میترۆ، سلێمانی
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی تەنها ڕێگە بە ئێن ئاڕ تی نادەن ڕووماڵی خۆپیشاندانی تەندروستکاران بکات و ڕاگەیاندنەکانی تر ڕووماڵ دەکەن.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕاشیگەیاند، هێزەئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە، ڕێگە بە هەرچی کەناڵی ترە دەدەن و بەڵام ڕێگە بە ئێن ئاڕ تی نادەن ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکات.
خۆپیشاندان و مانگرتنی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بەردەوامە و هێزێکی ئەمنی زۆریش لە نێو نەخۆشخانەکە و دەوروبەری بڵاوەیان پێکراوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند: پاش کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوای لە پزیشکان و کارمەندان کرد بایکۆتی دەوام بشکێن و نەیان شکاند، لەئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی و دەوروبەری بڵاوەیان پێکراوە.
وتیشی: ئەو هێزانە پێکهاتوون لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و چالاکییە مەدەنییەکان .
ئاشکراشیکرد، لەسەرەتاوە ژمارەی خۆپیشاندەران کەمبووە بەڵام پاش بڵاوکردنەوەی ئەو هێزە ڕووی لە زیادبوون کردووە و زۆرینەی بەشەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی داخراون.
مامۆستایان و فەرمانبەران و لەنێویشیاندا پزیشک و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکان لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم دەستیان بە بایکۆت و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کردووە و داوا دەکەن سیستمی پاشەکەوتی موچە لابرێت، ئەگەرچی حکومەت بەشێکی ئەو پاشەکەوتەی لابرد بەڵام خۆپیشاندەران داوای لابردنی تەواوەتی پاشەکەوتی موچە دەکەن.