‌رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ داواكاره‌ UN فشار بخاته‌سه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق



میترۆ، هه‌ولێر
رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان داوای‌ له‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد فشار بخاته‌سه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق تا رێگا به‌ میدیاكان و رێكخراوه‌كان بدات راپۆرتێك له‌سه‌ر مافی‌ مرۆڤ له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ئاماده‌ بكه‌ن.

به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ د. ئاجینس كالا مارد بڕیارده‌ری‌ تایبه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ کەیسی كوشتن له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسا له‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ كۆبۆوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌ش كرد و داوای‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد فشار بخاته‌سه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق تا رێگا به‌ میدیاكان و رێكخراوه‌كان بدات له‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بكۆڵنه‌وه‌.

ره‌حمان غه‌ریب وتی‌: "له‌به‌ربوونی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان رۆژنامه‌نووسان له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێن و سه‌ر كاری‌ خۆیان".

وتیشی‌: "حكومه‌تی‌ عیراق كۆنترۆڵی‌ به‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌وه‌ نییه‌ و هیچ رێزێك بۆ مافی‌ مرۆڤ و ئازادی‌ راده‌ربڕین دانانێن".

رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عیراق چاوپۆشی‌ كردووه‌ له‌ كه‌یسی‌ كوشتنی‌ رۆژنامه‌نووس ئه‌ركان شه‌ریف و نایه‌وێت لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ جددی‌ له‌سه‌ر بكرێت.

باسیشی‌ له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ تیرۆركراوه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد وه‌ك عه‌بدولستار شه‌ریف، سه‌رده‌شت عوسمان، كاوه‌ گه‌رمیانی‌ و ویدات حسێن و رایگه‌یاند كه‌ "تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ جددی له‌م كه‌یسانه‌دا نه‌كراوه‌، چونكه‌ دیارده‌ی‌ ده‌ربازبوون له‌ سزا زاڵه‌ به‌سه‌ر ژینگه‌ی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".
  
ره‌حمان غه‌ریب ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی‌ كه‌ به‌نه‌یاری‌ خۆی‌ ده‌زانێت رێگری‌ لێده‌كات تا تاوانه‌كان له‌و ناوچانه‌ بشارێته‌وه‌ نزیكترین نموونه‌ بڕیاری‌ كۆمسیۆنی‌ راگه‌یاندنی‌ عیراقه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ رووداو كوردستان 24 و دوایكرد له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ قسه‌ بكه‌ن و فشاریان بخه‌نه‌سه‌ر تا جیاكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ رۆژنامه‌نووسان نه‌كات و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ئازاد بكات بۆ كاركردن له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان.



PM:05:28:18/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌