دوو رۆژنامه‌نووس نیگه‌ران بوون له‌شێوازی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ شاسوار عه‌بدولواحید
PM:02:00:28/12/2017

میترۆ، سلێمانی‌ 
هه‌ریه‌ك له‌ په‌یامنێری‌ رادیۆی‌ نه‌وا پێشكه‌وت عه‌بدوڵڵا و جه‌لال محمه‌د په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ په‌یام، نیگه‌رانن له‌ شێوازی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ و ئه‌و دوو په‌یامنێره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌" شاسوار عه‌بدولواحید وه‌ك سوكایه‌تی‌ پێكردنێك وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ داوینه‌ته‌وه‌". 


پێشكه‌وت عه‌بدوڵڵا په‌یامنێری‌ رادیۆی‌ نه‌وا به‌ میترۆی‌ وت: له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كی‌ شاسوار عه‌بدولواحیده‌ سه‌رۆكی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ پرسیارێكم ئاڕاسته‌كرد، به‌ڵام له‌ وه‌ڵامدا به‌ سوكایه‌تی‌ پێكردن به‌خودی‌ خۆم وه‌كو په‌یامنێرێك وه‌ڵامی‌ دامه‌وه‌ و پیێ‌ وتم" ده‌توانیت خۆت به‌ هێزتر بكه‌یت به‌ گه‌ڕان به‌ناو ماڵپه‌ڕی‌ گۆگڵ و به‌دواداچوون بۆ لێدوانه‌كانمان و سینمیناره‌كانمان بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانیت شێوازی‌ پرسیارت هه‌ڵ بژێریت". 

ئه‌و وتی‌" شاسورا عه‌بدولواحید نه‌یتوانی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كه‌م بداته‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌مكرد و بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ تۆڕه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ دامه‌وه‌ و وه‌ك سوكایه‌تی‌ پێكردنێك ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ كرد". 

پێشكه‌وت عه‌بدوڵلا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌" له‌كاتی‌ پرسیاره‌كه‌مدا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاسوار عه‌بدولواحید وه‌ستابوون زانیاریان له‌سه‌ر من كۆده‌كرده‌وه‌ و پرسیاری‌ منیان له‌ هاوپیشه‌كانم ده‌كرد". 

هاوكات جه‌لال محمه‌د په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ په‌یام به‌ میترۆی‌ راگه‌یاند" وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك پرسیارم له‌ شاسوار عه‌بدولواحید كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تائێستا چه‌ند شتێك هه‌ن لای‌ خه‌ڵك رونیه‌ وه‌ك (كێ‌ ته‌قه‌ی‌ لێكردیت، ئێن ئاڕتیت به‌كێ‌ فرۆشتووه‌) و بۆچی‌ ئاشكرای‌ ناكه‌ی‌ بۆ رای‌ گشتی‌، به‌ڵام له‌ وه‌ڵامدا شاسوار عه‌بدولواحید هێرشی‌ كرده‌ له‌سه‌ر كه‌ناڵی‌ په‌یام و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ مامۆستا علی‌ باپیر و وه‌ك سوكایه‌تی‌ پێكردن قسه‌ی‌ ده‌كرد به‌رامبه‌رم". 

ئه‌و وتی‌" ئه‌گه‌ر په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ په‌یام یش نه‌بم و له‌هه‌ر ده‌زگایه‌كی‌ راگه‌یاندن كار بكه‌م وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك هه‌مان پرسیار ئاڕاسته‌ی‌ شاسوار عه‌بدولواحید ده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووس گواستنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌ بۆ هاوڵاتیان وئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ده‌شبن به‌به‌رپرس ده‌بێت چه‌ند شتێك هه‌یه‌ بۆ رای‌ گشتی‌ ئاشكرا بكه‌ن". 


ئێواره‌ی‌ دوێنێ‌ چوارشه‌ممه‌ 27 كانوونی‌ دووهه‌م، له‌ دوای‌ ئازادكردنی‌ شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌نجامدا و  له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ هه‌ردوو په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ په‌یام و رادیۆی‌ نه‌وا به‌ توڕه‌یه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ داونه‌ته‌وه‌.