هێزێكی حەشدی شەعبی رۆژنامەنوسێك دەرفێنن



میترۆ، سلێمانی‌ 

3 ی شوباتی 2018: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان داوا لە سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی و دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی شارەكە دەكات بكەرانی تاوانی رفاندنی ئەو رۆژنامەنوسە رادەستی دادگا بكرێت، دواش دەكات كە رێز لە رۆژنامەنوسەكانی شاری كەركوك بگرن و سەلامەتی گیانی رۆژنامەنوسان لە ئەستۆی ئەواندایە.

لە شاری كەركوك، (هوشیار رەمەزان) رۆژنامەنوسی جەنگی و هاوكات بەرپرسی راگەیاندنی میحوەری باشوری كەركوكی هێزەكانی پێشمەرگە، دەرفێندرێت، لێدەدرێت و دواتر هەڕەشەی لێدەكرێت كە ئەگەر لە كەركوك بمێنێتەوە و كاری رۆژنامەوانی بكات.

ئەو رۆژنامەنوسە شەوی 31 ی كانونی دووەمی 2017 پەیوەندی بە سەنتەری میترۆوە كرد، سكاڵاكەی خۆی تۆمار كرد، رۆژی 2 ی شوبات نوێنەری سەنتەری میترۆ لە شاری كەركوك لەگەڵ هوشیار كۆبۆوەو باسیان لە روداوەكە كرد.

هوشیار ، لە پێش ١٦ ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ماڵیان لە كۆمەڵگای سەیادەی كەركوك بوو ، بەهۆی ئەوەی لە روی راگەیاندنەوە كاری بۆ هێزی پێشمەرگە كردوە، هێزی هاوبەشی حەشدی سوونی و حەشدی شەعبی چونەتە سەر ماڵیان، 
هوشیار وتی" ماڵەكەیان تاڵانكردم، تەواوی بەڵگەی ئەو تاوانەم رادەستی پۆلیسی گشتی كەركوك كردوە"

بە پێی قسەكانی هوشیار پێشتریش ئەو هێزانە چونەتە سەر ماڵی ئەو رۆژنامەنوسە پێداویستەكانی كاری رۆژنامەوانیەكەیان بردوە، لە ناویاندا "لاپتۆت و كامێرایی ڤیدیۆ و كامێرایی فۆتۆ كە زیارتر لە هەشت هەزار فۆتۆیی هێزەكانی پێشمەرگەی تێدابوو كە لە سێ ساڵی شەری داعش ی بەرەنگاری تیرۆر كارم تیا كردوە"

شەوی 29ی كانوی دووهەم پۆلیسی ئیتیحادی و ئاسایشی گشتی عێراق هەڵیانكوتایە سەر ماڵی ئەو رۆژنامەنوس لەگەڕەكی كوردستان.

هوشیار وتی " منیان رفاند ، دوایی نیو كاتژمێر دەستبەسەركردن لای فرۆكەخانەی كەركوك منیان فرێدا و بە بۆكس لوتیان شكاندنم و زۆریان لێدام"

بەپێی چەندین بەڵگە كە نوێنەری سەنتەری میترۆ لە كەركوك چاوی پێكەوتوە هوشیار رەمەزان داوایی یاسایی لەسەر چەند كەسێكی ناو حەشدی شەعبی و حەشدی سوونی تۆماركردووە بەڵام لەبە ر رێكارە یاساییەكان پێمان باش نەبوو ناوی تۆمەتبارەكان بڵاو بكرێتەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان لە كاتێكدا كە ئەو هێرشە سەركۆنە دەكات و سەلامەتی گیانی رۆژنامەنوسانی ئەو شارە دەخاتە ئەستۆی دەسڵاتدارانی شارەكە، داواش دەكات كاری جدی بكەن بۆ دەستگیركردنی تاوانباران و رادەستی دادگایان بكەن.

بەوپێیەی كە هوشیار تەواوی بەڵگەكانی پێشكەش بە دەزگا ئەمنیەكانی شاری كەركوك كردوە ، بەپێی بەڵگەكانیش بكەران ئاشكران كە كێن و سەر بە چ لایەنێكن بۆیە بۆیە هەر كەمتەرخەمییەك لەم كەیسەدا لە ئاستی چاوپۆشیكردنە لە تاوان"

لە دوای روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەرەوە لە كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری، پێشێلكاریەكی زۆر بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان تۆماركراوەو بەشێك لە رۆژنامەنوسەكان شاری كەركوكیان جێهێشتوە، دوو كەناڵی كوردیش (رووداو، كوردستان 24) لەشارەكە قەدەغە كراون.

هەروەها لە شەوی 29 ی تشرینی دووەمی 2017 رۆژنامەنوس ئەركان شەریف بە شێوەیەكی دڕندانە بەبەرچاوی خێزانەكەیەوە لە قەزای داقوق، تێرۆر كراوە.


PM:06:46:03/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌