‌سه‌نته‌ری‌ میترۆ: ساڵی‌ رابردوو 419 پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانیان كراون
PM:03:24:13/01/2018
میترۆ، سلێمانی‌ 
سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان رایده‌گه‌یه‌نێت، ساڵی‌ رابردوو  419 پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر 338 رۆژنامه‌نووس و ده‌زگای‌ راگه‌یاندن تۆماركراون.

ئه‌مڕۆ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان به‌ ئاماده‌بوونی‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ عیراقی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان و رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانی‌ راگه‌یاندن، ئاماری‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردووی‌ ئاشكراكرد.

به‌پێی‌ راپۆرتی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ كه‌ له‌لایه‌ن ئاشنا ره‌ئوف ئه‌ندامی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ خوێندرایه‌وه‌،  ساڵی‌ رابردوو  419 پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر 338 رۆژنامه‌نووس و ده‌زگای‌ راگه‌یاندن تۆماركراون به‌م شێوه‌یه‌ (كوژران 4، تیرۆر 2، برینداركردن له‌ كاتی‌ رووماڵی‌ ئاساییدا 14،  برینداربوون له‌ كاتی‌ رووماڵكردنی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ 10، رێگری‌ 206، شكاندنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ رۆژنامه‌وانی‌ 12، ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ رۆژنامه‌وانی‌ 25، ده‌ستبه‌سه‌ركردن به‌بێ بڕیاری‌ دادگا 33، ده‌ستگیركردن و فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن به‌ بڕیاری‌ دادگا 10،  هێرش و لێدان 58، هه‌ڕه‌شه‌ 18،  ته‌قه‌لێكردن 2، پڕِكردنه‌وه‌ی‌ به‌ڵێننامه‌ 2،  ته‌شویش و هێرشی‌ ئه‌لكترۆنی‌ 3،  هێرش و تاڵانكردن و سوتاندنی‌ ئۆفیسی‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن 8، راگرتنی‌ په‌خش 7، داخستنی‌ نووسینگه‌ی‌ ده‌زگای‌ راگه‌یاندن 5).

ئاماره‌كه‌ی‌ میترۆ له‌ كاتێكدایه‌ كۆتایی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردووش سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان ئاماری‌ ساڵی‌ رابردوویان بڵاوكرده‌وه‌ رایانگه‌یاندبوو، ساڵی‌ رابردوو 137 حاڵه‌ت كه‌ كۆی‌ گشتی‌ ده‌كاته‌ 230 پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان تۆماركراون به‌م شێوه‌یه‌ (سێ حاڵه‌تی‌ تیرۆر كه‌ چوار پێشێلكارییه‌، یه‌ك خۆكوشتن، دوو شه‌هیدبوون، دوو حاڵه‌تی‌ داخستن كه‌ 13 پێشێلكاری‌ بووه‌، 20 حاڵه‌تی‌ گرتن كه‌ 30 پێشێلكاری‌ بووه‌، پێنج برینداربوون، 25 حاڵه‌تی‌ لێدان كه‌ 39 پێشێلكارییه‌، 54 حاڵه‌تی‌ رێگه‌نه‌دان كه‌ 111 پێشێلكارییه‌، 15 حاڵه‌تی‌ هه‌ڕه‌شه‌ كه‌ 18 پێشێلكارییه‌، دوو حاڵه‌تی‌ سووتاندن، 5 حاڵه‌تی‌ تاڵانكردن).