‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ گه‌مارۆی میدیایی‌ له‌سه‌ره‌
PM:05:53:29/01/2018

میترۆ، سلێمانی‌
هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ی‌ 25/ ئه‌یلولی‌ 2017 له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقییه‌وه‌ گه‌مارۆی میدیایی‌ له‌سه‌ره‌ و ئاسته‌نگ بۆ پێدانی‌ فیزه‌ به‌و رۆژنامه‌نوس و میدیاكارانه‌ دروستده‌كرێت كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غداوه‌ بێنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

له‌دوای‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌  25 ئه‌یلولی‌ 2017 و داخستنی‌ فرۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌و رۆژنامه‌نوس و میدیاكارانه‌ی‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت بێن بۆ  هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت به‌فلته‌ری‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدادا تێپه‌ڕن ، ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگی‌ بۆ دروستكردوون، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر بێت و له‌كاتی‌ داواكردنی‌ فیزه‌دا بڵێن ده‌چین بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وا فیزه‌یان نادرێتێ‌.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ سایتی‌ وێستگه‌ كه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداره‌وه‌ كۆیكردۆته‌وه‌ زۆرینه‌ی‌ میدیاكارو رۆژنامه‌نوسه‌كان سنوری‌ توركیایان پێباش نییه‌ تاوه‌كو لێوه‌ی‌ بێنه‌ ناو هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، له‌به‌ر ئاسته‌نگه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غداش ناتوانن بێنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و پرۆسیسانه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق جێبه‌جێی‌ ده‌كات هه‌ندێك جار ماوه‌ی‌ داواكردنی‌ فیزه‌ی‌ عێراق بۆ هه‌ر بیانییه‌ك سێ‌ مانگی‌ ئه‌وێت، دواتریش له‌كاتی‌ هاتنیاندا خوێنیان لێ‌ وه‌رده‌گیرێت" ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی‌ ترس له‌لای‌ میدیاكاران و رۆژنامه‌ بیانییه‌كان".

پێشتر هه‌ر كاتێك رۆژنامه‌نوسێك بیویستایه‌ بێته‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌فرۆكه‌خانه‌كانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر داده‌به‌زین و مۆڵه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ 40 رۆژیان پێده‌درا.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ سایتی‌ وێستگه‌، تا ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 93 میدیاكارو میدیای‌ بیانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بوونیان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هۆی‌ ڕِێ‌ و شوێنه‌كانی‌ به‌غداو ئاسته‌نگه‌كانی‌ به‌رده‌میان،  زۆرینه‌یان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌ماون ، یاخود ناتوانن هاتووچۆ بكه‌ن و كاری‌ میدیایی‌ له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئاماده‌بكه‌ن.

له‌كاتی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ شه‌نگال و خازرو شه‌ڕه‌كانی‌ تری‌ پێشمه‌رگه‌ و داعشدا، ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار زۆر له‌ رۆژنامه‌نوس و میدیاكار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و چاودێری‌ بارودۆخه‌كه‌یان كردووه‌و ڕووماڵی‌ شه‌ڕه‌كانیان كردووه‌.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ سایتی‌ وێستگه‌ نیوز، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ كه‌مترین ئاماده‌یی‌ هه‌بێت له‌میدیا جیهانییه‌كاندا.

نه‌هاتنی‌ میدیا بیانییه‌كان ته‌نها كاریگه‌ری‌ نییه‌ له‌سه‌ر ده‌نگی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێژه‌یی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر شۆفێر و ئه‌و رێكخه‌رانه‌ش هه‌یه‌ كه‌ كاریان له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی‌ كه‌ناڵه‌ بیانییه‌كان كردووه‌.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ سایتی‌ وێستگه‌، تیمی‌ سی‌ ئێن ئێن له‌كاتی‌ ریفراندۆم و شه‌ڕه‌كاندا نزیكه‌ی‌ 20 ژوریان له‌ئۆتێلێكی‌ شاری‌ هه‌ولێر گرتووه‌. جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ندین رێكخه‌رو شۆفێركاریان له‌گه‌ڵ كردوون ،به‌ڵام له‌ئێستادا زۆرینه‌یان بێ‌ كار ماونه‌ته‌وه‌.

وێستگه‌ نیوز-