هەولێر: جارێکی دیکە ڕێگریی لە ڕووماڵی ڕۆژنیوز کرا




 میترۆ، هه‌ولێر 

لەکاتی بەڕێوەچونی کۆنفرانسی ڕۆشنبیریی و توندوتیژیی لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر لەلایەن پاسەوانەکانی هۆڵەکەوە ڕێگا بە تیمی ئاژانسی ڕۆژنیوز نەدرا ڕووماڵی کۆنفرانسەکە بکات.

ئەمڕۆ، وەزارەتی ڕۆشنبیریی و وەرزش و لاوانی حکومەتی هەرێم بەئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی لەژێر ناوی (ڕۆشنبیری و توندوتیژیی) لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر ڕێکخست.

لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە لەلایەن پاسەوانی هۆڵەکەوە بەبیانوی نەبوونی ناوی ڕۆژنیوز لە لیستی بانگهێشتکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕێگا نەدرا ڕووماڵی کۆنفرانسەکە بکات.

جێگای ئاماژەیە، ماوەیەکە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەشاری هەولێر لەهەر کارو چالاکیەک ئامادەبێت ئەوا ڕێگا بە ڕۆژنیوز نادرێت ڕووماڵی چالاکیەکە بکات.

 
ڕۆژی ٢٧/مانگی ڕابردووش، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر هەڵمەتی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی بە ئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەیاوەری قوباد تاڵەبانی جێگری و کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، بە مەراسیمێک دەستپێکرد و پاسەوانەکانی هۆڵەکە بەهەمان بیانوو ڕێگایان بە ڕۆژنیوز نەدا، کە ڕووماڵی مەراسیمەکە بکات.

 ڕۆژنیوز -



PM:05:22:06/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌