عه‌فرین: ڕۆژنامەنووسێكی تەمەنی ٢٢ ساڵی كورد شەهیدبوو
PM:03:33:24/01/2018


میترۆ
لە كاتی ڕووماڵكردنی هەواڵی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین، ڕۆژنامەنووسێكی تەمەنی ٢٢ ساڵی كورد شەهیدبوو.

‎بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی‌  (ANHA)، لە كاتی ڕوماڵكردنی هێرشێكی سوپای توركیا، بۆ سەر گردی قەستەل جندۆی سەربە شارۆچكەی شەرای‌ لە شاری‌ عەفرین، ڕۆژنامەنوسی كورد (تۆلهلدان وەڵاتێ)‌ شەهیدبوو.

هه‌ر به‌پێی‌ هه‌واڵه‌كه‌ی‌ ئاژانسی‌ (ANHA) ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌،  تۆلهلدان وەڵاتێ تەمەنی‌ ٢٢ ساڵە و  وەك پەیامنێر و فۆتۆگرافەر بۆ ناوەندی ڕۆژنامەگەری YPG كاریكردووە.

‎شەڕی عەفرین ئەمڕۆ پێی نایە پێنجەم رۆژیەوە و سوپای تورکیا و شەڕڤانان ئاماری جیاواز لەبارەی شەڕەکەوە بڵاودەکەنەوە.

‎لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە، سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بە پاڵپشتی فڕۆکە و تۆپبارانی چڕی تورکیا ھێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر شاری عەفرینی خۆرئاوای کوردستان دەستپێکردووە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە دەڵێن، بەرگرییەکی توند لە کانتۆنی عەفرین دەکەن و ھێرشبەرەکان ھیچ پێشڕەوییەکەی ئەوتۆیان نەکردووە.
‎لە ڕووی مرۆییشەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیاوە ھەزاران ھاوڵاتی ھەوڵ دەدەن بۆ ناوچەکانی پارێزگای حەلەب ھەڵبێن بەڵام ھێزەکانی حکومەت ڕێگەیان پێنادەن خاڵەکانی پشکنین ببەزێنن