كەناڵێكی یەكگرتو داخرا






میترۆ، سلێمانی‌ 
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاند هێزە ئەمنییەكان لەناوەندی شاری هەولێر و دهۆك و شارو شارۆچكەكانی سەر بەو دو پارێزگایە رێگری لە روماڵی گردبونەوەو چالاكی مەدەنی دەكەن و لە زاخۆش كەناڵێكی یەكگرتوی ئیسلامیان داخست و لە هەڵەبجەش پەیامنێرێكی NRT دەستبەسەرە.


بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، دیاری موحەمەد راگەیاند چەندین سكاڵایان لە لایەن میدیاكارانی یەكگرتویی ئیسلامییەوە بە دەست گەیشتوە باس لە شێوازەكانی رێگری و فشاردەكەن ئەو وتی " داوا دەكەین ئەو فشارانە بوەستێت چونكە ئەمڕۆ روماڵكردنی هەواڵ بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا ئەو هەوڵانەیان شكست پێدێنێت".

 

دیاری موحەمەد ئیدانەی داخستنی كەنالێكی ناوخۆیی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان دەكات و داوای كرد دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە وتیشی" پۆلیسی زاخۆ چون كەلوپەلی كەناڵی خابیری ناوخۆییان بردوە، ئەو رەفتارانە ئیدانە دەكەین نازانین پشتیان بە چ یاساییەك بەستوە؟ ".

 
سەنتەری میترۆ داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكات رێز لە یاساو پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ بگرن و فشار نەخەنە سەر میدیا و میدیاكاران ئەو وتی" هەمو پێشێلكارییەكان دەكەینە راپۆرتیك و بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و كوردی بڵاویاندەكەینەوە، یاساشكێنی و پێشێلكردنی مافی مەدەنی خەڵك و ئازادی رۆژنامەنوسی باجی قورسی هەیە، لەپارێزگای هەڵەبجە پەیامنێرێكی ئێن ئار تی ‌و لە پارێزگای هەولێریش پەیامنێرێك‌و وێنەگرێكی كەناڵی پەیام دەستبەسەركراون داوا دەكەین بەزوترین كات ئازاد بكرێن".


PM:03:16:26/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌