وان ئیفرا خەڵاتی باشترین سۆشیاڵ میدیای بۆ ساڵی 2017 بەخشییە رووداو
AM:10:29:01/03/2018
میترۆ
کۆمەڵەی جیهانیی رۆژنامە و بڵاوکراوەکان (وان ئیفرا) خەڵاتی باشترین سۆشیاڵ میدیای لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ساڵی 2017 بەخشییە رووداو. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 28 ی شوبات، 13ـەیەمین کۆنفرانسی ساڵانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وان ئیفرا لە دوبەی بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی باشترین سۆشیاڵ میدیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ساڵی 2017 بەخشرایە رووداو.


هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو دەڵێت "پیرۆزبایی لە خۆمان و رووداو، لە هەموو فانەکان و میدیای کوردیی دەکەین کە پۆرتاڵی رووداو قۆناخێکی نوێی بڕی و چووە ئاستێکی نێودەوڵەتی".

بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو ئاماژە بەوەش دەکات "وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە لێپرسراوێتیمان زیاتر دەکات و دەبێ زیاتر ئاگاداری کوالێتی بین".

بەگوتەی لهۆنی، بەهۆی بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پۆرتاڵی رووداو راستەوخۆ دەبێتە کاندید بۆ هەمان خەڵات لە ئاستی جیهاندا، کە بڕیارە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە بەرلین رابگەیێندرێت.

وان ئیفرا (WAN-IFRA) بە مانای کۆمەڵەی جیهانیی رۆژنامە و بڵاوکراوەکان دێت. لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیایە. ساڵانە چەند خەڵاتێکی بۆ باشترینەکانی دیجیتاڵ میدیا لە جیهان، ئەوروپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا هەیە.

دامەزراوەی جیهانی وان ئیفرا تۆڕێکی گەورەی جیهانییە و لە سێ هەزار کۆمپانیای میدیایی و تەکنۆلۆژی پێکهاتووە. هەروەها 80 دامەزراوەی بڵاوکردنەوە ئەندامن تێیدا، کە نوێنەرایەتی 18 هەزار دەزگا لە 120 وڵاتەوە دەکەن.

ئەمساڵ لە 13ـەیەمین کۆنفرانسی ساڵانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وان ئیفرا کە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، خەڵاتەکانی 2017 دابەشدەکرێن و سۆشیاڵ میدیای رووداو خەڵاتی  باشترین سۆشیاڵ میدیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەردەگرێت.

رۆژی چوارشەممە 28-2-2018 مەراسیمەکە لە دوبەی دەستپێدەکات و تێیدا نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەدەبێت. بڕیاروایە کاژێر 16:30 خولەکی ئەو رۆژە لە مەراسیمێکی گەورەدا خەڵاتەکان دابەشبکرێن.

لە مەراسیمەکەدا چەندین کەس قسە دەکەن و ژمارەیەک سیمیناریش پێشکەشدەکرێن، لەوانەش وەزیرێکی حکومەتی ئیمارات، بەڕێوەبەرانی وان ئیفرا، سیمینارێک لەبارەی رەوشی میدیای سوێد و رۆژنامەکان، گوتاری مامۆستایەکی زانکۆی هارڤارد لەسەر میدیا دوای فەیسبووک و سیمینارێک لەسەر رەوشی میدیای دانیمارک.

لە رۆژەی دووەمی مەراسیمەکەدا کە دەکاتە پێنجشەممە 1-3-2018، چەند سیمینار و پانێڵێک پێشکەشدەکرێن، لەوانەش: رەوشی میدیا لە سەنگاپورە، دۆخی میدیا لە نەرویج، سیمینار لەبارەی میدیای بەلجیکا، سیمیناری گووگڵ، سیمیناری زانکۆی میونشن لە سەر میدیا و داهات، سیمینار لەسەر هۆڵیود و میدیا و هەروەها گەشتێک بەنێو دوبەی پرۆدەکشن و دوایین پێشکەوتنەکانی ستۆدیوی بەرهەمهێنان.

پۆرتاڵی رووداو لەڕووی ژمارەی سەردان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق یەکەمی بێ کابەرە. سۆشیاڵ میدیایی رووداویش لەڕووی خزمەتگوزارییەکانییەوە بۆ وەرگر و فانەکانی نەک تەنیا لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا یەکێکە لە سۆشیاڵ میدیا هەرە کاریگەر و پێشەنگەکان.

ساڵی 2017 پۆرتاڵی رووداو لەنێو میدیا جیهانییەکانی دیکەدا یەکێک بوو لە فایناڵیستەکانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی "زە درەم" بۆ میدیای ئۆنلاین، کە ساڵانە لە لەندەن بۆ چەند بوارێکی جیاواز دابەشدەکرێت.

لە مانگی 10ی ساڵی 2017، دامەزراوەی مۆندۆڤۆ کە تایبەتە بە خستنەڕووی داتای دیجیتاڵ میدیاکان، لە راپۆرتێکدا سامپڵی مانگێکی چەند میدیایەکی جیهانی بڵاوکردەوە، تێیدا سۆشیاڵ میدیای رووداو لە هەندێک بواردا پێش دەزگا گەورەکانی وەک (سی ئێن ئێن CNN، ئەلجەزیرە Jazeera، سکای نیوز و ئەلعەرەبییە) کەوتبوو.

لە ساڵی 2016ـدا کۆمپانیای فەیسبووک هاوبەشی میدیایی لەگەڵ کۆمەڵێک دەزگای راگەیاندنی جیهانی راگەیاند کە جێگای متمانەن، یەکێک لەوانەش پۆرتاڵی رووداو بوو. بەپێی ئەو هاوبەشییە بێبەرامبەرە، فەیسبووک کۆمەڵێک خزمەتگوزاری تایبەت دەداتە پۆرتاڵی رووداو کە بریتیین لە: راپرسی ئۆنلاین، لابردنی گشت پەیجە ساختەکان، ڤێریفایکردنی ئەستێرەکانی رووداو، پاراستنی کارمەندانی رووداو لە هاککردن و رێگەگرتن لە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی رووداو بەشێوەی نادروست و چەندین خزمەتگوزاری دیکە.

وان ئیفرا چییە؟

کۆمەڵەی جیهانی رۆژنامەکان و بڵاوکراوەکان (وان- ئێفرا)، دامەزراوەیەکی جیهانییە و تایبەتە بە بواری رۆژنامەڤانی لە جیهاندا. دەسەڵاتی خۆی لە تۆڕێکی جیهانی لە کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و تەکنۆلۆژیا بەدەستدەهێنێت. هەروەها شەرعییەتیشی لە 80 ئەندامی بڵاوکەرەوەی وەردەگرێت، کە 18 هەزار بڵاوکراوە لە 120 وڵاتی جیهان بڵاودەکەنەوە.

ئامانجی وان ئیفرا چییە؟

ئامانجی وان ئێفرا وەکو لە وێبسایتەکەی خۆیان ئاماژەیان بۆ کردووە، پاراستنی مافی رۆژنامەڤانانە لە سەرانسەری جیهان. هەروەها دابینکردنی میدیایەکی ئازاد و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پرۆفێشناڵە بە ئەندامەکانی، لەپێناو یارمەتیدانیان لە گەشەسەندن لە جیهانی دیجیتاڵدا، بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەکاندا بگێڕن.

لەماوەی 70 ساڵی رابردوودا وان ئیفرا پابەندبووە بە بەهێزکردنی هەماهەنگیی کار لەنێوان دەزگاکانی بڵاوکردنەوەدا. باشترینەکانی لە کار و تەکنۆلۆژیادا دەستنیشانکردوون لەپێناو هەماهەنگی و بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمەکانیش، لەگەڵ دەسەڵاتداران و دامەزراوەکانی وەشان کاریکردووە بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ ئازادیی رۆژنامەڤانیی بکات و سەربەخۆیی دامەزراوە هەواڵییەکان بەرەوپێشەوە ببات.
   
وان ئیفرا میحوەرێکی مەعریفی و سەرچاوەیەکی جیهانییە بۆ وەشانخانەکان، ئێدیتۆر، پێشەنگەکانی تەکنۆلۆژیا، بەڕێوەبەرانی بازرگانیی دیجیتاڵ، دامەزراوەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە.

دامەزراوەی وان ئیفرا جەخت لەسەر سێ لایەن دەکاتەوە: داهێنان و بەرەوپێشبردنی کار، رێکخستن و سیاسەتی راگەیاندنی جیهانی. هەموو ساڵێک 9 هەزار بەڕێوەبەر کە لە 3500 دامەزراوەی هەواڵی، تەکنۆلۆژی و بازرگانی کاردەکەن، خزمەتگوزارییەکانی وان-ئێفرا بەکاردەهێنن.

وان- ئیفرا لەڕێگەی کۆمەڵێک چالاکی و فۆرمی ساڵانەوە باشترین هاوبەشەکانی نیشاندەدات. وەکو خۆی دەڵێ "ئێمە باشترینەکانی سەرانسەری جیهان دەستنیشان دەکەین" و هانی گەشەسەندن دەدەین لەڕێگەی دابینکردنی پلاتفۆرمێکی شیاو بۆ شوێنێکی شیاو و خەڵکی شیاو، ئەوەش لەڕێگەی 50 چالاکی ساڵانە، هەر لە وۆرکشۆپی بچووکی داخراو، تاوەکو سیمینار و چالاکی جیهانیی گەورە.
 

ماشتیل چیمپ، بەڕێوەبەری وان - ئیفرا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێ: "وان - ئیفرا زانیارییە راستەوخۆکان، هاوبەشیکردن لە زانین و پەیوەندییەکان وەکو پاڵنەرێکی بەهێز سەیردەکات، لەپێناو گۆڕانکاری سەرکەوتن. گەشەسەندنی خێرا و پەیڕەوکردنی تەکنیکی نوێ دەبێتە هۆی دەرکەوتنی رێڕەوی نوێ لە ئامرازەکانی راگەیاندن و دەزگاکانی راگەیاندن ناچاردەکات بەخێراترین شێوە وەڵامی ئەو گۆڕانکارییانە بدەنەوە و کارەکانی خۆیان بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکان رێکبخەنەوە. ئێمە لەڕێگەی ئەو چالاکییانەی ئەنجامیان دەدەین، هەوڵدەدەین راستەوخۆ بەرپرسانی دەزگاکانی راگەیاندن بەیەکدی بگەن بۆئەوەی زانیارییەکان و تاقیکردنەوەکانی خۆیان ئاڵوگۆڕ بکەن و باشترین رێڕەوەکان لەو بوارەدا هەڵبژێرن".

رووداو