وەزارەتی رۆشنبیری داوای قەرزەكانی لەكەناڵەكانی راگەیاندن دەكات




میترۆ، هه‌ولێر 
وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان داوا لەكەناڵەكانی راگەیاندن دەكات لەماوەی 15 رۆژدا قەرزەكانیان رادەستی وەزارەت بكەن، بەپێچەوانەوە مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێنرێتەوەو كەناڵەكانیشیان دادەخرێن. كۆی قەرزەكانی كەناڵەكانی راگەیاندن نزیكەی یەك ملیارو 400 ملیۆن دینارە.

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان، فەرهەنگ گۆمەشینی بەمیدیای یەكێتی راگەیاندوە وەزارەتەكەیان لە 29ی مانگی رابردودا فەرمانێكی وەزاری ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و رۆشنبیری كردوە بۆ ئەوەی ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك بكرێتەوە بۆ وەگرتنەوەی ئەو قەرزانە لە كەناڵەكانی راگەیاندن.

بەپێی قسەی فەرهەنگ گۆمەشینی كۆی قەرزەكانیان لای كەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەكان و رادیۆكان نزیكەی یەك ملیار و 400 ملیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوان وەك وەزارەتی رۆشنبیری داوایان كردوە لەماوەی 15 رۆژدا دوای دەرچونی ئەو فەرمانە وەزارییە و گەیشتنی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی راگەیاندنی شارەكان، كەناڵەكان پابەندبن بە دانەوەی ئەو قەرزەی لایانە، بەپێچەوانەوە بەپێی پەیڕەوە كارپێكراوەكانی وەزارەتی رۆشنبیری كەناڵەكان مۆڵەتەكانیان لێوەردەگیرێتەوەو دادەخرێن و جارێكی دیكەش ناتوانن بەهەمان ناوو ناونیشان داوای مۆڵەتی كاركردن بكەن. 

میدیای یەكێتی ئاشكراشیكردوە كە بەپێی نوێترین ئامار، 279 كەناڵ و رادیۆ لەهەرێمی كوردستان مۆڵەتی رەسمییان هەیەو پەخشدەكەن و لەو ژمارەیەش 43 كەناڵیان ئاسمانین، 93 كەناڵیشیان ناوخۆیین و 148 دانەشیان رادیۆن.


ئاوێنە:


AM:10:17:12/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌