كه‌مپینی‌ نا بۆ خراپ به‌كارهێنانی‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان راگه‌یه‌ندرا
AM:10:56:27/01/2018


میترۆ، سلێمانی‌ 

ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسان و هونه‌ر مه‌ندان كه‌مپینێكیان به‌ناوی‌  نا بۆ خراپ به‌كارهێنانی‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان راگه‌یه‌یاند. 

ئه‌م كه‌مپینه‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ و ئامانج له‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌و كه‌مپینه‌ش هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانه‌ له‌ به‌كارهێنانی‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ سود وه‌رگرتن نه‌ك خراپ به‌كارهێنان. 

له‌ رونكرده‌وه‌یه‌كیشدا ئه‌ندامانی‌ ئه‌و كه‌مپینه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەشێکی گەورەی ژیانی خەڵکی، لەلای زۆرێک کە بە مەبەستی زانیاری وەرگرتن و سوودوەرگرتن و ھەندێکیش تەنیا بۆ مەبەستی کات بەسەربردن بەکاریدێنن.


ده‌قی‌ رونكردنه‌وه‌كه‌: 
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەشێکی گەورەی ژیانی خەڵکی، لەلای زۆرێک کە بە مەبەستی زانیاری وەرگرتن و سوودوەرگرتن و ھەندێکیش تەنیا بۆ مەبەستی کات بەسەربردن بەکاریدێنن.

لەماوەیەکی کەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان گەشەی کرد و زۆربەی خەڵکی لە ئێستەدا خاوەنی لاپەرەیە لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە کاریگەری تەواوی بەسەر تاک ھەیە، ماوەیەکە دەبیندرێ تۆڕە کومەڵایەتییەکان بووەتە ھۆی کێشەی زۆری تاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بەجۆرێک بەربڵاوبووە کە ھەڕەشە و ناوزڕداندن و بابەتی دروستکراو و ھەتا کوشتنیشی لێکەوتووەتەوە، "کەی مەگەزین" وەکو ئەرکێکی سەرشانی بە مەبەستی ھۆشیارکردنەوەی تاکی کورد لەبەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان "ھەڵمەتی نا بۆ خراپ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" ڕادەگەیەنێ بە دروشمی "بەرەو ھۆشیاری تاک".

کارەکانی ھەڵمەتەکە فراوان دەبێت لە تەواوی کوردستان، سەرەتایش بۆ ڕاگەیاندنی و ناساندنی ھەڵمەتەکە ڕێکلامێکی ڤیدیۆیی کە کەسایەتییە ناسراوەکان لە گۆرانیبێژ و ئەکتەر و پێشکەشکار و بێژەر بەشدارییان کردووە، ھەر یەکێکیان بە ڕستەیەک گوزارشتیان لە کێشەکانی خۆیان کردووەو بەشداربوونە، رێکلامەکە لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن بڵاودەبێتەوە، بۆیە زۆربەی میدیاکان گرنگە ھاوکاربن لە گەیاندنی ئەو پەیامە و لەو ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەیە بە ڕاپۆرت و بەرنامەکانیان.

ھەروەھا ھەموو ھونەرمەند و میدیاکارێک و کەسانی دیکەیش دەتوانن پەیامی خۆیان بە ڤیدیۆ تۆماربکەن و بۆمانی بنێرن تا لە لاپەرەکانی "کەی مەگەزین" بڵاوببێتەوە.

کارەکانی ھەڵمەتەکە ھەنگاوی دیکەی دەبێت وەکو پانێڵ و رێکخستنی سیمینار لە زانکۆ و شوێنە گشتییەکان، ھەروەھا لە ڕووی یاساییەوە کار دەکرێت کە یاسا بۆ ئەو کارانە کاری پێبکرێت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ناوەندە یاسایی و جێبەجێ کارەکان.