رۆژنامه‌نووسان هه‌ڵمه‌تی‌ "منیش كاندید نیم" يان لة تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌ستی‌ پێكرد




میترۆ، سلێمانی‌ 
ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك هه‌ڵمه‌تی‌ (منیش- كاندید-نیم له‌سه‌ر هیچ لیستێك) ده‌ست پێكردووه‌. 


كارزان تاریق په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ باس له‌ دروستبوونی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌كات و به‌ میترۆی‌ وت" دویَنێ‌ بەیانی‌ ویستم ویَنەیەکی‌ خۆم دابنیَم، بەڵام بیرم لەوە کردەوە وتم لەوانەیە ئیَستا هاورێیه‌کانم بڵیَن کاندیدە". 

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌روو كه‌" بەپیَی‌ ئەو زانیاریانەی‌ هەمە بەشیَکی‌ زۆر لە بێژەرو پێشکەشکارانی‌ کەناڵەکان خۆیان ئامادەکردوە بۆ ئەم خولەی‌ پەرلەمان کاندید بن بۆیە نوسیم (تێبینی‌ من لەسەر هیچ لیستێک کاندید نیم)". 

كارزان باس له‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌ی‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌م كرد کاردانەوەی‌ رۆژنامەنوسانی‌ دەزگاکانی‌ راگەیاندنی‌ لیَکەوتەوەو هەریەکەو لای‌ خۆیەوە بۆ ئەوەی‌ هاوریَیه‌کانی‌ دڵنیا بکاتەوە کاندید نیە پۆستیان کردو بوە هەڵمەتیَک لەنێو راگەیاندنکاران بۆ ئەوەی‌ بزانرێت کێ‌ کاندیدەو کێش نیە. 

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌" کاندید بون کارێکی‌ خراپ نیە بەڵام ئیَمە ئەوە پیشان دەدەین كه‌ لەپیشەکەی‌ خۆمان دەمیَنینەوە". 


هاوكات علی‌ عومه‌ر په‌یامنێری‌ ده‌زگای‌ دوارۆژ بۆ میترۆ وتی‌: ئەم هه‌ڵمه‌ته‌ وەک توانجێکە بۆ زۆری کاندیدە بێژەر  و پێشکەشکارەکان كه‌ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماده‌كردووه‌.

وتیشی‌: ده‌مه‌وێت له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌نووس و پێشكه‌شكاره‌ كاندیده‌كان رابگه‌یه‌نم كه‌ ئێمه‌ له‌ پیشه‌كه‌ی‌ خۆمان ده‌مێنینه‌وه‌. 


ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پێشكه‌شكار و راگه‌یاندنكاری‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاند له‌سه‌ر لیستی‌ جیاواز خۆیان كاندید كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان. 




PM:02:20:15/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌