نیقاش، میترۆ
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، ململانێ سیاسییه‌كان له‌كوردستان چڕبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كان زیادیانكرد، ئه‌مه‌ش كه‌شێكی له‌بار بوو بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته.
مانگی رابردوو (ئازار) به‌ده‌یان هه‌واڵ‌و وێنه‌و ڤیدیۆی ساخته له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌وه، تیمی "نیقاش" زۆربه‌یانی ساخكرده‌وه‌و له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی له‌فه‌یسبووك رۆژانه راست‌و دروستی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ده‌سه‌لماند.
هه‌واڵی خۆكوشتنی فه‌رهاد پیرباڵ‌و یاریكردنی نه‌وشیروان مسته‌فاو سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ی به‌رپرسێكی پارتی‌و رووداوه‌كانی عه‌فرین، له‌ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ‌و وێنه ساختانه بوون كه مانگی ئازار له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوبوونه‌وه.
له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا تیمی "نیقاش" ته‌نیا له‌به‌شی كوردی 69 ساخكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ‌و وێنه‌و ڤیدیۆی ساخته‌ی بڵاوكرده‌وه، بۆ به‌رچاوروونی خوێنه‌ران، ئه‌مانه به‌شێك بوون له‌دیارترینه‌كان:
نه كچه‌كه كوژرابوو، نه كوڕه‌كه خۆی كوشتبوو
بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدۆیی له‌سه‌ره‌تای مانگی ئازاردا گوایه ده‌ستگیركردنی باندێكی له‌شفرۆشیه هه‌ر زوو كاردانه‌وه‌كانی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گه‌رمكرد .
دیارترین ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و ڤیدیۆیه بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی ساخته بوو گوایه كچێك كه له‌نێو گرته ڤیدیۆكه‌دا ده‌ركه‌تووه‌و له‌لایه‌ن كه‌سوكاریه‌وه كوژاروه‌و كوڕێكی تری نێو ڤیدیۆكه‌ش خۆی كوشتووه.
"نیقاش" هه‌ر هه‌مان رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه ئه‌وه‌ی ساخكرده‌وه كه زانیاری‌و وێنه‌ی نێو پۆسته‌كه راستنه‌بوون‌و كوڕ‌و كچه‌كه سه‌لامه‌تن.
وێنه‌ی كچه كوژراوه‌كه بۆ حوزه‌یرانی 2014 ده‌گه‌ڕایه‌وه‌و رووداوێك بوو له‌به‌غدای پایته‌خت، هه‌ریه‌ك له‌نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی هه‌ولێرو عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌ولێر به"نیقاش"یان راگه‌یاند هه‌موو ئه‌و كه‌سانه به‌كوڕو كچه‌كه‌شه‌وه لای پۆلیس راگیراون‌و هه‌موویان سه‌لامه‌تن.
قاسم سلێمانی له‌كه‌ركوك نه‌بوو
بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی ئێران كه گوایه ئه‌و كاته‌ی له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا كه‌ركوك له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه كۆنتڕۆڵكراوه له‌و شاره بووه، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وته‌وه‌و چه‌ندین په‌یج بڵاویانكرده‌وه.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی شه‌ڕی میدیایی نێوان لانه سیاسییه‌كانی هه‌رێم له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌باره‌ت به‌به‌رپرسیارێتی كه‌وتنی كه‌ركوك.
"نیقاش" توانی ئه‌وه ساخبكاته‌وه كه مێژوی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كه له‌ساڵی 2015دا بووه له‌كاتێكدا روداوه‌كانی كه‌ركوك دوای دووساڵ‌و له 2017 رویانداوه.
ئه‌وه‌ی وتاری خوێنده‌وه شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نه‌بوو
له‌چه‌ند په‌یجێكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پۆستێك بڵاوكرایه‌وه كه گوایه شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د خوشكی هێرۆ ئیراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌و خێزانی تاڵه‌بانی هانی لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ی ده‌دات دژ به‌به‌شێك له‌به‌رپرسانی هه‌مان حزب .
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆیه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئاڵۆز بوونی ناكۆكی نێوان به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی ئه‌و حزبه.
"نیقاش" ئه‌وه‌ی ساخكرده‌وه ئه‌و ژنه‌ی كه له‌بنه‌ڕه‌تدا وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش كردووه ئه‌ندامێكی تری یه‌كێتی بوو نه‌ك شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی به‌راوردكردنی جلوبه‌رگی هه‌ردوو كه‌سه‌كه به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی به‌رده‌ست بوون كه له‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گیراون جیاواز بوون.
جه‌یران عه‌لی باییز ئه‌و ژنه‌ی له‌سه‌ر سه‌كۆكه قسه ده‌كات، زانیارییه‌كانی بۆ "نیقاش" پشتڕاستكرده‌وه‌و وتی "ئه‌وه‌ی له‌تۆماره ڤیدیۆییه‌كه‌دا قسه ده‌كات منم‌و داوای به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتیم كردووه‌و كه‌سم دژی كه‌س هان نه‌داوه".
به‌جگه‌ره‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی سوتا نه‌ك له‌شه‌ڕدا
بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ئۆتۆمبێلێكی سوتاو له‌په‌یجه‌كانی فه‌یسبووك گوایه له‌شه‌ڕێكدا به‌جێماوه چه‌ندین ده‌ستخۆشی بۆ چوو بوو كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی چه‌ند پێكدادانێكدا له‌نزیك شاری كه‌ركوك له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه عێراقییه‌كان
به‌دواداچونی "نیقاش" ئه‌وه‌ی ساخكرده‌وه كه ئۆتۆمبێله سوتاوه‌كه به‌جگه‌ره‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی سوتابوو نه‌ك له‌شه‌ڕدا، پۆلیسی گه‌رمیان پێشتر له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی خۆیان له‌فه‌یسبووك هه‌واڵێكیان بڵاوكردبۆوه كه ئه‌و ئۆتۆمبێله به‌جگه‌ره سووتاوه، رووداوه‌كه هه‌ر له‌كه‌ركوكیش نه‌بوو.
ئاهه‌نگێك به‌ناوی فرۆكه‌خانه‌وه
له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌پاش ماوه‌یه‌ك له‌داخستنیان له‌لایه‌ن به‌غداوه كاردانه‌وه‌ی جیاوازی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌دوای خۆیدا هێنا له‌وانه بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك بوو وه‌ك جۆرێك له‌گاڵته‌پێكردن كه گوایه لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هه‌ولێر به‌و بۆنه‌یه‌وه ئاهه‌نگیان گێڕاوه.
"نیقاش" ساخیكرده‌وه مێژووی ئه‌و وێنه‌یه ساڵی 2014یه‌و به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌یه.
فه‌رهاد پیرباڵ خۆی نه‌كوشتبوو
به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌دوای ده‌ستگیردنی فه‌رهاد پیرباڵ نوسه‌رو مامۆستای دیاری زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه هه‌واڵی خۆكوشنی به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌وه‌و به‌هه‌زاران كه‌س شه‌یریان كرد.
ئه‌و ده‌نگۆیه به‌شێك بوو له‌گه‌رمترین بابه‌تی ئه‌و كاته كه میدیا‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه گرنگیان ده‌دا به‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر بارودۆخی پیرباڵ بزانن له‌نێو گرتوخانه‌دا.
"نیقاش" به‌چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه ساخته‌كان، راستییه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و سه‌لماندی پیرباڵ ساخ‌و سه‌لامه‌ته، توانی له‌رێگه‌ی به‌دواداچونه‌كه‌یه‌وه ناڕاستی هه‌واڵه‌كه بسه‌لمێنێت‌و شوێنی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌و باری ته‌ندروستیشی بزانێت.
له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌فه‌رهاد پیرباڵه‌وه هه‌واڵی ته‌ندروستی ئه‌و زانراو به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسیش به"نیقاش"ی وت كه له‌گرتوخانه‌ی گرتن‌و گواستنه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ره‌و تا كاتی نوسینی ئه‌م راپۆرته‌ش هه‌ر سه‌لامه‌ته.
ڤیدیۆكه نه فڕۆكه‌خانه بوو، نه هه‌ولێر
له‌گه‌ڵ بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاتی ئیداری‌و ئه‌منی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌ڵمه‌تی نێو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش سه‌باره‌ت به‌و پرسه زیادیكرد كه به‌شێكیان هه‌واڵ‌و وێنه‌ی ساخته‌یان بڵاوده‌كرده‌وه .
دیارترین ئه‌و پۆستانه‌ی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرایه‌وه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بوو گوایه سه‌ربازانی سوپای عێراق چونه‌ته ناو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه .
به‌دواداچونی "نیقاش" ئه‌وه‌ی ساخكرده‌وه كه گرته ڤیدیۆكه نه له هه‌ولێر بووه‌و نه له‌فڕۆكه‌خانه‌ش، به‌ڵكو باره‌گایه‌كی سه‌ربازی به‌غدای پایته‌خته.
له‌مانگی كانوونی یه‌كه‌م فه‌ریقی یه‌كه‌م تالیب سه‌غاتی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق به‌شێك له‌كارمه‌نده‌كانی به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌و نانی نیوه‌ڕۆیان له‌گه‌ڵ ده‌خوات، هه‌ر ئه‌وكات ڤیدیۆكه له‌په‌یجی فه‌رمانده‌ی كرده تایبه‌ته‌كانی عێراق بڵاوبووبووه‌وه.
یه‌كێك له‌سه‌ربازه كورده‌كان كه ئاماده‌ی ئه‌و دانیشتنه بووه به"نیقاش"ی وت "رۆژی 19ی كانوونی دووه‌م فه‌رمانده‌كه‌مان سه‌ردانی كردین به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنمان به‌سه‌ر داعشدا".
وێنه‌كه موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌بوو
له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئازاره‌وه هه‌واڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی گه‌رمكرد كه زۆرترین سه‌ردانكه‌رانی فه‌رمانبه‌ران بوون.
بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی بڕێك پاره كه گوایه ئاماده‌كارییه بۆ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه له‌په‌یجه كوردییه‌كان كۆمێنتی پیرۆزبایی به‌دوای خۆیدا هێنا ئه‌وه‌جگه له‌وه‌ی ده‌یانجار بابه‌ته‌كه شه‌یر كرابوو.
"نیقاش" توانی ئه‌وه ساخبكاته‌وه كه وێنه‌كه ساڵی رابردوو بڵاوكرابووه‌وه‌و په‌یوه‌ندی به‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه نه‌بووه.
ده‌یان وێنه‌و ڤیدیۆی ساخته له‌عه‌فرینه‌وه
رۆژ نه‌بوو وێنه‌و ڤیدیۆ‌و هه‌واڵی ساخته له‌باره‌ی شه‌ڕی عه‌فرین له‌سوریا بڵاونه‌بێته‌وه، زۆربه‌ی په‌یجه كوردییه‌كان كه‌وتنه هه‌ڵه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌و ڤیدۆیانه، "نیقاش" هه‌موو ئه‌و وێنه‌و ڤیدیۆیانه‌ی ساخكرده‌وه كه ده‌ستی پێیان گه‌یشت.
هه‌ر له‌ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و رووداوه له‌سه‌ر ڤیدیۆیه‌ك هێرشی گه‌وره كرایه سه‌ر مه‌سعود بارزانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، "نیقاش" ئه‌وه‌ی ساخكرده‌وه كه ئه‌و ڤیدیۆیه هی كات‌و سه‌رده‌مێكی تره‌و قسه‌كانی ئاردۆگانیش ده‌ستكاری كراون.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئاردۆگانی سه‌رۆكی توركیا له‌گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ناوی بارزانی ده‌هێنێت، له‌سه‌بتایتڵی كوردی ڤیدیۆكان وه‌ها نوسرابوو كه گوایه بارزانی په‌یوه‌ندی به‌ئاردۆگانه‌وه كردووه‌و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی توركیای كردووه له‌عه‌فرین.
هه‌ر ئه‌وكات "نیقاش" ساخیكرده‌وه كه مێژووی ڤیدۆكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیسانی 2017، راسته ئاردۆگان ناوی بارزانی ده‌هێنێت، به‌ڵام ده‌ڵێت بۆ هێرشكردنه سه‌ر چیای شه‌نگال بارزانی‌و روسیا‌و ئه‌مه‌ریكایان ئاگاداركردووه‌ته‌وه.
ئاری هه‌رسین هه‌ر پارتییه
نزیك بوونه‌وه هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كه بانگه‌شه‌و هه‌واڵی ساخته‌ی نێو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی زۆرتر كرد.
له‌چه‌ند په‌یجێك وێنه‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه گوایه ئاری هه‌رسین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌لیسته نوێیه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵحی جێگری پێشوی سكرتێری گشتی یه‌كێتیه‌وه كردووه.
ئاری هه‌رسین یه‌كێكه له‌كه‌سایه‌تییه زۆر دیاره‌كانی ناو پارتی، بۆیه ئه‌م هه‌واڵه زۆر به‌خێرایی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌وه.
له‌ساخكردنه‌وه‌كه‌ی "نیقاش"دا ده‌ركه‌وت مێژووی ئه‌و وێنه‌یه بۆ ساڵی 2015 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ئاری هه‌رسین به"نیقاش"ی راگه‌یاند هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی ده‌كرێن راست نییه.
نه شاعه‌بدوڵا بوو، نه ئه‌وه‌ی ده‌ستی ماچكرا مامۆستا بوو
هێرشكردنه سه‌ر چه‌ند مامۆستایه‌ك له‌خۆپیشاندانه‌كانی شاری هه‌ولێر له‌مانگی ئازاردا تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خسته‌كار دژ به‌بێڕێزیكردن به‌رانبه‌ر به‌مامۆستایان .
ئه‌و كه‌مپه‌ینه گه‌یشته ئاستێك كه نمونه‌ی وڵاتانی تر بۆ رێزگرتن له‌مامۆستا بڵاوبكرێته‌وه، به‌ڵام به‌شێكیان چیرۆكی ساخته بوون.
بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك گوایه ماچكردنی ده‌ستی مامۆستایه‌كه له‌لایه‌ن شا عه‌بدوڵای پادشای ئوردونه‌وه له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.
"نیقاش" ئه‌وه‌ی ساخكرده‌وه كه نه وێنه‌كه شا عه‌بدوڵا بوو نه ئه‌و كه‌سی ده‌ستی ماچكراوه له‌وێنه‌كه‌دا مامۆستایه، به‌ڵكو ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی پێشووی توركیا ده‌ستی پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن ماچ ده‌كات.
ڤیدیۆیه‌كی كۆن بۆ خۆپیشاندانی نوێ
ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندان بۆ كۆتایی هێنان به‌پاشه‌كه‌وتی موچه بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌و ڤیدیۆی نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشی زیادكرد به‌ئاڕاسته‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ له‌سه‌ر ئه‌و روداوه كه ئه‌و كات زۆرترین سه‌یركه‌ری هه‌بوو.
دیسانه‌وه له‌په‌یجه‌كانی فه‌یسبووك ڤیدیۆیه‌كی ساڵی رابردووی بڵاوكرده‌وه وه‌ك ڤیدیۆیه‌كی نوێی ئه‌و خۆپیشاندانانه كه له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئازادا ده‌ستیان پێكرد، گوایه كه‌سێك شیعری دژی حكومه‌ت نوسیوه‌و ئه‌یخوێنێته‌وه، "نیقاش" توانی مێژووی راسته‌قینه‌ی ڤیدیۆیه‌كه بدۆزێته‌وه كه ساڵی رابردوو بوو.
نه‌وشیروان مسته‌فا یاری نه‌ده‌كرد
هه‌ڵمه‌تی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك شه‌ڕی راگه‌یاندنی پێشوه‌خته‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن وێنه‌و هه‌واڵی ساخته‌ی له‌و تۆڕانه گه‌رمكرد.
پیشاندانی وێنه‌یه‌ك گوایه نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری كۆچكردووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یاری ناپلیۆن ده‌كات له‌سه‌ر كۆمپیوته‌رێك به‌شێك بوو له‌و شه‌ڕه‌ی كه له‌دژی بزوتنه‌وه‌كه‌ی ده‌كرا‌و بۆ ئه‌وه به‌كارده‌هێنرا كه گوایه رێكخه‌ری پێشووی گۆڕان خه‌ڵكی سه‌رقاڵكردووه‌و خۆی خه‌ریكی یاریكردن بووه.
"نیقاش" ساخیكرده‌وه كه وێنه‌كه ده‌ستكاری كراوه‌و وێنه ره‌سه‌نه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه كه نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی سایتێكی كوردییه.
هه‌موو ئه‌م ساخكردنه‌وانه‌ی "نیقاش" له‌گه‌رمه‌ی رووداوه‌كاندابوون‌و چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌و ڤیدیۆ‌و هه‌واڵه ساخته‌كان، دیوی راستی رووداوه‌كان بڵاوده‌كرانه‌وه، ئێستاش له‌سه‌ر په‌یجی "نیقاش" رۆژانه ساخكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه.