‌روونكردنەوەی سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا سەبارەت بە راگرتنی پەخشی KNN




میترۆ، سلێمانی‌ 
ئاوات عەلی، سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا رایدەگەیەنێت، ئەوان كۆتایی مانگی 12 موچەی كارمەندەكانی خۆیان دواخست بۆ ماوەیەك و لە بری ئەوە پارەی فریكوێنسی و تەلەپۆرتی كەناڵی (KNN)یان سەرفكردووە و بریاڕیشیان داوە بۆ تەواوی ئەمساڵ پارەیان لێ نەسەنن و هاوكاریان بكەن و لە كۆتایی ساڵدا ئەگەر پارەیان هەبوو بیدەن.

ئاوات عەلی، سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا لە روونكردنەوەیەكدا بەناوی (تەنها بۆ مێژوو) سەبارەت بە راگرتنی پەخشی كەناڵی (KNN) بڵاوكردەوە كە وێنەیەكی بۆ وێستگە نیوز ناردووە. 

ئاوات عەلی رایگەیاندووە "٣١/١٢/٢٠١٧ ئێمە وەك دامەزراوەی میدیایی نالیا پارەی موچەی كارمەندانمان كۆكردبوەوە كە سەرفی بكەین، بەڵام كەناڵی كەی ئێن ئێن پێیان راگەیاندین كە پارەی فریكوێنسیان نییە (چونكە دەبوو لە ٣١/١٢ گرێبەستەكەیان نوێ بكردایەتەوە و پارەی ساڵێكیان بدایە)، بۆیە ئێمە پارەی موچەی كارمەندەكانی خۆمان دواخست بۆ ماوەیەك و لە بری ئەوە پارەی فریكوێنسی و تەلەپۆرتی كەناڵی كەی ئێن ئێن مان سەرفكرد و بریاڕیشماندا بۆ تەواوی ئەمساڵ پارەیان لێ نەسەنین و هاوكاریان بكەین و لە كۆتایی ساڵدا ئەگەر پارەیان هەبوو بیدەن".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمە بڵاو ناكەمەوە وەك ئەوەی كارێكی گەورەمان كردبێت، بەڵكو پێمانوابووە هاوكاری ئەو كەناڵە و هاوڕێكانمان ئەركێكی ئەخلاقییە، بەڵام بەڕاستی من وەك سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا كە خۆم بەڕێز كاك عومەری سەید عەلیم بینیوە و خۆم ئەم نوسراوەم واژۆ كردووە (كە لە بەراری ٢٨/١٢/2017 واژۆكراوە) ، پێم ناخۆشە ئێستا لێرە و لەوێ لە بری سوپاس، یان تەنانەت لە بری بێ دەنگی، دەبیستین كە تۆمەتبارمان دەكەن بەوەی ئێمە هاوكاریمان نەكردوون".

ئاوات عەلی وتوشیەتی "بۆ مێژویش، تەنها هاوكاری كەی ئێن ئێنمان نەكردووە، راستە مەبلەغەكەی كەی ئێن ئێن بۆ ساڵەكە زۆرە كە بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلارە (٣٠ دەفتەر) ساڵی پاریش ٥٠،٠٠٠ دۆلارمان خاتر گرتوون، بەڵام كەم تا زۆر هاوكاری كەناڵەكانی تریشمان كردووە، لە نێویاندا : رێگا، ئامۆژگاری، پەیام".

لە كۆتاییشدا دەڵێت "هیوادارم هەمومان پێكەوە بتوانین بە دوای خاڵە هاوبەشەكانماندا بگەڕێین، خاڵە باشەكانی یەكترمان لە یاد بێت ، نەك رق و كینە بڵاو بكەینەوە . پێزانینمان هەبێت بۆ هاوكاری یەكتر ، نەك پێچەوانەكەی".

شەوی رابردوو كەناڵی KNN لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی ماوەی نۆ ساڵە كەناڵەكەیان لەخزمەتی هاوڵاتیاندا كارو بەرنامەكانی خۆی پەخش كردووە بەدرێژی ئەو هەموو ساڵەش بەهاوكاری كارمەندانی كەناڵەكەیان، KNN گوێی نەداوە بەهەمو ئەو هەوراز و نشێویانەی كە هاتونەتە ڕێگەی بەردەوامیش بووە لەدەرخستنی ئەو راستیانەی كە لەلای خەڵك شاراوە بوون وەك بودجە و رۆڵی پەرلەمان ‌و هەموو ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانانەی لە سەروەت ‌و سامانی ئەم ولاتەدا دەكرا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئێستاش بەهۆی كێشەی تەكنیكیەوە لە كاتژمێر 12 ئەمشەوەوە پەخشی بەرنامەكانیان بۆ ماوەیەكی كاتی ڕادەگیرێت و بەڵێن دەدەن لەداهاتوویەكی نزیكدا بە وەرزێكی نوێوە دەست پێدەكەنەوە.

كەناڵی ئاسمانی KNN زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕانە و ئۆفیسی سەرەكی لە مەكۆی سەرەكی گۆڕانە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی.



PM:05:20:01/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌