‌یه‌كه‌م داواكاری ئاڕاسته‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كرا




میترۆ، سلێمانی‌ 
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری نوێی سلێمانی ده‌كات، هیواداریام كاركردندان لەو پۆستەدا ببێتە مایەی فراوانبونی ئازادی زیاتر و بەختەوەری بۆ دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی.

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری نوێی سلێمانی كردووه‌ ده‌ڵێت: "لەكاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لایەن بەڕێزتانەوە هەندێ دەستپێشخەری گرنگتان كرد بە ئامانجی فراوانكردنی مافی دەسكەوتنی زانیاری بۆ رۆژنامەنووسان بە تایبەتی و هاوڵاتیانی سلێمانی بە گشتی، ئەمەش لە كارا كردنی یاسای ژمارە 11 ساڵی 2013 (یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستانی عیراق)، دەركەوت".

ده‌شڵێت: "ئەو كات سەنتەری میترۆ پێشوازی لە هەوڵی بەڕێزتان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد بە دروستكردنی هۆبەی زانیاری لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا و كاركردنیش بۆ ئەوەی ببێتە بڕیار لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی".

راشیگه‌یاندووه‌: "خۆتان وەك مامۆستای زانكۆ و پسپۆری بواری میدیا دەزانن، كە دەسكەوتنی زانیاری رۆڵی گرنگی هەیە لە چەسپاندنی پرەنسیپی شەفافییەت و لێپرسینەوە پاشانیش رووبەرووبونەوەی دیاردەی گەندەڵی".

سه‌نته‌ری میترۆ ئه‌وه‌شی وتووه‌: "یاسای ژمارە 11 ساڵی 2013 (یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستانی عیراق). كە لە 5ی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا دەرچووە تا ئێستا ئەوە لە ساڵی پێنجەمینی دەرچوونی ئەم یاسایە نزیكدەبینەوە، بەڵام لە زۆربەی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم ئەم یاسا گرنگە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنه‌وه‌".

ده‌شڵێت: "داوا لە بەڕێزتان دەكەین ئەو هەوڵانەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستتان پێكرد، درێژەی پێبدەن تا هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان بە پێی ئەو یاسایە و دروستكردنی هۆبەی زانیاری لە فەرمانگەكانی حكومەتدا هاونیشتمانیان بتوانن زانیارییان دەستبكەوێت و بەشداربن لە هەڵمەتی هەرێم بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆدا هاتووه‌: "لەكۆبونەوەی 11ی تشرینی یەكەمی 2016، ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كورستان بڕیار درا رێنمایی ژمار 11ی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پەسەند بكرێت، ئێمە پێشوازیمان لە بڕیاری پەسەندكردنی رێنمایی ژمارە 11كرد، بەڵام كۆسپەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكە لانەبراوە، تا ئێستاش زۆرێك لە زانیارییەكان لە ژووری تاریكدان، زۆرێك لە زانیارییەكان بە نهێنی حكومەت پۆڵێن دەكرێت".

دواجار ده‌ڵێت: "ئازادی گەیشتن بە زانیاری یەكێكە لە مافەكانی مرۆڤ‌ و پێشێلكردنی ئەم مافە بەمانای پێشێلكردنی مافی مرۆڤە بۆیە پێویستی دەزانین كۆسپەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوس لە گەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری لاببرێت‌و بەڕێزتان داوا لە فەرمانگەكانی حكومەت بكەن كار ئاسانی تەواو بكرێت تا هاوڵاتیان و میدیكاران بگەنە سەرچاوەی زانیاری و ئازادانە بڵاویاننبكەنەوە".

رۆژی 28ی تشرینی دووه‌می2017، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی بۆ دەستبەكاربوونی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەركرد.

هاوكات دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، وه‌ك پارێزگاری سلێمانی ده‌ستبه‌كاربوو.



AM:10:10:04/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌