ئەمڕۆ یەکەمین کەناڵی کوردی تایبەت بە ژنان دەکرێتەوە
PM:12:59:08/03/2018

لە ٨ی مارسدا یەکەمین کەناڵی کوردی تایبەت بە ژنان بە ناوی ژن تیڤی دەکرێتەوە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانیش دەڵێت: ئەم کەناڵە پێشکەش بە تێکۆشانی ژنان دەکەین.

 

ئەمڕۆ لە ڕۆژی ٨ی مارسدا، کەناڵی ژن تیڤی بە دروشمی'دەنگی ژنان، ڕووی ژیانە' دەست بە پەخشی خۆی دەکات.

 

ساکار عەبدوڵا، بەڕێوبەری ئۆفیسی سلێمانی  ژن تی ڤی سەبارەت بە کردنەوەی کەناڵەکەیان بە ڕۆژنیوزی وت: بیرۆکەی کردنەوەی ئەم کەناڵەمان بە پێویستزانی لەم بارودۆخەی هەرێم و بەتایبەت ئەو ژیانەی کە ژنان پێیدا تێپەڕدەبێت، هاوکات درێژەپێدەری ڕێبازی سەرۆک ئاپۆ دەبێت، کە بەردەوام بۆ ئازادی ژنان لە تێکۆشاندایە.

ساکار، ئاماژەی بەوەشدا: ئامانجمان گەیاندنی گوزارشتەکانی ناخی ژنانە، تا ببین بە دەنگێکی ناڕازی بۆ ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان دەکرێت و دەرخستنی توانا و ئیرادەی ژنانە، دروشمی ئێمەش دەنگی ژنان، ڕووی ژیانە.

 

ماوەی ساڵێکە کارمەندانی ژن تی ڤی خەریکی دروستکردنی ناوەندێکن وەک لقێکی ژن تیڤی لە باشور و هەموو کارمەندەکانیان ژنن، هەروەها لە ڕۆژی ٨ی مارسدا کردنەوەی کەناڵەکە وەک دیاری پێشکەش بە تێکۆشانی ژنان دەکەن.

 

ژن تیڤی، بەزمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی و کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە، لە کوردستان پەخش دەکرێت و ناوەندەکەشی لە ئەوروپایە، ژن تیڤی وەک یەکەمین کەناڵ لە کوردستاندا و دووەمین کەناڵ لە دوای کەناڵێکی ئەفغان دادەنرێت لە جیهاندا، کە لە سەر دەستی ژن دامەزرێندرابێت.

 

 

فریکوێنسی کەناڵی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە:

 

Peyk: Hotbird 13°E

Frekans: 11 054 MHz 

Polarizasyon: Horizontal

Symbolrate: 27500

FEC-rate: 5/6
 

روژنیوز