‌ سەندیكای رۆژنامەنووسان ئاماری پێشێلكاری خۆپیشاندانەكانی ئاشكراكرد





میترۆ، سلێمانی‌ 
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاشكرای دەكات لە رۆژانی خۆپیشاندانەكان 18 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆماركراون.

حاكم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی رابردووی خۆپیشاندانەكان 18 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆماركراون كە ئەوەش زۆرە، بەڵام هەر كاتێك خۆپیشاندان و چالاكی هەبووبێت بەریەككەوتن دروست دەبێت.

ناوبراو بەئاماژەدان بەوەی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووس لە گرتن و رێگەگرتن و شكاندنی كەلوپەلەكانیان رەتدەكەنەوە و پێچەوانەوەی یاسایە، وتیشی "پێمانوایە نابێت میدیاكارانیش ببنە لایەنگر، بەڵكو كاریان گەیاندنی زانیارییە، حزبە سیاسییەكانیش ئەوانەی تازە دروستبوون ناكرێت سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵك بن بۆ موزایەدە و هەڵبژاردن".

لەرۆژی یەكشەممەی رابردووەوە بەمەبەستی داواكردنی نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە، خۆپیشاندان لە شارەكانی كوردستانی دەستی پێكردووە، لە شاری سلێمانی تائێستاش بەردەوامە و لەبەردەم دادگای سلێمانی خێمەیان هەڵداوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمی نوێی مووچەی راگەیاند كە لە مانگی داهاتووەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


PM:03:08:31/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌