وتاری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ مه‌راسیمی‌ راگه‌یاندنی‌ راپۆرتی‌ ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نوسی 2017
PM:03:21:13/01/2018
میترۆ، سلێمانی‌ 

ئه‌مڕۆ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان به‌ ئاماده‌بوونی‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ عیراقی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان و رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانی‌ راگه‌یاندن، ئاماری‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردووی‌ ئاشكراكرد.


وتاری سه‌نته‌ری میترۆ
بۆ مه‌راسیمی راگه‌یاندنی راپۆرتی ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نوسی 2017
خه‌مخۆرانی ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافه‌كانی مرۆڤ
دۆستانی سه‌روه‌ری یاسا

ئه‌مرۆ له‌ یه‌ك  كاتدا سه‌نته‌ری میترۆ و سه‌ندیكای نیشتمانی رۆژنامه‌نوسانی عێراق، به‌ پاڵپشتی رێكخراوی IMS ی دانیماركی وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شمان له‌ سلێمانی و له‌ به‌غداد، راپۆرتی ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نوسی بلاَوده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هاوبه‌شه‌  له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش هێرش بۆ سه‌ر میدیا و میدیاكاران به‌رده‌وامه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئیجرائاتێكی پێویست هه‌بێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێم، بۆ به‌رگرتن له‌و هێرشانه‌.

له‌ كاتێكدا راپۆرتی ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نوسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا راده‌گه‌یه‌نین جارێ هه‌رێمه‌كه‌مان ژینگه‌یه‌كی له‌باره‌ بۆ ده‌ربازبونی بكوژان له‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ میدیا و میدیاكاران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. بكوژانی رۆژنامه‌نوسان ده‌ربازیان ده‌بێت له‌ سزا، یان ناسراون و ده‌سه‌ڵاتی یاسا له‌به‌رده‌میان لاوازه‌.

هێرش بۆ سه‌ر ئۆفیسه‌كانی ئین ئارتی و كه‌ی ئین ئین له‌ دهۆك و هه‌ولێر، هێرش بۆ سه‌ر په‌یامنێرانی كه‌ناڵه‌كانی میدیا له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان، رێگری له‌كاری KNN و ئازاردانی رۆژنامه‌نوس و ئۆفیسه‌كانیان، هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌كانی په‌یام و رۆژ نیوز،  داخستنی گه‌ناڵی ئین ئارتی له‌ سلێمانی بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك، به‌ربه‌رستی رۆژانه‌ن له‌به‌رده‌م كاری میدیایی كه‌ ده‌بێت هه‌موومان به‌ری پێبگرین.

لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی بڵێن سه‌رباری ره‌خنه‌كانمان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌مساردی حكومه‌ت، به‌رێز جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كاك قوباد گاله‌بانی و ئوفیسه‌كه‌ی، له‌زۆر وێسته‌گه‌دا به‌ ده‌نگه‌وه‌ هاتنیان هه‌بوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری به‌ درێژكردنه‌وه‌ی راگرتنی په‌خشی NRT و ئازادكردنی هه‌ندَ له‌و میدیاكارانه‌ی كه‌ خۆیان یان كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌نوسیان ده‌سبه‌سه‌ركرابوون.

به‌لاَم گه‌ر سه‌یری دیمه‌نه‌ گه‌وره‌كه‌ بكه‌ین  تا ئێستا ته‌حقیقی جدی له‌و پێیشێلكاریانه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ جێی سه‌رسوڕمانیشه‌ كه‌ هه‌ندێ له‌و هێرشبه‌رانه‌ ناسراون و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئیجرائاتیان به‌رامبه‌ریان نه‌ركردون و داوكاری گشتیش داوای یاسایی نه‌جولاَندوه‌.

سه‌نته‌ری میترۆ به‌ هاكاری رێكخراوی پاڵپشتی میدیای نێوده‌ڵه‌تی IMS كار ده‌كات بۆ كۆتایهێنان 
به‌ كه‌لتوری ده‌ربازبوون له‌سزا و په‌لكێشكردنی ئه‌نجام ده‌رانی بۆ به‌رده‌م یاسا.

هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ریسواكردنی ئه‌و تاوانانه‌ی رۆژانه‌ ده‌سه‌ڵاتی عه‌سكه‌ری سوپای فیدرالی و حه‌شدی شه‌عبی به‌رامبه‌ر به‌ میدیا و میدیاكارانی كوردستان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌نجامیده‌دن و رێكخراوه‌ جیهانییه‌كانی لێ ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌.

تاوانی هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵی رۆژنامه‌نوس ئه‌ركان شه‌ریف له‌ لایه‌ن میلیشایاكان، ئه‌و وه‌حشیگه‌رییه‌ی له‌م تاوانه‌ ئه‌نجام درا نمونه‌ی زه‌قی تاوانی ئه‌و چه‌كدارانه‌یه‌و ده‌بێت حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی كار بۆ ده‌سگیركردنی بكه‌رانی بكات.

به‌ داخه‌وه‌ حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌بری ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ بارودۆخی زۆر خراپی ئازادی رۆژنامه‌نوسی له‌ عێراقدا، بانگه‌شه‌ی داخستنی كه‌ناڵه‌ كورده‌ییكان ده‌كات كوردستان 24 و رووداو به‌ نمونه‌. دوا له‌ حكومه‌تی عێراقی ده‌كه‌ین ده‌سبه‌جێ ریكاره‌ یاساییه‌كان به‌رامبه‌ر كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان بوه‌ستێنێت. 

با حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی بزانن، هێرشكردنه‌ سه‌ر میدیای ئازاد واتای هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر دیموكراتییه‌ت گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقی په‌رۆشن بۆ سیسته‌می دیموكراسی ئه‌وا كار بكه‌ن بۆ كۆتاهێنان به‌و هێرشانه‌وه‌ بكه‌رانیان راده‌ستی دادگا بكه‌ن.

داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین كار به‌ هه‌ردوو یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی ویاسای مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری بكات، قه‌ربویی زیانی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ مانگی رابردوو زیانیان به‌ركه‌وتوه‌.

مایه‌ی شانازییمانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ حه‌وت هه‌مین ساڵه‌ سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان ره‌وشی ساڵێكی ئازادی رۆژنامه‌نوسی ده‌خاته‌ به‌رده‌م خه‌مخۆرانی ئازادی راده‌ربڕین و مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رپرسانی پاراستنی سه‌روه‌ری یاسا له‌ كوردستان و جیهاندا .

دوباره‌ مایه‌ی شانازیمانه‌ كه‌ له‌م حه‌وت ساڵه‌دا بوینه‌ ده‌نگێكی باوڕپێكراوی بڵندگۆ له‌ تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ئازادی راده‌بڕین و كاری رۆژنامه‌نوسی.
وا ئه‌مساڵیش به‌رده‌وامی به‌م نه‌ریته‌ ده‌ده‌ین، راپۆرتی پێشێلكارییه‌كانی ساڵی 2017 ده‌خینه‌ روو.
ئازیزانمان
وه‌ك كورته‌ی راپۆرته‌كه‌ بۆتانی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌ كه‌ ئه‌مساڵیش، تابلۆیه‌كی گه‌شاوه‌مان نییه‌ بیكێشین. ژماره‌ پێشیلكارییه‌كان له‌ ساڵانی رابردوو زیاترن و  ژینگه‌ و كه‌لتوری توندیژی به‌رامبه‌ر به‌ میدیاكاران وه‌ك خۆیانن.

دوای حه‌وت ساڵ له‌ خستنه‌ ڕوی پێشێلكاری و تاوانه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان به‌شێكی به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ك دوژمن ته‌ماشای پیشه‌كه‌مان ده‌كه‌ن. هێزه‌كانیان به‌به‌رگی ره‌سمی ناره‌سمی كامێراكانمان ئه‌شكێنن‌و كه‌ره‌سه‌ی كارمان لێ زه‌وت ئه‌كه‌ن، كه‌ناڵی میدیا له‌ سلێمانی داده‌خه‌نو له‌ هه‌ولێر تالاَنی ده‌كه‌ن.
ئێمه‌ كه‌ ئه‌م پیشه‌یه‌مان هه‌ڵبژاردووه‌ چاوه‌ڕوان نین له‌سه‌رو هاوڵاتیان مافمان هه‌بێت. چاوه‌ڕوان نین نه‌رمونیانتر ره‌فتارمان له‌گه‌ڵدا بكرێت. به‌ڵام پیشه‌كه‌ی ئێمه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ گه‌یشتنی زانیاری به‌ هاوڵاتیان. بۆیه‌ پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌ و زه‌وتكردنی مافی گه‌یشتن به‌ زانیاری هاوڵاتیانه‌.
ئازیزان چیمان زیاتر نییه‌ له‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌به‌ر ناره‌زایی ده‌ربڕین له‌سه‌ر گرانی سوته‌مه‌نی سوكایه‌تیان پێكرا. به‌ڵام گه‌ر ئێمه‌ بتۆقێنرێن رێگریمان لێ بكرێت، مافی ئه‌وان له‌ گه‌یشتنی ده‌نگیان دوقات و سێ قات پێشێل ده‌كرێت.

ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نێوده‌وڵتییه‌كاندا ئاماژه‌ی پێكراوه‌، به‌ مانای ئازادی گه‌یشتن به‌ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌ی زانیاری‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌بێ ده‌ستێوردان. به‌م مانه‌یه‌ش ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ‌و پێشێلكردنی ئه‌م مافه‌ به‌مانای پێشێلكردنی مافی مرۆڤه‌. پێویسته‌ كۆسپه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌نوس له‌ گه‌یشتن به‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری لاببرێت، هه‌موو زانیاریه‌ك به‌ نهێنییه‌كانی حكومه‌ت پۆلێن نه‌كرێت.

ساڵێكی تر ئه‌زمونێكی تاڵتری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، به‌ڵام میترۆ و میدیاكارانی پرۆفیشناڵ و خه‌ڵكی هۆشیاری گه‌له‌كه‌مان ئاماده‌ نین وره‌ به‌ربده‌ن له‌ به‌ دواداچونی تاوانكاری و پێشێلكارییه‌كان. هیچمان پێ نه‌كرێت ئه‌وه‌نده‌مان پێده‌كرێت كه‌ نه‌هێڵین تاوان و پێشێلكاری ببێته‌ رووداوێكی ئاسایی رۆژانه‌ی ژیان.
سه‌ربه‌رزن ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر مافی خه‌ڵك سازش ناكه‌ن.

سه‌ربه‌رزن ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌رای بارودۆخی ناهه‌موار له‌ هه‌ڵوێستی پرۆفیشنالانه‌ی خۆیان ناكه‌ون.
سه‌ر رێز بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌و  ئه‌فسه‌رانه‌ی كه‌ ئاماده‌نین به‌رده‌وامی به‌ كه‌لتوری پێشێلكاری و تۆقاندن بده‌ن.
سوپاس