پۆلیسی هەولێر بۆ ئێن ئاڕ تی: ئێوە خۆتان حەز دەکەن هێرش بکرێتە سەرتان





میترۆ، هه‌ولێر
عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی سەر نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر، بە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وت "ئێوە خۆتا حەز دەکەن هێرش بکرێتە سەرتان".

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، پێدەچێت ئێن ئاڕ تی حەز بکات هێرش بکرێتەسەری و دەڵێت، ئەگەر ئێن ئاڕ تی ستۆدیۆکەی‌ هەولێر چاکناکاتەوە، ئەوە خۆی‌ چاکیدەکاتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیدا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر نوسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تی عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتی، ئامادەن لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن، بەڵام پێدەچێت ئێن ئاڕ تی حەز بکات شتەکان تێکبچێت و خەڵک بچێتە سەری.

وتیشی، پێویستە ئێن ئاڕ تی ئەو ڕوداوانە بکاتە شتێکی ئاسایی و نوسینگەکەی چاک بکاتەوە، ئەگەرنا ئەو دەچێت ستۆدیۆی ئێن ئاڕ تی چاک دەکاتەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا ئێن ئاڕ تی سکاڵای تۆمار نەکردووە تا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بکات و دەڵێت، ئێن ئاڕ تی سیاسەت دەکات نەک کاری میدیایی.

پێشتر ئێن ئاڕ تی چەند جارێک لەسەر ئەو هێرش و پەلامارانەی کە ڕوبەڕوی بووەتەوە لای پۆلیس سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام هیچکام لە سکاڵاکان ئەنجامیان نەبووە ، بۆیە ئەمجارە ئێن ئاڕ تی تەنها لە دادگا سکاڵای تۆمار کردووە بۆ خەمڵاندنی ئەو زیانانەی لە هێرشەکەدا بەری کەوتووە.

ئێوارەی ٢٩ مانگی ڕابردوو پاش هێرشکردنە سەر تیمی ئێن ئاڕ تی لەناو بینای پەرلەمانی کوردستان و بریندارکردنی‌ پەیامنێر و کامێرامانەکەی‌، لە لایەن ژمارەیەک کەسەوە هێرش کرایە سەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە شاری هەولێر و زیانی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەر نوسینگەکە کەوتووە

کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەڕێگەی پارێزەرەکانییەوە داوای یاسایی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی پارتی تۆمار کردووە و داوای قەرەبوی مادی و مەعنەوی دەکاتەوە، لەبەرامبەر ئەو زیانانەی بەر نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کارمەندانی کەوتووە لە شاری هەولێر.

هەروەک کەناڵی ئێن ئاڕ تی داوا لەسەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ وئازادی رادەڕین و  سەرجەم نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەکات پشتگیریی لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کارمەندەکانی بکەن و لەدەست هێرشکەران و لە یاسا دەرچووان بیانپارێزن.


NRT


PM:12:42:15/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌