سه‌نته‌ری‌ میترۆ هێرش بۆسەر سەر تیمەكانی كوردستان تیڤی‌و خەندان ئیدانە دەكات
PM:06:52:10/05/2018

میترۆ، الهام خالد 
سەنتەری میترۆ ئیدانەی هێرشكردنە سەر تیمەكانی كوردستان تیڤی‌و خەندان دەكات، داواش دەكات رواڵەتەكانی توندوتیژی نەبنە مۆركی ئەم پرۆسەیە.

 دیاری محمد بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ  راگەیاند" دیسان رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرۆكی رۆژنامەنوسانی گرتەوە، بەپێی ئەو سكاڵایانەی كە پێمان گەیشتوە، هێرشەكان لەسلێمانی بەرامبەر بەخەندان‌و كوردستان تیڤی بوو".

بەیانی ئەمڕۆ لەرۆژی دەنگدانی تایبەتدا، لەبنكەی روناكی، گەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی هێرشكرایە سەر تیمێكی كەناڵی KTV.

شیلان فەرەج پەیامنێری كەناڵی‌ كوردستان تیڤی‌ بەمیترۆی وت، " پێش ئەوەی دەستبكەین بەروماڵ لەلایەن پاسەوانانی بنكەكە هێرشكرایە سەرمان" جەختیكردوە" بەبۆكس‌و شەق پەلاماریان داین‌و كامێراو مۆبایلی تایبەتی خۆشم شكێنرا".

هەوەها لە ناحیەی حاجیاوای سەر بەقەزای رانیە هێرشكرایە سەر تیمی رۆژنامەوانی كەناڵی خەندان.

تیمەكەی خەندان بریتی بون لەهێمن حەسەن بەرپرسی نوسینگەی كەناڵی خەندان لەرانیە، ئاوات عوسمان پەیامنێر، دانا سۆفی برایم، كامێرامانی خەندان.

 
دانا سۆفی رایگەیاند، لەبنكەی قوتابخانەی كۆژین لەحاجیاوا، لەلایەن پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان هێرشكراوەتە سەریان، وتی، " لێیانداین‌و قسەی ناشیرینیان پێ وتین‌و رێگەیان نەدا روماڵ بكەین".

ئەو هێرشە لەكاتێكدا بووە كە لەلایەن بەڕێوەبەری بنكەكەوە مۆڵەتیان پێدراوە روماڵی دەنگدانەكە بكەن.

هەروەها ئەمڕۆ لەكاتی روماڵكردنی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا هێرشكرایە سەر تیمی هەمان كەناڵ.

رێبین یار ئەحمەد، پەیامنێری كەناڵی خەندان رایگەیاند، لەكاتی روماڵكردندا لەبنكەیەكی دەنگدانی تایبەت لەتاسڵوجە پەلاماردراوە.

ئه‌و وتی‌، " بەهۆی هێرشەكەوە زیان بەكەلوپەلی تیمەكەمان گەیشتووەو دواتریش رێگریان لێكردوین".

بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند داوامان وایە كە رواڵەتەكانی توندوتیژی نەبنە مۆركی ئەم پرۆسەیەو هێزە ئەمنیەكان رێز لەیاساو پیشەی كاری رۆژنامەنوسی بگرن. جەختیكردەوە " ئەمانە پێشێلكاریی زەقی ئازادی رۆژنامەنوسین‌و ئێمە ئیدانەی دەكەین".