سه‌ردانی‌ ستران عه‌بدوڵا بۆ میترۆ





میترۆ، سلێمانی‌ 
ستران عەبدوڵا سەرنوسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، ساڵی یەك جار یا دوو، دێتە لامان بۆ سەنتەری میترۆ، ئیتر قسە قسەی تر دەهێنێ كە باس دێتە سەر رۆژنامەی نوسراو ئەگەر جیاوازیش نەبیت لەگەڵیدا هەر بەرگری دەكات و وەسفی زۆری دەكات، بەڵام سەنگەر لە دیجتاڵ میدیا ناگرێت، دەزانێت شەڕەكەی دۆڕاوە.

خۆ كاتێك قسەباس بێتە سەر (كوردستانی نوێ)، ئەوە ریتمی قسەكردنی دەگۆڕێت، وەك وەسفی ئازیزێكی بكات ئاوایە. لەگەڵ ئەم خۆشەویستییەی بۆ كوردستانی نوێ گوێت لێ دەگرێت، سەرنج و باسەكان بە سنگی فراوان وەردەگرێت.

ئیتر گفتوگۆ لە رۆژنامەی كاغەزییەوە بۆ دیجتاڵ و ئینجا بازدان بۆ سیاسەت و بزتنەوەی چەپی عێراقی و بارودۆخی گشتی، ئاگات لە خۆت روداوێكی شۆڕشی ئۆكتۆبەری نێهەڵكیش كردوە، بەڵام خۆی واتەنی لە ترسی مامۆستای گەورە دكتۆر عزالدین مستەفا رەسوڵ، زۆر ناچێتە ناو وردەكارییەكان، نەوەك لەبەردەم مندا ووشەیەك لە زارییەوە بخلیسكێ و هاوڕێكانی دكتۆر عزالدین بریندار بكات، ئاخر دەزانێت بۆی دەگێڕمەوە.

ستران، باس لە هەر پرسێ بكات، كورد واتەنی "خۆشی دەكات" قسەكانی بە تامی ترش و خوێی قسەكانی(هاوڕێ عزیز و مام )خۆش دەكات، تەنانەت پێویست بكات بەهاراتی (هاوڕێ لینین و ماوتسی تونگ)یشی پێوە دەكات. ئیتر وایە ئەوەی بوو بە هاوڕێی كتێب، پشتی قایمە.

زۆر خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێكانم پیشوازیمان لە خۆی و كاكە بەرزانی مامۆستا عەباس بەدری ئازیز كرد.


PM:06:48:14/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌