ميترؤ، ئاويَنة
ئا: بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید
زۆرن ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی دکتۆران‌و توانای خۆیان له‌لێکۆڵینه‌وه‌ی بوارێک‌دا تاقیکردوەته‌وه، بەڵام که من ئه‌وانه‌ی به‌هره‌مه‌ندن‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌بوارێکی گرنگ‌و ده‌گمه‌نی وه‌ک پزیشکیدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. پزیشکی کورد "له‌نگێزه ساڵح فه‌ره‌یدون”، که ده‌رچوی زانکۆی ئیراسموسه له‌ڕۆته‌ردام، یەکێکە لەوانە.
د. له‌نگێزه ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵه، له‌سلێمانی له‌دایکبوه‌و تا ته‌مه‌نی نۆ ساڵی له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی له‌کوردستاندا ژیاوه، هەر لەوێش قوتابخانەی بنەڕەتی دەستپێکردوە‌و خوێندکارێکی وریا‌و زیرەک بووه. وه‌ک زۆربه‌ی تاکی کورد، لەقۆناغه‌کانی منداڵی‌دا، ژیانی ئاوێزان بوە لە‌دڵه‌ڕاو‌کێ‌و کێشمه‌کێش، به‌جۆرێک شه‌پۆله‌کانی ژیانی پڕ هاتونەهات ئه‌میان له‌م تاشه به‌رده‌وه داوە به‌و تاشه‌به‌رده‌دا، به‌ڵام خۆراگر‌و کۆڵنه‌ده‌ر بووه، به‌چه‌شنێک حه‌زی نه‌کردووە وه‌ک گیایه‌ک سه‌ر بۆ با دانه‌وێنێت، به‌ڵکو هه‌ر‌وه‌ک گوڵێکی نێو تاشه‌به‌رد گه‌شه‌ی کردووە. له‌نگێزه باوه‌ڕی به‌خۆی دەبێت، دەزانێت چی له‌ژیانیدا ده‌وێت. له‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی ڕێی دەکەوێتە سەر ڕێی پڕ هەوراز‌و نشێوی ئاوارەیی لەم وڵاتەوە بۆ ئەو وڵات، تا دواجار خۆی لەهۆڵاند دەبینێتەوە‌و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. ئه‌م کچه ته‌مه‌نی چوار پێنج ساڵان بوه له‌گه‌ڵ دایه گه‌وره‌ی سه‌ردانی ماڵانی کردوه، ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی که له‌ئاوێنه‌ی خه‌یاڵیدا کێشاویه‌تی، کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان دانەوە له‌قۆناغە یەک لەدوا یەکەکانی خوێندنیدا‌و ئه‌ندێشه‌ی گه‌وهه‌رییان فراوان کردوه، کە لەهەر هەوڵ‌و ئاستەنگی فێربوونیدا مۆرکیان بەدیار کەوتووە. دایه گه‌وره‌ی بۆی چرایه‌کی ڕێنماییکه‌ری ڕێگای پڕ تاریکی بوە. وێنه‌و بیرەوەرییەکانی منداڵیی له‌هزری ساف‌و بێگەردیدا، وەکو دەستی گەرمی دایەگەورە یارمەتیدەری بووە نەک هەر بۆ سەرکەوتن بەسەر شاخی پڕ ئاستەنگی زانست‌دا، بەڵکو بۆ ئەو پیشەیەش کە هه‌ڵیبژاردوه. هاوڕێیەتی له‌نگێزەی کیژ لەگەڵ دایەگەورە له‌کاتی سه‌ردانی ئەو ژنانە بووە کە منداڵانیان هێناوەتە ژیانەوە. دیمەنی ژنێکی پاڵکەوتووی داپۆشراو بەپەڕۆیەک بەسەر قاچییەوە له‌ژورێکدا‌و دەور دراو به‌قیژه‌و هاوار‌و ناڵه‌و ئازار‌و گریان، ئینجا پاشان خۆشی‌و که‌یف‌و گریانی کۆرپه جێی قیژه‌و هاواری دایکه بگرێته‌وه. ئه‌م گۆڕان‌و وه‌رگۆراندا له‌ترس‌و هاوار‌و قیژه بۆ خۆشی‌و شادی سه‌رنجی له‌نگێزه‌ی پێنج ساڵان ڕاده‌کێشت.
د. له‌نگێزه لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت "هه‌ر له‌دوای به‌ده‌ستهێنانی دکتۆراکه‌م، له‌دو زانکۆ کۆنتراکتی کارم پێدراوە. یەکێکیان کۆنتراکتە بۆ سێ ساڵ له‌زانکۆی هارفارد‌و ئەویتریان له‌لایه‌ن زانکۆی ئوکسفۆردەوە”.
ئاوێنە: لە‌کوردستاندا چه‌ند ساڵت خوێندووە؟ له‌کام خوێندنگە؟ یاده‌وه‌رییەکانی ئەو ماوەیەت چییە؟
د. لەنگێزە: له‌سابونکه‌ران له‌قوتابخانه‌ی که‌ریمی عه‌له‌که، پۆلی یه‌که‌م‌و دووه‌می بنەڕەتیم تەواو کردووە. هه‌ر له‌منداڵییەوه حه‌زم له‌خوێندن بووە، به‌تایبه‌تی وانه‌ی ماتماتیک. کاتێک کە وچانی نێوان وانەکان ده‌ستی پێده‌کرد، مامۆستایان داوایان لە‌من ده‌کرد، چاودێری قوتابییه‌کان بکه‌م. هه‌ر لە‌سەرەتای تەمەنمەوە، زۆر ئاره‌زوی رێکخستن‌و سه‌رپه‌رشتیاریم هه‌بووە. له‌وانه‌ی ماتماتیک زۆر باش بووم، له‌یادمه جارێک هه‌ڵه‌یه‌کم کرد، مامۆستاکه لێم توڕه بوو، سەرەڕای ئەوەش شه‌قێکی له‌قاچم دا. تا رۆژی ئیمڕۆ مامۆستا نه‌سرین‌و شه‌قه‌که‌یم له‌دڵ دەرنەچوە. زۆربه‌ی جار له‌ماڵه‌وه دایکم لە‌خوێندندا یارمەتی دەدام، گه‌ر شتێکم له‌لا رون نه‌بوایە هاوکاری دەکردم. ئەوە هه‌ر دایکم بوو بە‌هانامەوە دەهات، هەر کاتێک پێویستیم بە‌شتێک ببووایە. خراپی بارودۆخه‌ی کوردستان تەنگی پێهەڵچنین‌و له‌ساڵی 1998دا، وڵاتمان بەجێهێشت. له‌کۆتایی ساڵی 1999دا، گەیشتینە هۆلاند، به‌و هۆییه‌وه، ساڵێکی خوێندم له‌کیس چوو.
ئاوێنە: قۆناغه‌کانی دواتری خوێندن له‌هۆلاند چۆن ده‌ستی پێکرد‌و کێشه‌کانت چی بوون؟
د. لەنگێزە: هه‌ر بەگەیشتمان له‌پاش چەند مانگێک، چوومەتە خوێندنگەی هۆلاندی‌و لە‌پۆلی شەش دانرام، که ده‌کاته پۆلی چواری کوردستان. لێرەش هەروا لە‌ماتماتیکدا زۆر باش بووم، گه‌ر قوتابییه هۆلاندییه‌کان نیو کاژێر خه‌ریکی خشتەی کەڕەت بونایه، من بە‌پێنج خوله‌ک ته‌واوم ده‌کرد. مامۆستاکان زۆر نه‌رم‌و له‌سه‌رخۆ بوون، وه‌ک کوردستان تووند نه‌بوون، گه‌ر هه‌ڵه‌شم بکردایه، زۆر بە‌هێمنی ڕوونیان دەکردوە بۆم. لێدان نه‌بوو، به‌ڵکو ڕێزیان لێده‌گرتین، وه‌ک مرۆڤێکی ته‌واو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردین. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وانه‌ی ماتماتیک‌و فیزیا خۆم زۆر باش بوم، زۆر پێوستی بە‌زمان نه‌بوو، هیچ کێشه‌یه‌م له‌و باره‌یه‌وه بۆ دروست نه‌بوو، به‌ڵام له‌وانه‌کانی تردا، که پێوستی بەوە بوو توانایی زۆر بەسەر زمانەکەدا هەبێت، بۆم زه‌حمه‌ت بوو، ده‌بووایه له‌ماڵه‌وه لەگەڵ دایکم بۆ واتای وشه‌کان بگەڕامایە. جیا له‌وه‌ش وه‌ک کچێکی کورد، ئازادیم سنوردار بو بەراورد بەو ئازادییەی کە کچه هۆلاندییه هاوڕێکانم هەیان بوو. گه‌ر له‌ئاهه‌نگی قوتابخانه یان هەر ئاهەنگێکی تردا بمویستایە بەشداری بکەم، بەو مەرجە بۆم هەبو، کە لەو کاتەی بۆیان دانابوم، بگه‌ڕێمەوە ماڵه‌وه. بەهۆی ئەوەی له‌قۆناغه‌کانی تری خوێندندا زۆر باش بووم، لەخوێندنگە توشی هیچ کێشەیەک نەبوم.
ئاوێنە: زۆر جار مرۆڤ له‌ژیانیدا پێوستی به‌کەسێک هەیە بۆ ئەوەی بیکات بەسەرمەشقی خۆی. بۆ تۆ ئەو کەسە دایە گەورەیە. زۆر که‌س هه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌لای خۆمان، له‌و حاڵه‌تەی مناڵ لەدایکبوون ده‌ترسن، کەچی ئەمە لەلای تۆ وەها نییە، دەکرێت رونی بکەیتەوە بۆچی؟
د. لەنگێزە: به‌ڵی هه‌روه‌کو ئەوەی باسم کردووە، هەمیشە دەستم بەدەستی نه‌نکمەوە بووە، ئێستاش وەک نمونه‌یه‌ک دەستم لێبەرنەداوە. هەرگیز ئەو ژنانەم لەبیرناچێت، کە چۆن لەوپەڕی ئازار‌و زریکە زریکدا، هەر ئەوەندەی منداڵەکانیان بەدنیا دەهات، دەموچاویان دەگەشایەوە‌و زەردەخەنه دەکەوتە سەر لێوانیان. ئەم زەردەخەنانە بۆ من لەو چوکلێتانە خۆشتر بوون کە پێیان دەدام. منیش دەمەوێت وەک دایەگەورە، ژنان لەو خۆشی‌و شادیە بێبەش نەبن. هەر لەو تەمەنەوە ئه‌و حه‌زه‌م له‌لا گەڵاڵە بو، که ده‌مه‌وێت ببم به‌پزیشکی ژنانی دوگیان. ئیتر ئەمە ورده ورده وەک پشکۆیه‌ک لە‌ناخمدا هەرچی زێتر گەشایەوە. ئەو بەرپرسیارییەم زۆر زو لا دروست بو، که ئەوەندەی لەتوانامدایە، دەبێت یاوەری دەستپێکی ژیانی هەر مرۆڤێک بم، هەتا لەپێش لەدایکبونیدا. وه‌ک پزیشکێک گرنگی ئه‌م بەرپرسیارێیەتییە له‌وه‌دایه، که لەحاڵەتە هەستیارەکاندا ده‌بێت زۆر زو بڕیار بده‌یت، کەچی دەکەیت. رزگارکردنی کۆرپه‌له‌و ژیانی دایکه‌که، بڕیاردانی دەستبەجێ‌و دەستبەکاربوونی خێرای دەوێت. بۆ نمونه لەکاتی <ژەهراوی بون Pre-eclapmsie>ی حاڵەتی سکپڕیدا، گه‌ربێت‌و گومانی ئەمە له‌دایکه‌که بکرێت، ئەوا پزیشک ڕوبه‌روی دوڕیانێک ده‌بێته‌وه. ئایا دایکه‌که بخرێتە سه‌ر ژانی پێشوەخت‌و منداڵه‌که له‌دایکبێت‌و بەو شێوەیە ژیانی هه‌ردووکیان رزگار بکرێت یان چاوه‌روانی ژانی سروشتیی دایکەکە بکرێت؟
ئاوێنە: ئەو لێکۆڵینه‌وەی ئەنجام داوە له‌سه‌ر چییه؟
د. لەنگێزە: لێکۆڵینەوەکەم له‌سه‌ر نه‌خۆشی ژەهراویبوونە یان با بڵێین ئەو حاڵەتەی که ژن له‌کاتی دوگیانیدا توشی ده‌بێت. که ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردنی دایکه‌که یان کۆرپه‌لەکه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش نزیکی 3 ــ 5% ئەو ژنە سکپڕانە دەگرێتەوە. ژه‌هرایبونیش بریتییه له‌به‌رزبونه‌وه‌ی پەستانی خوێنی دایکه‌که، هه‌روه‌ها خراپ کارکردنی گورچیله. هۆکاری ئه‌م حاڵه‌ته‌ش تا ئێستا ناروونه‌و نه‌زانراوه، که بۆچی ئه‌م کێشه‌یه له‌کاتی سکپڕیدا ڕوده‌دات. لەهه‌ندێ حاڵەتەدا ئاسایی دەست دەبرێت بۆ خستنه سه‌ر ژانی ده‌ستکرد بۆ زوتر له‌دایکبونی کۆرپه‌که. بە‌له‌دایکبوونی کۆرپه‌که، نه‌خۆشییه‌که نامێنیت، به‌ڵام ئه‌م ژه‌هراویبونه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ژیانی کۆرپه‌لە، چونکه ئه‌ندام‌و ئۆرگانه‌کانی لەشی کۆرپه‌له له‌سکی دایکیدا هێشتا به‌ته‌واوی گه‌شه‌یان نه‌کردوه. خۆ ئه‌گه‌ر بێت‌و ئەو هەوڵە نەدرێت، ئەوا ئەگەری مردنی دایکه‌که هەیە. هەرچی چۆنێک بێت، ئه‌مە حاڵه‌تێکی مەترسیدارە چ بۆ دایکه‌که بێت یان بۆ کۆرپه‌لەکەی.
ئاوێنە: لەپەیوەند بەلێکۆڵینه‌وه‌که‌تدا، ئەرکێکی زۆرت کەوتۆتە سەر شان، دەکرێت زێتر بۆمان رون بکەیتەوە؟
د. لەنگێزە: لەپەیوەند بەم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌مدا، بۆ چه‌ندین جار به‌شداریم له‌کۆنفرا‌نسی وڵاتانی تردا کردوه‌و زۆر جاریش پرۆگرامی خۆمم پێشکه‌ش کردوه. له‌م نێوه‌ندا‌نەدا، پرۆگرامه‌کانم به‌پله‌ی زۆر باش هه‌ڵسه‌نگێنراون‌و پێنج جاریش خه‌ڵاتم وه‌رگرتوه. بۆ نمونه بۆ کۆنفرا‌نس له‌سه‌ر پەستانی خوێن سه‌فه‌رم بۆ میلان، بۆداپست، پاریس، ساوپاولۆ، واشنتن، سانفرانسیسکۆ…هتد کردوه. جیا له‌وه‌ش چه‌ندین وتاری زانستیم له‌گۆڤاره زانستییه‌کانی به‌ریتانیا‌و ئه‌مریکا بڵاوکردۆته‌وه.
ئاوێنە: پلانت بۆ ئاینده چیه؟
د. لەنگێزە: هه‌ر له‌دوای به‌ده‌ستهێنانی دکتۆراکه‌م، له‌دو زانکۆ کۆنتراکتی کارم پێدراوە. یەکێکیان کۆنتراکتە بۆ سێ ساڵ له‌زانکۆی هارفارد‌و ئەویتریان له‌لایه‌ن زانکۆی ئوکسفۆردەوە داوام لێکراوە، کاریان له‌گه‌ڵدا بکه‌م، به‌ڵام هێشتا بڕیارم نه‌داوه، کامه‌یان هه‌ڵبژێرم. ئێستا له‌زانکۆی ئیراسموس، مامۆستام‌و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و خوێندکارانە دەکەم که ماسته‌ر دەخوێنن.