چۆمان هەردی "خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان"ی ئینگلیزی دەباتەوە



میترۆ، سلێمانی‌ 
خانمە نوسەر و وەرگێڕی كورد، چۆمان هەردی "خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان"ی ئینگلیزی بە وەرگێڕانی دیوانی "دەربەندی پەپولە"ی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس بۆ سەر زمانی ئینگلیزی دەباتەوە. بڕیارە بەرهەمەكە لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بڵاوبكرێتەوە. 
 
ئاوێنە: وێبسایتی "ئینگلیش پێن" براوەكانی خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان "PEN Translates award"ی بڵاوكردۆتەوە كە لە 16 بەرهەمی وەرگێڕدراو پێك دێت و لە پازدە وڵات و 14 زمانی جیاجیاوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراون.
 
بەپێی لیستی براوەی خەڵاتەكان، یەكێك لە براوەكان خانمە نوسەر و وەرگێڕی كورد، چۆمان هەردی-یە بە وەرگێڕانی دیوانی "دەربەندی پەپولە"ی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس.
 
ئینگلیش پێن رایگەیاندوە كە بەرهەمە براوەكان لەسەر بنەمای بەرزی ئاستی ئەدەبی لەڕوی جۆر و بەهێزی پرۆژەی بڵاوكردنەوەكە و بەشداریكردنی بەرهەمەكە لە فرەجۆركردنی ئەدەبیدا لە بەریتانیا، هەڵبژێردراون.
 
چۆمان هەردی لەوباریەوە بە ئاوێنەی راگەیاند كە ئەو خەڵاتەكە لەساڵێكدا دوجار دەدرێت بەو بەرهەمانەی كە وەرگێڕدراون و چاپخانەكان بەر لە بڵاوكردنەوەیان دەیاننێرن بۆ پێشبڕكێ لەو جۆرە خەڵاتانەدا و وتیشی"ئەمە داننانێكە بە مافی وەرگێڕە باشەكاندا".
 
لەبارەی كاتی بڵاوبونەوەی بەرهەمەكەی، چۆمان هەردی رایگەیاند كە لە 16/3/2018 لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا كتێبەكە بڵاودەكرێتەوە.
 
بەپێی قسەی چۆمان هەردی كتێبەكە لەلایەن چاپخانەی ئارك-ی بەریتانییەوە كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی شیعری وەرگێڕدراو چاپ و بڵاودەكرێتەوە و هەمو كتێبەكانیشیان بە هەردو زمانەكەیە واتە لاپەڕەیەك بەرهەمەكەیە بە زمانی ئەسڵی و لاپەڕەیەكیشی وەرگێڕانە ئینگلیزیەكەیە.
 
سەبارەت بە خەڵاتەكەش وتی"خەڵاتەكە خەڵاتێكی پارەیە هەم خەرجی چاپكردنی كتێبەكەیە بۆ چاپخانە و هەم خەڵاتێكیشە بۆ وەرگێڕەكە".

ئاوێنه‌


AM:11:45:16/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌