داوای ئازاد کردنی رۆژنامەنوسانی پارتی چارەسەری دەکەین




20ی ئایاری 2014: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت هەڵکوتانە سەر دەزگاکانی راگەیاندنی پارتی چارەسەری پێچەوانەی برگەکانی یاسای کاری رۆژنامەنوسییە کە تیایدا هاتووە " رۆژنامە قەدەغە ناکرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت"

سەرلەبەیانی رۆژی دوو شەممە، 19ی ئایار، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نوسینگەکانی گۆڤاری (رۆژی وڵات)ی سەربە پارتی چارەسەریی لە زاخۆ و دهۆک و هەولێریان داخست و کارمەندانی ئەو دەزگایانەی دەسگیرکردوە.

نەجیبە عومەر هاوسەرۆکی پارتی چارەسەری بە میترۆی راگەیاند لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ هێزەکانی ئاسایش هێرشیان کردەسەر نوسینگەکانی گۆڤاری (رۆژی وڵات)ی سەربە پارتی چارەسەری هەروەها ئاژانسی دیجلە. ووتی" کۆمەڵێکیان دەسگیرکردوە رۆژنامەنوسانی رۆژی ووڵات و ئاژانسی دیجلەی تێدایە"

نەجیبە باسیلەوەکرد داخستنی ئەو نوسینگانە لە کاتێکدایە، کە (گۆڤاری رۆژی وڵات، نوسینگەی ژنانی ئازادیخواز، کۆمەڵەی ژیانەوەی گەنجان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، نوسینگەی ئاژانسی دیجلە) لە سەرجەم شارەکانی باشووری کوردستان نوسینگەیان هەیە و بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە.

لای میترۆ ئاشکرا نیە بە پێی کام مادەی یاساییەو بڕیاری کام دادگایە، بڕیاری داخستنی کەناڵەکانی راگەیاندنی پارتی چارەسەری دراوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسانی داوای دەسبەجێ ئازادکردنی کارمەندانی رۆژی وڵات و ئاژانسی دیجلە دەکات و رایدەگەیەنێت هەڵکوتانە سەر دەزگاکانی راگەیاندنی پارتی چارەسەری سەرکۆنە دەکەین ئەم کردەوەیە پێچەوانەی برگەکانی یاسای کاری رۆژنامەنوسییە کە لە مادەی پێنجیدا هاتووە: 

" رۆژنامە قەدەغە ناکرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت"

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکى سەربەخۆى قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵى 2009 لە شارى سلێمانى لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر( رازاو شەریف، هیوا عوسمان، عمار الشابندر، توانا عوسمان، رەحمان غەریب) دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە. تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵى 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شارى هەولێر ئەندامانى بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. سڵانی 2011 و 2012 و 2013 راپۆرتی ساڵانەی لەسر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.

بۆ پەیوەندیکردن:
بەشی تۆمارکردن : 07708079999 


AM:09:06:20/05/2014




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌