‌میترۆ: رێژه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ بیانی‌ له‌ هه‌رێم 90% كه‌میكردووه‌






بۆ رێكخراوەكانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەنوسی لە عێراق و جیهان

بۆ سەفارەت و كونسڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان

بابەت - یاداشت

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بە نیگەرانییەكی زۆرەوە، ئەم یاداشتە دەخاتە بەردەمتان بە ئامانجی تێگەیشتن لەو جۆر مامەڵەیەی دەزگا بەرپرسەكانی عێراق دەیانخاتە بەردەم رۆژنامەنوسان و نێردروای كەناڵەكانی میدیای نێودەوڵەتی كە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی كوردستانی عێراق بكەن.

بە پێی زانیارییەكانی سەنتەری میترۆ كە لە چەند رۆژنامەنوسێك و ناوەندێكی رۆژنامەوانی دەستی كەوتون رێوشوێنی پێدانی فیزا بە هەر رۆژنامەنوسێك یان تیمی میدیایی كە دەیەوێت سەردانی هەولێر بكات چەندین كۆسپ و بەربەستی لەبەردەمدا دادەنرێت، سەرباری ئەوەی لەلایەن سەفارەتەكانی عیراقەوە داوای بیرۆكەی راپۆرتەكانیان لێدەكریت خۆ ئەگەر بابەتەكانیان پەیوەندی بە هەریمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوا فیزایان پێنادرێـت.

رێوشوێنی فیزا وەرگرتن بۆ ئەوەانەی كارە رۆژنامەنوسیەكانیان پێویستی بە سەردانی هەرێمی كوردستان هەیە (3) هەفتە دەخاێنێت هەندێك جاریش درێژە دەبێت بۆ(2) مانگ یان رەتدەكرێتەوە.

پێشتر رۆژنامەنوسانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، ئەمریكا و كەنەدا وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتی ئەوانەی پێویستیان بە فیزا هەبوو، ئاسانكاری زۆریان بۆ دەكرا، لە ماوەی رۆژیك بۆ دوو رۆژ فیزایان وەردەگرت، بۆماوەی 40 رۆژیش بە بە بێ ئیقامە لە هەرێمی كوردستاندا ئازاد بوون.

بەربەستەكانی حكومەتەكەی بەڕێز حەیدەر عەبادی تەنها لە پێدانی (فیزا)دا ئاستەنگیان دروستنەكردوە، بەڵكو جگە لەوەش رۆژنامەنوسان هەندێك جار بۆ ماوەی 15 رۆژ ئیقامەی عیراقی وەرگرن، و ئیقامەی كوردستان لە هیچ شوینیكی عیراق باوەرپیكراو نییە و ناهێلن لە فرۆكەخانەكان دەربچن، سەرباری ئەوەی هەر ئەگەر وەفدیكی رۆژنامەوانی كەسێكی كوردی لەگەڵدا بێتەوە، لە هەر وڵاتێك بیت ڤیزای پینادریت.

بە داخەوە ئەو ژینگەیە وای لە هەندێ رۆژنامەنوس كردوە، بە تایبەت ئەو ڕۆژنامەنوسانەی باسیان لە گەمارۆكانی سەر هەرێم كردوەو رەخنەیان لە حكومەتی عێراق گرتوە، پێش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكانیان، عێراق جێبهێڵن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داواتان لێدەكات، هەوڵەكانتان بخەنە گەڕ بۆ هەڵگرتنی هەموو رێوشوێنێكی توند بەرامبەر هاتنی رۆژنامەنوسان بۆ هەرێمی كوردستان و كۆتایهێنان بە رێوشوێنانەی كە مافی زانیاری و ئازادی كاری میدیایی لەكەدار دەكات.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 و 2017 هەڵبژاردن بۆ دەستەی بەڕێوەبردن كراوە.
میترۆ 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە
بە پەیوەندی بە سەنتەری میترۆ
بەشی تۆمار: 07708079999 
پێگەی میترۆ: www.metroo.org


PM:12:40:13/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌