دوایین ئاگاداركردنەوە دەدرێتە زیاتر لە 50 كەناڵی راگەیاندن
AM:11:08:01/02/2018

میترۆ، سلێمانی‌ 
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان دوایین ئاگاداركردنەوە ئاراستەی ژمارەیەك كەناڵی راگەیاندن دەكات و بەڕێوەبەرێكی ئەو وەزارەتەش دەڵێت "تەنها 10 رۆژ لەبەردەم ژمارەیەك كەناڵی راگەیاندندا ماوە و ئەگەر پابەندنەبن بە پێدانی ئەو پارەیەی لایانە، كەناڵەكانیان دادەخرێن".

محەمەد گەردی بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم بە رادیۆی نەوای راگه‌یاندووه‌ "دوای ئەوەی هەفتەی رابردو كەناڵەكانی راگەیاندن ئاگاداركرانەوە لەبارەی پێدانی پارەی نوێكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنیان و ماوەی یەك هەفتە دیاریكرا بۆیان، تائێستا زیاتر لە 25 كەناڵ بەدەم داواكاریەكەمانەوە هاتون و پارەی قەرزەكانیان رەوانەی وەزارەتی رۆشنبیری كردوە".

وتیشی "بڕیاربوو رۆژی 1ی شوبات داویین رۆژی مۆڵەتی كەناڵەكان بێت و هەر كەناڵێك مۆڵەتەكەی نوێ نەكردبێتەوەو پارەی قەرزەكەی نەگەیاندبێتە وەزارەت، پەخشی رابگیرێت و دابخرێت، بەڵام لەسەر داوای ژمارەیەك كەناڵ ماوەكە تا رۆژی 10ی شوبات درێژكراوەتەوە".

ئاشكراشیكرد، ئەو كەناڵانەی تائێستا پابەندی نوێكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنیان نەبوون، زیاترن لە 50 كەناڵ و ئەو ماوەیەشی بۆیان دیاریكراوە دوایین مۆڵەتە و ئەگەر پابەندی ئاگاداركردنەوەكە نەبن، پەخشی كەناڵەكانیان رادەگیرێت و دادەخرێن.