به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ كه‌ناڵی‌ جه‌ماوه‌ر داخرا



میترۆ، سلێمانی‌ 
کەناڵی ناوخۆیی (جەماوەر) کە بە زمانحاڵی فەرمی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دادەنرێت، بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بڕە پارەیەکی دیاری کراو بۆ نوێ نەکردنەوەی مۆمەڵەتی ساڵانەی، داخرا.


عەبدولڵا حاجی مەحموود، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتاری کوردستان، لە فراکسیۆنی حزبی سیۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی، ڕاگەیاند: "کەناڵی جەماوەر، ساڵانێکی زۆرە خزمەتێکی بەرچاوی بە میدیای کوردی و ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی قەیرانی دارایی و نوێ نەکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، ئەمڕۆ سێشەممە 13/2/2018 کەناڵەکە داخرا".


ئەو پەرلەمانتارەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستە روو کە ھەندێک کەس پێی وایە کەناڵی (جەماوەر) پارەیەکی زۆری بۆ خەرج کراوە، بەڵام ”ھەمووی پروپاگەندە بووە، چونکە پێشتر کەناڵی جەماوەری بەم شێوەیەی ئێستای کێشەی قەیرانی دارایی نەبووە، بەڵام لەو کاتەوەی کە بودجەی حزبە سیاسییەکان بڕاوە، کەناڵەکەمان ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری بووەتەوە، بۆیە بەناچاری ئەمڕۆ کەناڵەکەیان داخستووە".


ئاشکراشی کرد کە کەناڵی تەلەڤزیۆنی، بە بڕە پارەیەکی زۆر بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوان ئەو پارەیەیان نییە، گوتیشی: "ھەرچەندە بەرەو ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ھەنگاو دەنێن، بێگومان ھەموو حزبەکان پێویستییان بە بانگەشەی ھەڵبژاردنە ئەویش لە ڕێگەی کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە دەتوانی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ حزبەکەت بکەیت، بەڵام ئێمە کە تەلەڤزیۆنەکەمان داخستووە، دەمانەوێ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەین".


کەناڵی (جەماوەر)، زمانحاڵی فەرمیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە، ماوەی چەند ساڵێکە لە تەلەڤزیۆنی کراوەتەوە کەناڵی ئاسمانی، نووسینگەی سەرەکی لە شاری سلێمانی بوو.


PM:06:13:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌