پاسەوانی شەرەف و بەخاك سپاردن و پرسەی سەرۆك مام جەلال نواندتان.

بەراستی كارێكتان ئەنجامدا كە میدیای كوردیتان بە نیشتمانی نواندو دیاردەیەكتان خوڵقاند كە بەیەك دەنگ و یەك رەنگ بۆ یەكەم جار لە باشوورو پارچەكانی تری كوردستاندا هەموو كوردو میدیای بینراو بیستراو خوێنراو ئەلەكترۆنی و پەیج و ئەكاونتەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانمان بە حوزن و ماتەمێكی لەدڵەوە هەڵقوڵاوەوە مەرگی گەورەیی سەرۆكێكی كاریزماتان بە گوێی جیهاندا گەیاند..

هاوكارانمان.. هاوپیشە دڵسۆزەكانمان

مام جەلال مامی رۆژنامەنووسان بوو.. بەرگریكاری سەرسەخت و پارێزەری مافەكانی ئێمەی رۆژنامەنووسان بوو، خاوەنی تیۆری (وشە بە وشە وەڵام بدەنەوە) بوو، مامی رۆژنامەنووسمان قەڵای ئازادیی و پارێزەرو مافپەروەرو دیپلۆمات و سەرۆك و نووسەرو رۆژنامەنووسێكی گەورەمان بوو كە مەرگ لێی شاردینەوە.. مام جەلال خزمەتێكی گەورەی ئێمەی كوردو سەرجەم مرۆڤایەتی كرد، لەسەر دەستی مامی رۆژنامەنووسمان سیاسەتی ئاشتی و برایەتی و ئازادی وتن و ئازادی رەخنە گرتن بوون بە نەریت، بیرۆكەی نان و ئازادی بۆ نووسەرو رۆژنامەنووسانی كردە مانیفێستی كاری داهاتوومان، مامی هەموو رۆژنامەنووسان بوو بە بێ جیاوازی، چادرو پارێزەری مافەكانی قەڵەم بەدەستەكان بوو.. بەم سەفەرە یەكجارییەی میدیای كوردی و رۆژنامەنووسانی كوردستان كۆڵەكەیەكی گەورەو پشت و پەنایەكی لەبن نەهاتوومان لەدەست دا..

بەڵام بەو رووماڵەی كە ئێوە بە ویقارو ئیحترامو گەورەییەوە نواندتان توانیمان كەمێك پاداشتی چاكەی تیۆرەكانی بواری رۆژنامەنووسی بدەینەوە، بەو ماندووبوونەتان وەك پەیامنێرو كامێرامان و بەشی هەواڵ و سكرێپت و تەكنیك و SNJ و مۆنتێرەكان وئیداریەكان و بێژەرە هەست ناسكەكان كە بەچاوی پڕفرمێسكەوە بە ئەدەبەوە لەحزوری مامی خۆتاندا هەواڵی مەرگی ئەو كەڵە پیاوەتان راگەیاند، ئەوەتان سەلماند كە كورد میللەتێكی زیندوە، بەم نزیكانە مافی چارەی خۆی دەنووسێت، چونكە رێز لە سەركردەو كەڵە پیاوو رۆژنامەنووسەكانی خۆی دەگرێت..

مەرگی شێری قەڵەم و بەوری ئازادیی، سیاسەتمەدارانی كۆكردەوەو هەندێكیانی ئاشت كردەوە، میدیای كوردیشمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان یەكیگرتەوە، فرمێسكی رشت، ویقارو رێزی نواند، گەورەی كردین، ئەمڕۆش میدیا گەورەتربوو..

 بریا ئەو یەك وتارییە ببوایە بە نەریتی لەمەودوامان.. چونكە مەرگی بەكەسەری مامی گەورەمان ئێمەو وەرگرەكانمانی ئاشت كردەوە..

جارێكی تر سوپاس بۆ ئەو وەفاو ئەمەكداریەی بۆ مامی خۆتان نواندتان..

انا لله وانا الیه راجعون

كاروان ئەنوەر

سكرتێری لقی سلێمانی

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان