‌ئارام شێخ محه‌مه‌د: ناكرێت ده‌سه‌ڵات خاوه‌نی ده‌ستدرێژی بێت بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان و قسه‌ش له‌سه‌ر مافی مرۆڤ بكات
PM:03:26:13/01/2018
میترۆ، سلێمانی‌ 
ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند، پێشهات و ڕوداوه‌كان سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك و پێوانه‌یه‌كی‌ ساده‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ باش و ده‌سه‌ڵاتی‌ خراپ، جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێمان لێیده‌بێت له‌وه‌ی‌ به‌چاوی‌ خۆمان ده‌یبینین، ده‌شڵێت: "ناكرێت ده‌سه‌ڵاتێك خاوه‌نی‌ ئه‌م سیڤیه‌بێ له‌ ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر ئازادی‌ و ئه‌م ئاماره‌ ره‌شه‌ی‌ له‌ده‌ستوه‌شابێته‌وه‌ و قسه‌ش له‌سه‌ر مافی‌ مرۆڤ و بیڕوڕای ئازادبكات".

ئه‌مڕۆ سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوی ئای ئێم ئێس، له‌ هۆتێل رامادا، ئاماری پێشێلكارییه‌كانیان به‌ رانبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان خسته‌ڕوو.

ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتارێكی له‌و رووه‌وه‌ پێشكه‌شكرد.

 
ده‌قی وتاره‌كه‌:

به‌داخه‌وه‌، ئاماره‌كان نه‌ك هه‌ر نائومێدكه‌رن، به‌ڵكو دروست وایه‌ بلێین ئێمه‌ له‌ڕوبه‌ڕێكداین ته‌جاوه‌زی‌ خۆڵه‌مێشی‌ كردوه‌و به‌هه‌مو پێوه‌رێك زۆنێكی‌ ڕه‌شه‌ له‌پشێلكاری‌.

ناكرێت ده‌سه‌ڵاتێك خاوه‌نی‌ ئه‌م سیڤیه‌بێ له‌ ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر ئازادی‌ و ئه‌م ئاماره‌ ڕه‌شه‌ی‌ له‌ده‌ستوه‌شابێته‌وه‌و قسه‌ش له‌سه‌ر مافی‌ مرۆڤ و بیڕوڕای ئازادبكات، له‌ هه‌رجێگایه‌ك ژیان باجی‌ وتن بو، وشه‌ به‌گوللـه‌ وه‌ڵامدرایه‌وه‌، ئیتر له‌بری‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادی‌، ده‌بێت قسه‌ له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئازادی‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌.  

به‌ڕێزان، پێشهات و ڕوداوه‌كان سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك و پێوانه‌یه‌كی‌ ساده‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ باش و ده‌سه‌ڵاتی‌ خراپ، جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێمان لێیده‌بێت له‌وه‌ی‌ به‌چاوی‌ خۆمان ده‌یبینین.

ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام گوێمان لێیده‌بێت ده‌سه‌ڵات تاسه‌ر ئێسقان دیموكراتخوازه‌و ڕێز له‌ئازادییه‌كان ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌چاوی‌ خۆمان ده‌یبینین، كاتێك هاوڵاتیان داوای‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ خۆیان ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاتداران چه‌ند ته‌نگه‌ نه‌فه‌س و بێته‌حه‌مولن و به‌چ شێوازێك ڕوبه‌رویان ده‌بنه‌وه‌، به‌پاساوی‌ ده‌ستبردن بۆ ماڵی‌ گشتی‌، بێسڵكردنه‌وه‌ ده‌ستدرێژی‌ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژیانیان، له‌كاتێكدا هاوڵاتیان خاوه‌نی‌ ئه‌صلی‌ و شه‌رعی‌ هه‌مو موڵك و 
ماڵی‌ ئه‌م وڵاته‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌یان تۆمه‌تیشیان بۆ داده‌تاشن و هه‌رجاره‌و ده‌ستێك ده‌خه‌نه‌ پشتیان. 

ساڵانێکی زۆر حیکایەتی هەناردەکردنی دیموکراسیان بۆکردین، بەڵام ئامارەکانی ئەمڕۆ و دوێنێ پێماندەڵێ،  هاوشانی نان خۆیان و تەنی پێویستیەکی حەیاتیشمان بەهاوردەکردنی ئازادییە، ئێرە نە مێرگێک بو بۆ ئازادی، نەبەهەشتی جیاوازییەکانیش وەک دەوترا، بەڵکو هاوشێوەی پروپاگەندەی خۆشگوزەرانی و گەیشتن بەڕەفاهیەت، چیرۆکێک بو پڕ لەتراژیدیاو کارەساتی خەمناک.

ڕۆژنامه‌نوسانی‌ به‌ڕێز، ئێوه‌ كه‌قوربانیه‌كی‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌مو دۆخه‌كانن، كارێكتان هه‌ڵبژاردوه‌ پڕیه‌تی‌ له‌سه‌ر ئێشه‌، ڕێگایه‌كتان گرتوه‌ سیخناخه‌ له‌هه‌وراز و نشێوی‌، كێشه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ ده‌ستان ناگات به‌زانیاری‌، بگره‌ هه‌ندێك جار ده‌ستڕاگه‌یشتن و بڵاوكردنه‌وه‌شی‌ جۆرێكه‌ له‌گیانبازی‌ و سه‌ركێشیكردن به‌ژیانتان، كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌رك و مافه‌كان به‌یاسا ڕێكناخرێن تامافی‌ هه‌مولایه‌ك پارێزراوبێت، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌ویاسانه‌شی‌ ده‌سه‌ڵات خۆی‌ ده‌ریده‌كات، ڕێزی‌ لێناگرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌مافه‌كانی‌ ئێوه‌ مه‌به‌ستم، یاسای‌ ژماره‌ 35 ساڵی‌ 2007 ه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ تێبیینه‌كی‌ زۆریشی‌ له‌سه‌ره‌ به‌ڵام هێشتا به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ئاماده‌نین جێبه‌جێی‌ بكه‌ن و په‌نا بۆ یاسا كۆنه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ پێشو ده‌به‌ن له‌پێناو ترساندنی‌ ڕۆژنامه‌نوسان و ساركردنه‌وه‌یان له‌پیشه‌كه‌یان.

به‌رێزان، ئه‌و ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی و پیشه‌یی‌ به‌رۆكی‌ چین و توێژه‌جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ گرتوه‌، حوكمكه‌رانی‌ هه‌رێم به‌رپرسی‌ ئه‌وه‌ل و كۆتایین لێی‌، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی ناڕونیه‌كان پابه‌ستی‌ قوڵیان هه‌یه‌ به‌ناعه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و شاردنه‌وه‌ی‌ داهاته‌كان، زۆربه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان درێژكراوه‌ی‌ ئه‌م كێشانه‌ن و به‌چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانیش بۆچارسه‌كردنیان به‌شی هه‌ره‌ زۆری كێشه‌كان چارسه‌رده‌بن.

شه‌فافیه‌ت به‌رقه‌راربێت شاردنه‌وه‌ پێویست ناكات، یاسا سه‌روه‌ربێت به‌كارهێنانی‌ چه‌ك و توندتیژی‌ ئیجاب ناكات، حكومه‌ت به‌رپرسیارانه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ جێبه‌حێبكات خه‌ڵك له‌خۆشیدا نه‌بێت ناڕژێته‌ سه‌رشه‌قام، سامانی‌ گشتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ عادیلانه‌ دابه‌شبكرێت، ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ جێگه‌ی‌ ناكۆكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئاشتی‌ چینایه‌تیش جێگه‌ی‌ جیاوازی‌ چینایه‌تی‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش هیچیان ئاماده‌نه‌بون دۆخێكی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ده‌خولقێت. 

حەزەکەم هەر لەم بۆنەیەدا ئەوە بڵێم وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمیشە پشتیوانێکی بەردەوامتان بوم و ئەبم، هەواڵی هەر پێشلکارییەکمان دژ بەڕۆژنامەنوسان و ئازادییە مەدەنییەکان  پێگەیشتبێت لەهەر کونج و قوژبنێکی کوردستان یاخود شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، جگە لەدەربڕینی هەڵوێستی ڕون و ڕاشکاو ئەوەی پێویست بوبێت لەچوارچێوەی ئەرک و مەهامدا درێغیم نەکردوە، هەمیشە بونی خۆمم وەک مرۆڤێکی ئازاد و بۆچونی سیاسیشم لەگەشەکردن و بەرگریکردن لەئازادییەکاندا بینیوەتەوە.

له‌كۆتایدا ئه‌مه‌وێت سوپاسی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بكه‌م بۆ داكۆكیكردن له‌مافی‌ ڕۆژنامه‌نوسان و ڕێكخراوی‌ پاڵپشتیی‌ میدیای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ (ims)  كه‌ له‌ساڵی‌2003وه‌ ڕۆلێكی‌ دیاری‌ هه‌بو له‌پاڵپشتیكردنی‌ میدیای‌ ئازاد و كاری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ له‌عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان.