‌راستی و درووستی ئەم سێ وێنەیە
PM:03:00:02/01/2018
لەگەڵ هەر رووداو و کارەسات و پێشهاتێکدا ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆی پەیوەست بەو رووداوانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیاکان بڵاودەبنەوە.

بەداخەوە زۆرجار بە ئەنقەست یان بەهۆی نەزانینەوە یان بۆ مەبەستی دیکە، ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆی رووداوی رابردوو بڵاودەکرێنەوە، کە سەرباری بەهەڵەدابردن و چەواشەکاری هاوڵاتیان زۆرجار رۆژنامەنووسان و میدیاکانیش دەکەونە ئەو هەڵەیە و بەبێ بەدواداچوون  بڵاویاندەکەنەوە.

لە رابردوودا نموونە زۆرە و ناچمەوە سەری ئەوەی ئێستا هەیە لە دوو رۆژی رابردوودا لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران سێ وێنەی کاریگەر و سەرنجڕاکێش زۆرترین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە و بەشێکی بەرچاویش لە رۆژنامەنووسەکان بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەسڵی وێنەکان بکەن بڵاویان کردوونەتەوە.
 
هەرچەندە بەشداری ئافرەتی ئێرانی لە خۆپیشاندانەکان زۆر فراوانە و ئازایانە هاتوونەتە مەیدان، بەڵام گرتەکان و ساتی چرکاندنیان و کەسایەتییەکان و جوڵە و لۆکەیشن و جل و بەرگەکانی دوو وێنەیان گومان درووستدەکەن و وێنەیەکیشیان زۆر بەناوبانگە.

بۆ راستی و درووستیان لە ئینتەرنێت گەڕام و گەیشتم بەو ئەنجامەی کە هیچ یەک لەو سێ وێنەیە پەیوەندیان بە خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێرانەوە نییە.

وێنەی یەکەم/ ئەم وێنەیە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 ی میسرە لە مەیدانی ئازادی ژمارەیەک پۆلیس بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە ئافرەتێک دەدەن.

وێنەکە لە جیهاندا بەناوبانگە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کە بەشێک لە میدیاکان بە هۆکاری زیادبوونی توڕەیی خەڵکی دەزانن بۆ رووخاندنی رژێمەکەی موبارەک.  خاوەنداری وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز.

وێنەی دووەم/ وێنەیەکی هونەری هونەرمەندی ئێرانی (مستەفا هروی)ە لە لەژێر ناوی (سێڵفی دوای ڕێکەوتن) کە لە ساڵی 2015 لە هۆڵندا وێنەکەی گرتووە.

وێنەی سێیەم / ئەم وێنەیە یەکێکە لە دیمەنەکانی فیلمی (تەوقی ئاڵتونی)ی دەرهێنەری ئێرانی ئەبو قاسم تالبی کە لەساڵی 2012 بەرهەم هاتووە و  باس لە رووداو و  خۆپیشاندانی هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ی ئێران دەکات.

دواجار داواکارم لە هەموو هاوڕێیانم لەم تۆڕەکۆمەڵایەتییە، بەتایبەت لە هەموو رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندیش تکایە بەدواداچوونی وورد بۆ وێنە و ڤیدیۆ و زانیارییەکان بکەن، بۆ ئەوەی وەرگر بەهەڵەدا نەبرێت. 

بەراستی ناکرێت لەبەر کۆمێنت و لایک، وێنەی ڕووداو و کارەسات و بۆنەکانی ڕابردوو لەبری ئەوانەی ئێستا بڵاوبکرێنەوە، یان هەرچیتان بەرچاوکەوت بەبێ بەدواداچوون بڵاویبکەنەوە، چوونکە بەو کارە ڕاستگۆی و تواناکانتان دەکەونە ژێر پرسیارەوە.

بێگومان هەندێک جاریش پەلە پەل و هەڵە دەکرێت،
گرنگە دوای زانین و ووردبینی هەڵەکە ڕاست بکرێتەوە.

دەخوازم ئەم چەند دێڕەم کاریگەری هەبێت لە کەمکردنەوەی ئەو هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆ ناڕاستانەی بڵاودەکرێنەوە.

وێستگه‌ نیوز ـ