نزیکەی دوو هەزار چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەی دەنگدان دەکەن
AM:11:07:09/05/2018
میترۆ، رووداو 
چاودێرانی نێودەڵەتیی ھاتوون تاوەکو لەلایەن تیمە تایبەتمەندەکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانەوە شێوازی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ببینن، هەزار و 765 چاودێری نێودەڵەتی و 299 راگەیاندنکار تاوەکو ئێستا ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە تاوەکو چاودێری و رووماڵی ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بکەن.

مەعن عەبد حنتوش، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەڵێت: "ئەمڕۆ ئامادەین وەک لیژنەی باڵای ئەمنی لەم کۆنگرەیە بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان کۆمیسیۆن و لیژنەی ئەمنی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و پاراستنی پێویست لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی، هەروەها چاودێرانی نێودەوڵەتیش ئامادەن بۆ بینینی شارەزابوون و شێوازی ئەمجارەی دەنگدان و ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان".

لە ھەولێر و بەغدا دوو بنکەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان تەرخانکراوە بۆ تۆمارکردنی ناوی چاودێرانی نێودەڵەتی، 10 ئەم مانگە دوا وادەی تۆمارکردنی چاودێرانە.

سەعید کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە رووداوی راگەیاند: "ئەرکی چاودێری نێودەوڵەتی ئەوەیە کە چاودێریی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بکات بێ ئەوەی تەداخولی پرۆسەکە بکات، بۆیان ھەیە ئەو ژمارانەی بە سندووقەکانەوەیە وەربگرن و سودی لێ ببینن، بەڵام بۆیان نییە بەھیچ شێوەیەک سەرنج و تێبینی بدەن بە کارمەندانمان و چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان".

بۆ رێگەگرتن لە ساختەکاری، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە ئامادەکاریی و گرتنە بەری رێوشوێنی تووندی ئەمنی، جگە لەوەی لە رێگەی مانگی دەستکردەوە ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی دەنگدان کۆدەکرێنەوە. زیاتر لە 130 ھەلیکۆپتەریش لە دوای کاژێر شەشی ئێوارەی ھەمان رۆژ، سندووقەکانی ئەلیکترۆنی دەنگدان دەگوازنەوە بۆ ناوەندی نیشتمانی لە بەغدا.