ڕێنوێنی سه‌لامه‌تی CPJ: ئاسایش له‌ كوردستانی عێراق
AM:10:10:07/04/2018
میترۆ
له‌ ماوه‌ی نێوان (٢٥) ی ئازار بۆ (٢٧) ی ئازار، لێكۆڵینه‌وه‌كانی (CPJ)و رێكخراوه‌ ناوخۆییه‌كانی مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ریده‌خه‌ن لانیكه‌م پانزه‌ رۆژنامه‌نوس هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر و حه‌وتی دیكه‌ش ده‌ستگیركراون، كاتێك روماڵی خۆپیشاندانه‌ به‌ربڵاوه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌یان كردووه‌.

ئه‌م شه‌پۆله‌ی گرتن و په‌لاماردان بۆته‌ هۆی دروستبوونی ترس لای رۆژنامه‌نووسانی ناوخۆیی و گروپه‌كانی مافی رۆژنامه‌نوسان كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕێوشوێنی توند به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ده‌گرنه‌به‌ر . تیمی به‌رسڤ بۆ بارودۆخی ناكاوی (CPJ) ئه‌م رێنوێنیانه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ ده‌ركردوه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا كارده‌كه‌ن.

ئه‌و بارودۆخه‌ی دوای گشتپرسییه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌كه‌ی ساڵی ٢٠١٧ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هاتۆته‌كایه‌وه‌ بۆته‌ هۆی دابه‌شبوونی زیاتری گۆڕه‌پانی سیاسی له‌ كوردستان. دوو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، رووبه‌ڕووی له‌ده‌ستدانی جه‌ماوه‌رێكی هێنده‌ زۆر بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشینه‌ی نییه‌ و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی زیادبوون، جیابوونه‌وه‌ و دروستبوونی پارتی نوێ كه‌ ته‌حه‌دای بارودۆخی هه‌نووكه‌یی ده‌كه‌ن. له‌ هه‌مانكاتدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانی كوردستان چاوه‌ڕێ ده‌كرێن مانگی ئایار و مانگی سێپته‌مبه‌ر ی ٢٠١٨ (به‌دوای یه‌كدا) ئه‌نجامبدرێن. لێكۆڵینه‌وه‌كانی (CPJ) ده‌ریده‌خه‌ن راگه‌یاندن مه‌ترسی له‌سه‌ر دروستده‌بێت هه‌ركه‌ گرژییه‌ سیاسییه‌كان له‌ كوردستانی عێراق په‌ره‌ده‌سێنن.

٢٤ ی ئازار، فه‌رمانبه‌رانی حكومی كورد رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ وه‌ستانه‌وه‌ دژی گه‌نده‌ڵی و جێبه‌جێكردنی ڕێوشوێنی توندی ئابووری كه‌ ده‌ڵێن بۆته‌ هۆی نه‌دانی مووچه‌كانیان. خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامن. به‌گوێره‌ی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، خۆپیشانده‌ران لێیاندراوه‌ و هه‌راسانكراون. له‌ ماوه‌ی نێوان (٢٥) ی ئازار بۆ (٢٧) ی ئازار، لانیكه‌م پانزه‌ رۆژنامه‌نووس له‌كاتی رووماڵی خۆپیشانداندا په‌لاماردران و ئامێره‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ لێسه‌ندراون. به‌ گوێره‌ی دوو رۆژنامه‌نووس كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ ئاماده‌بوون، هێزه‌كانی ده‌زگای‌ ئاسایش خۆیان تێكه‌ڵ به‌ خۆپیشانده‌ران كردبوو و هه‌ندێكیان جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیان له‌به‌ردابوو. حه‌وت رۆژنامه‌نووس به (CPJ) یان راگه‌یاند، گیراون و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین كاژێر ده‌ستبه‌سه‌ركراون.ئه‌م حه‌وت رۆژنامه‌نووسه‌ ئامێره‌كانیان ده‌ستیبه‌سه‌رداگیرا و ناوه‌ڕۆكی سه‌ر میمۆری كارته‌كانیان و مۆبایله‌كانیان سڕێنرایه‌وه‌‌. به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی (CPJ) ، ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ لێیاندراوه‌ و به‌هۆی كاره‌كانیانه‌وه‌ به‌ندكراون زیاتر ئه‌وانه‌ن كه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی هه‌واڵی سه‌ر به‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان كارده‌كه‌ن.

رۆژی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیارینه‌كراوه‌ كه‌ چاوه‌ڕێده‌كرێت مانگی ئه‌یلول ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام هه‌ر كه‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن گه‌رمده‌بێت، گردبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانی زیاتر چاوه‌ڕێده‌كرێن رووبده‌ن. ئامۆژگاری ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ رووماڵی رووداوه‌كان ده‌كه‌ن پابه‌ندی ئه‌م ڕێنوێنیانه‌ی خواره‌وه‌ بن:

پێش رۆشتن بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ خۆت ئاماده‌بكه‌:

❊ پلان بۆ كاره‌كه‌ت دابنێ و دڵنیابە پاتری مۆبایلەکەت پڕ شەحنه‌. ئەگەر پێتوایە مۆبایله‌كه‌ت زانیاری هه‌ستیاری تێدایه‌، باشتره‌ له‌جیاتی مۆبایلێکی دیكه‌ له‌گه‌ڵخۆت به‌ریت کە له‌ده‌ستدانی ئاساییه‌.

❊ زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ كۆبكه‌ره‌وه‌ بڕیاره‌ بۆی بڕۆیت‌. پێش چوونت، خۆت بۆ حاڵه‌تی ناكاو (ئیمێرجنسی) ئاماده‌بكه‌.

❊ هەمیشە هەوڵبدە لەگەڵ هاوپیشەیەکدا كاربکەیت كه په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ شوێنی كاره‌كه‌ت هه‌یه‌. با هه‌میشه، پێشوه‌خته‌،‌ نامه‌یه‌كی نوسراوت ئاماده‌كردبێت تا له‌ بارودۆخی ناكاودا ته‌نیا ناردنی پێویستبێت. با نامه‌كه‌ نیشانیبدات رەوشەکە بەرەو خراپی دەڕوات، یاخود لە حاڵەتێکدایت دەستگیرکردنت لە ئان و ساتدایە. دڵنیابە لەوەی هاوپیشەکەت لە ئه‌گه‌ری ده‌ستگیركردنتدا ده‌زانێت چ كارێكت بۆ بكات. هەوڵبدە كه‌سێكی یاسایی هه‌میشه‌ له‌سه‌ر هێڵ ئاماده‌بێت كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری دیارنه‌مانتدا پرسیارت بۆ بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێته‌به‌ر.

❊ ئەو جل و پێڵاوانە بپۆشه‌ کە رێگه‌ت پێدەدەن بە ئاسانی بجوڵێیت و رێبكه‌یت. خۆت لە پۆشینی جل وبەرگی قه‌به‌ و پەتی مل دووربگره‌ كه‌ ده‌كرێت به‌ده‌ست بگیرێت. قوماشی وه‌كو نایلۆن مه‌پۆشه‌ كه‌ ئاسان گڕده‌گرێت.

هه‌ڵگرتنی ناسنامەی ڕۆژنامەنووسی ده‌كرێت وا له‌ هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بكات خۆیان له‌ ئه‌نجامدانی توندوتیژی به‌رامبه‌رت به‌دووربگرن. لەگەل ئەوەشدا، ئەگەر گونجا، ناوی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەی کاری بۆ دەکەیت ئاشكرا مه‌كه‌، بە تایبەتی ئەگەر ده‌زگاكه‌ت هۆكارێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی بكرێیته‌ ئامانج. با هه‌میشه‌ مۆڵه‌ت یاخود ناسنامه‌ی رۆژنامه‌نوسی پێویستت لابێت تا هه‌ركاتێك داواتلێكرا پیشانی ده‌سه‌ڵاتدارانی بده‌یت.

❊ بزانه‌ چی شوێنێك هه‌ڵده‌بژێریت. شوێنێکی بەرز بدۆزه‌وە کە ره‌نگه‌ سەلامەتی زیاترت پی ببه‌خشێت. ئەگەر لەناو قەرەباڵغیدا كارتكرد، با پلانت هه‌بێت. هه‌میشه‌ هەوڵبدە لە دەره‌وەی قەرەباڵغیەكاندا بیت، خۆت مه‌خه‌ ناوه‌ڕاستی خه‌ڵكه‌وه‌ كه‌ دواتر قورسە بتوانیت هه‌ڵبێیت. له‌ هه‌رشوێنێكدایت، هه‌میشه‌ ڕێگایەکی دەربازبوون دیاریبكه‌. ئەگەر لەگەڵ کەسانی دیكه‌دا كارتكرد، پێشوه‌خته‌ شوێنێک بۆ یه‌كتر بینینه‌وه‌ له‌حاڵه‌تی ناكاو دیاریبكه‌ن‌.

❊ هه‌میشه‌ ڕەوشەکان بخوێنەوە و شتومه‌كی گرانبه‌ها له‌گه‌ڵ خۆت هه‌ڵمه‌گره‌.

❊ دەبێت ڕۆژنامەنوسان هۆشیاربن لە هەستیاری ئاماژەپێکردنی سەرچاوەی زانیارییەکانیان، به‌تایبه‌تی لەو خۆپیشاندانانەدا كه‌ ئاشكراكردنی ناوی خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت ژیانی ئه‌و كه‌سانه‌ بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

کاتێک مامەڵە لەگەل شه‌ڕ و ئاژاوه‌دا دەکەیت:

❊ زمانی جەستە بخوێنەوە، زمانی جەستەی خۆت بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە به‌كاربهێنه‌.

❊ سەیری چاوی شه‌ڕخوازه‌كان بکە. هەوڵبدە به‌جۆرێك ده‌ستت بجوڵێنیت كه‌ نه‌رمونیان ده‌رتبخات‌ و هه‌میشه‌ به‌ زمانێكی نه‌رم گفتوگۆبكه‌‌.

هەوڵبدە هێنده‌ی درێژی باڵت خۆت له‌ هه‌ڕه‌شه‌‌ دووربگریت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك گرتتی، به‌ توندی بچۆ دواوه‌ به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی توندوتیژی به‌كاربهێنیت. ئەگەر چوارده‌ورت گیرا، یان هه‌ستت به‌ مه‌ترسی كرد، هاواربکە!

❊ گەر رەوشەکە بەرەو توندوتیژی رۆشت، هەوڵبدە دەستێکت بەتاڵ بێت تا سەرتی پێ بپارێزیت. هەوڵبدە زۆر به‌ ووریایه‌وه‌ هەنگاوی بچووك بنێیت بۆ ئەوەی نه‌كه‌ویت و ئەگەر گروپێك بوون، هەوڵبدەن بەیەکەوەبن و دەستتان به‌یه‌كه‌وه‌بێت.

❊ ئاگاداری رەوشەکە و سەلامەتی خۆت بە. دروسته‌ هه‌ندێكجار وێنەگرتن و دۆکیۆمێنتکردنی شه‌ڕانگێزی هه‌واڵێكی گرنگه‌، به‌ڵام ئاگاداربه‌ وێنەگرتنی كه‌سه‌ شەڕانگێزه‌كان ده‌كرێت ره‌وشەکە ئاڵۆزتربكات.

CPJ