سه‌نته‌ری میترۆ له‌ یادی كاوه‌ گه‌رمیانیدا: ئازادی ملكەچی میزاجی چەكبەدەستەكانە





میترۆ، سلێمانی‌ 
ئه‌مرۆ 5ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م چوار ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی‌ تێده‌په‌ڕێت به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ لەرێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی تیرۆركردنیدا لە كەلار چەند چالاكییەك بەڕێوەچوون، سەرەتای رێوڕەسمەكە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵكۆی شەهید كاوە گەرمیانی لە كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی دەستیپێكرد.
 
پاشنیوەرۆی ئەمرۆش لە چالاكی دوەمدا بەخشینی چوارەمین مەدالیای ئاڵتونی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی لە هۆڵی وەرزش و لاوان، بەرێوەچوو، ساڵانە خەڵاتی شەهیدی قەڵەم له‌لایه‌ن رادیۆی دەنگ و رێکخراوی ژیان پێشکەش ده‌كرێت و بۆ ئەمساڵیش رێكخه‌رانی مه‌راسیمه‌كه‌ خه‌ڵاته‌كه‌یان به‌خشییه‌ مولازمی هاتوچۆ فه‌رامۆش نه‌جم، بەڵام به‌هۆی ئاماده‌نه‌بونی ئەو ئەفسەرە كه‌ ئێستا له‌ زیندانه‌، خه‌ڵاته‌ به‌خشرایه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی. 

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا دیاری‌ محمه‌د جێگری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ  وتاری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆی‌ خوێنده‌وه‌ و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا "لە كاتێكدا یادی (شەهید كاوە) دەكەینەوە، زۆرینەی میدیای كوردستانی بوون بە بەشێك لە دیمەنی دابەشبونی سیاسی‌و حزبی، بەشە كەمە سەربەخۆكەیش گەمارۆدراون بە پێنەدانی زانیاری‌و جیاكاری، لە زۆر حاڵەتیشدا روبەڕووی هەرەشەو زەبرو زەنگ دەبنەوە. "

وتیشی: "ئەم جۆرە پەرچەكردارە بەرامبەر رۆژنامەنوسە ئازادەكان و رۆژنامەگەری ئازاد، زۆر بە زەقی لە كەیسی رۆژنامەنوس (كاوە گەرمیانی)دا رەنگی دایەوە، پەیامێك دەیەوێت رۆژنامەنوسان بتوقێنێت و دەست نەبەن بۆ كەیسی دزینی سامانی خەڵك و ئاشكراكردنی مافیاكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستاندا. "

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی متیرۆدا هاتووه‌: "ئێمە لە ژینگەیەكدا كار دەكەین، یاسا سەروەر نییە، یاسای هێز شوێنی بە هێزی یاسا لێژكردوە، لە ژینگەیەكی وادا هەموو هەنگاوێكی میدیاكاران مەترسییە بۆ سەر ژیانیان، ئازادی ملكەچی میزاجی چەكبەدەستەكانە، دەیانەوێت میدیا كۆنترۆڵبكەن و بیكەنە چەكی دەستی دەسەڵاتدار."

كاوه‌ گه‌رمیانی، رۆژنامه‌نووس شه‌وی 5ی‌ كانوونی یه‌كه‌می 2013، له‌ به‌رده‌م دەرگای ماڵه‌كه‌ی خۆیدا لە قەزای کەلار ته‌قه‌ی لێكراو تیرۆركرا، دواتریش لە سەر دۆسیەکە، كارمه‌ندێكی ئاسایش بە بڕیاری دادگا ده‌ستگیركرا و به‌ زیندانی هەتاهەتایی سزادرا.

کاوە گەرمیانی، ساڵی 1979 لە دایکبووە، لە ماوەی ژیانی رۆژنامەنووسیدا لە چەندین دەزگا و کەناڵی ‏جیاجیای راگەیاندندا کاری کردوە، پێش تیرۆرکردنیشی سه‌رنووسه‌ی گۆڤاری رایه‌ڵ بوو.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ :

كەسوكاری سەبەرزی كاوە گەرمیانی ئامادەبوان و رێكخەرانی ئەم مەراسیمە شكۆمەندە 

لە كاتێكدا یادی (شەهید كاوە) دەكەینەوە، زۆرینەی میدیای كوردستانی بوون بە بەشێك لە دیمەنی دابەشبونی سیاسی‌و حزبی، بەشە كەمە سەربەخۆكەیش گەمارۆدراون بە پێنەدانی زانیاری‌و جیاكاری، لە زۆر حاڵەتیشدا روبەڕووی هەرەشەو زەبرو زەنگ دەبنەوە.  

ئەم جۆرە پەرچەكردارە بەرامبەر رۆژنامەنوسە ئازادەكان و رۆژنامەگەری ئازاد، زۆر بە زەقی لە كەیسی رۆژنامەنوس (كاوە گەرمیانی)دا رەنگی دایەوە، پەیامێك دەیەوێت رۆژنامەنوسان بتوقێنێت و دەست نەبەن بۆ كەیسی دزینی سامانی خەڵك و ئاشكراكردنی مافیاكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستاندا. ئێمە لە ژینگەیەكدا كار دەكەین، یاسا سەروەر نییە، یاسای هێز شوێنی بە هێزی یاسا لێژكردوە ، لە ژینگەیەكی وادا هەموو هەنگاوێكی میدیاكاران مەترسییە بۆ سەر ژیانیان، ئازادی ملكەچی میزاجی چەكبەدەستەكانە، دەیانەوێت میدیا كۆنترۆڵبكەن و بیكەنە چەكی دەستی دەسەڵاتدار.  

كاوە ئازایانە سڵی نەكردەوە ، دیواری ترسی شكاند چونكە دەستی بۆ كەیسی گەندەلكاری برد، ژیانی لە پێناویدا بەختكرد. مافیاكانی تاوان ، بە بەكارهێنانی فشارو هەرەشەو توندوتیژی رێگرن لەوەی هاوڵاتیان فەراهەمبن لە زانیاری راست، نایانەوێت میدیا باس لەو پاشاگەردانییە بكات كە ئابوری هەرێمی بردۆتە لێواری مایەپوچبوون و باری گوزەران‌و ژیانی خەڵكی قورستر كردوە.  
لەم هەلومه‌رجە ئاڵۆزەی كوردستاندا پێویستی ئازادی میدیا چەندە گرنگە، بە هەمان ئەندازە بوونی میدیایەكی راستگۆ كە رەچاوی پیشەیبوون بكات، ئازایانە روبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، گرنگە.  

راپۆرت و نوسینی رۆژنامەنوسان كاتێك بەهایان لەلای خەڵكدا دەبێت و كاریگەر دەبن، كە باس لە ئازار خەڵكی بكەن، ئازایانە روبەوڕوی گەندەڵی و غەدری دەسەڵات و خیانەتی دەسەڵاتداران ببنەوە لەهەر پۆست و پێگەیەكی حزبی و حكومیدا بن.  

چیرۆكی تیرۆركردنی (كاوە گەرمیانی) زەمەنی حوكمرانی مافیاكانی ناوچەی گەرمیانی بۆ رستەیەك كورتكردەوە كە "نابێت ئازادی نوسین‌و ئازادی رۆژنامەنوسی دزی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی بگرێتەوە".  هەر ئەم شێوازی مامەڵەكردنەیە لەگەڵ میدیا وای كردوە، لە پۆڵینی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، دەوڵەتی عێراق كە هەرێم بەشێكی ئەو دەوڵەتەیە لەسەر نەخشەی رەشی جیهاندا بن لە بواری ئازادی كاری رۆژنامەنوسان.  

بەڕێزان كاوە بەردەوام لە ویژدانماندا زیندوە، چونكە ویژدانی خەڵك بوو. بكەران و مافیای تاوانیش، ویژدانی شۆرشگێڕییان لەدەستدا، رۆژێك هەر دێت، راپێچی بەردەم داگایەكی عادیلانەی سەربەخۆ بكرێن و زومی كامێرای هاوڕێیانی كاوە بیا-نكاتە مانشێتی هەواڵەكان.  

خەباتی مەدەنی ئێمەش بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی رۆژنامەنوسان و داكۆكیكردن لە ئازادی رۆژنامەنوسی بەردەوام دەبێت. سڵاو لە رۆژنامەنوسانی بوێرو بەویژدانی ناوچەی گەرمیان سڵاو لە سۆرانی مامەحەمە، مامۆستا عبدالستار، سەردەشت عوسمان ویدات حسین، ئەركان شەریف، قوربانیانی سەروەرنەبونی یاساو دەربازبونی بكوژانن لە تاوانەكانیان.

سەنتەری میترۆ


PM:07:30:05/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌