هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی لە خانمە ڕۆژنامەنوسێك دەكرێت



میترۆ، هه‌ولێر 
نیاز عەبدوڵا، خانمه‌ رۆژنامه‌نووسی شاری هه‌ولێر كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌شداری خۆپیشاندانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی شاری هه‌ولێری كرد له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "من بەرپرسیارێتی خۆم و تەواوی هاورێ رۆژنامەنووسەکانم راستەوخۆ دەخەمە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگییەوە".

ئه‌و خانمه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراو جۆری لێكراوه‌ تا واز له‌ پشتگیری خۆپیشاندانه‌كان بهێنێت ده‌ڵێت: "لەچەند رۆژی رابردوودا تەنانەت هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیشیان لێکردووم".


"یەکێک لە بەڵتەچییەکان چوار هەفتە لەمەوبەر لەناو شاری هەولێر یەخەی بە من گرت و چەندین جوێنی پێدام"، نیاز وای وت.

سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەت کە وتبووی ئەگەر خۆپیشانده‌ران چەقۆ و ده‌مانچه‌یان پێی بێت، ئێمه‌ش ئاوا ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، خاتوو نیاز عەبدوڵا وتی: "هیچ خۆپیشاندەرێک تەنانەت بەردێکیشیان لەگیرفاندا نەبووە و ئاشتیخوازانەترین خۆپیشاندان بووە".

دەشڵێت "قسەکانی سەرۆکی حکومەت بەداخەوە دەریدەخات کە مەترسی راستەقینە لەسەر ژیانی ئێمەو ژیانی رۆژنامەنووسان و خەڵک هەیە کە بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە".

نیاز وتیشی: "ئەم بەڵتەچیانە لەنێوان دەزگای پاراستن و ئاسایش و پۆلیس و هەماهەنگ بە جلی مەدەنییەوە هێرشدەکەن، ئەوانە دەمانچەی جۆراوجۆریان پێیەو قەمەشیان پێیە، چەقۆی ئاساییان پێ نیە، قەمەی سەربازییەو هی دەزگا ئەمنییەکانە".

نیاز عەبدوڵا دەڵێت: "من بە دڵ سوپاسی خۆپیشاندەران دەکەم کە بە کچ و کوڕ و بە مامۆستا و فەرمانبەران و هەموو ئەو هاوڵاتیانەی لەوێ بەدڵ و بە گیان لەو رۆژەدا منیان پاراست و بەهیچ جۆرێک نەیانهێشت بکەومە ژێردەستی هێزەکانی پۆلیسی هەولێر و بەڵتەچییەکانی ئاسایش و پاراستنەوە".


راچڵەكین ـ



PM:04:26:31/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌